بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گەلی ئێران لە دوایین هەینیی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی قودس بە ئامادەبوونی بەشکۆ و بەربڵاویان لە ڕێپیوانی ڕۆژی جیهانی قودس و بە دروشمی " ڕۆژی جیهانیی قودس، سەرکەوتنی بەرەی خۆڕاگری، شکست هێنانی پیلانی ئەمریکایی- زایۆنی، ویست و ورەی بەرزی گەلی فەلەستین بۆ گەڕانەوە" هەر وەک ساڵانی ڕابردوو ، درووشمی "نەمان بۆ ئەمریکا، "نەمان بۆ ئیسراییل"، "نەمان بۆ ئالی سەعوود و خاینانی ناوچە" بەتایبەت بەکرێگیراوانی تەکفیری و داعش و بەردەوامیی درووشمی ئازادیی فەلەستین و قودسیان هەڵدا.
بەشداربووانی ئەو ڕێپێوانە هەروەها لە کاتێدا کە لافیتە و دەسنووسیان بە دەستەوە بوو دەستیان کرد بە ئیدانە کردنی داگیرکارییەکانی زایۆنییەکان و لەگەڵ ئارمانجی ئازادیی قودسی پیرۆز پەیمانیان نوێ کردەوە.
کاربەدەستانی دەوڵەت و بەرپرسانی باڵای سەربازیی کۆماری ئیسلامیی ئێران شان بە شانی گەلی مەزنی ئێران لەو ڕێپێوانەدا بەشدارییان کرد و هاواری داکۆکی لە گەلی چەوساوەی فەلەستیان بەرز کردەوە و جەنایەتە دژە مرۆییەکانی ڕژێمی داگیرکەری زایۆنییان ئیدانە کرد.
ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانی قودس هاوکات لە زیاتر لە ٩٠٠ شاری ئێران بەڕێوە چوو و پێنج هەزار و ٣٠٠ هەواڵنێری ناوخۆیی و بیانی ئەم ڕێپێوانەیان لە سەرانسەری ئێران ڕوماڵ کرد تا تووڕەیی ئۆمەتی ئیسلامی لە گوێزرانەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا بۆ قودسی شەریف لە حەفتاهەمین ساڵی پێکهاتنی ئەم ڕژێمە نایاساییەدا بخەنە بەرچاوی هەموو جیهان.
لە کۆتایی ڕێ و ڕەسمی ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانی قودسدا بەشداربوان بە دەرکردنی بەیاننامەیێک، دیسان جەنەیاتەکانی ڕژێمی زایۆنی، گرووپی تیرۆریستیی داعش و هەروەها داکۆکیکارانیان بە سەرکردایەتیی ئەمریکایان ئیدانە کرد و داکۆکی خۆیان لە خۆڕاگریی گەلی چەوساوەی فەلەستین ڕاگەیاند.
بەشداربووانی ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانیی قودس بە ئیدانە کردنی بڕیاری نایاسایی سەرۆک کۆماری ئەمریکا لەمەڕ گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەم وڵاتە بۆ بەیتولموقەدەس و شەرعییەت دان بە قودسی پیرۆز وەکوو پێتەختی ڕژێمی زایۆنی، ڕایانگەیاند: ئازادیی بەیتولموقەدەس و داکۆکی لە گەلی موسڵمان و زوڵم لێکراوی فەلەستین ئێستایش هەر ئەولەوییەتی سەرەکیی جیهانی ئیسلامە و هەر هەنگاوێک کە بیهەوێ ئەو ئەولەوییەتە بخەوشێنێ و بیر و ڕای گشتیی ئۆمەتی ئیسلامی لە سەر ئەو ئەولەوییەتە نەهێڵێ، ئیدانە دەکرێ.
بەشداربووانی ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانیی قودس بە ئیدانە کردنی پیلانی ناسراو بە سەودای سەدە، جەختیان کرد: تەنیا ڕێگاچارەی کێشەی فەلەستین گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکان، بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمێکی گشتداگر و ئازاد و هێنانەدیی ستراتژیی فەلەستین «من البحر الی النهر» بووە و هەرچەشنە ڕێگاچارەیەکی بەدیل بۆ بەردەوام کردنی داگیرکاریی و جەنایەتی جێی شەرمەزاریی ڕژێمی ساختەی زایۆنی، دەبێتە هۆی بنپێ کرانی مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین.
لە بڕیارنامەی کۆتایی ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانیی قودس جەخت کراوە: چاوەڕێ دەکرێ مەرجەعە ئایینییەکان، زانایانی ئایینی و ناوەندە ئایینییەکانی جییهانی ئیسلام بە لەقاو دانی پیلانگێڕییەکانی ئەمدواییەی ئەمریکا، ڕژێمی زایۆنی و پشتیوانانی ناوچەیی و واوە ناوچەییان، هەوڵی سەرانی دواکەوتووی ژمارێک وڵاتی ئیسلامی و عەرەبی بۆ سازان و ئاسایی کردنەوەی پێوەندی لەگەڵ داگیرکەرانی قودسی شەریف، ئەو کردەوانە ئیدانە بکەن و ئەرک وئەستۆگریی مێژوویی و شەرعیی خۆیان بەرامبەر بەو مەسەلە بەجێ بێنن.
بەشداربوانی ڕێپێوانی ڕۆژی جیهانیی قودس هەروەها شکست هێنانی پیلانی داعش و تیرۆریستانی تەکفیری لە ئێراق و سووریا، ناکامیی ڕژێمی ئالی سەعوود لە شەڕ و دەسدرێژی بۆ سەر گەلانی چەوساوە و خۆڕاگری یەمەن و بەحرەین وێرای داکۆکیی هاوبەشی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی و پاڵپشتی کردنیان لە عەرەبستان ، لە دەسکەوتە گەورەکانی بەرەی خۆڕاگری ئیسلامیی هێنایە ئەژمار و جەختیان کرد: ڕێگا نادەن دوژمنانی ئیسلام بە کێشەنانەوە و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدا بردنی بیر و ڕای گشتیی موسڵمانان و دووبەرەکی و کەلێن نانەوە لە نێو ئۆمەتی ئیسلامیدا، توانا و پوتانسییەلەکانی جیهانی ئیسلام بکەنە قوربانیی قازانج و ئاسایشی داگیرکەرانی زایۆنی.
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment