٩ حوزەیران ٢٠١٨ - ٠٨:٢٦
دوو تەقینەوە لە کەرکووک روویان دا

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمشەو دوو تەقینەوە لە شاری کەرکووک روویان دا و کوژراو و برینداریان لێکەوتەوە، دوو گوللە هاوەنیش ئاراستەی بارەگایێکی بەرەی تورکمانی کران.

کوردپرێس:

ئەفراسیاو کامیل وەیس، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئەمشەو بۆمبێک لە شەقامی قودس لە نزیک مزگەوتی ئەبڕار تەقییەوە، بەهۆیەوە کەسێک گیانی لە دەست دا و 7ی دیکەش برینداربوون.

دوای چەند خولەکێک تەقینەوەیێکی دیکەش رووی دا. ئەفراسیاو کامیل وەیس ئەم تەقینەوەیەشی پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند: "بۆمبێکی دیکەی چێنراو لە شەقامی بەغدا لە نزیک مۆڵی عائیلەتی تەقیوەتەوە، تاوەکوو ئێستاش زیانەکانی نازانرێن".

دوای ماوەیێک دوو گوللەهاوەن ئاراستەی بارەگایێکی بەرەی تورکمانی کران لە گەڕەکی موسەڵڵای کەرکووک، بەڵام تاوەکوو ئێستا نازانرێت کەوتنەخوارەوەی گوللەهاوەنەکان لەبەردەم بارەگاکە چ زیانێکی لێکەوتووەتەوە.

هاوکات تۆڕی میدیاییی ڕووداو لە زاری سەرچاوەیێکی سوپای عێراق رایگەیاند: "ئەمشەو لە شەقامی قودس بۆمبێک بە کاروانێکی پۆلیسدا تەقییەوە، بەهۆیەوە 11 کەس بریندار بوون، ژن و منداڵیش لەنێو بریندارەکاندان".

سەرچاوەکەی رووداو جگە لە پشتڕاستکردنەوەی تەقینەوەی دووەم و کەوتنەخوارەوەی گوللەهاوەنەکان هیچ زانیارییێکی لا نەبوو، بەڵام پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند تاوەکو ئێستا 11 بریندار گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی کەرکووک.

هەروەها ناوەندی راگەیاندنی ئەمنیی عێراقی، لە راگەیێندراوێکدا سێ هێرشەکەی کەرکووکی پشتڕاست کردە و لەبارەی ژمارەی قوربانییانش رایگەیاند: "بە هۆی تەقینەوەکەی شەقامی قودس ژنێک کوژراوە و 14کەس بریندار بوونە. لە تەقینەوەی دووەمیش کەسێک برینداربووە. هێرشی سێیەمیش بێ زیانی گیانی بووە".

News Code 15280

Your Comment

You are replying to: .
captcha