کاردانەوەی لایەنەکان بەرامبەر بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکان لەلایەن پەرلەمانى عێراقەوە، کاردانەوەى بەشێک لە پارت و لایەنە سیاسییەکانى لێکەوتەوە، بەشێک لەو لایەنانە پێشوازییان لێکرد، بەشێکیان دژی بڕیارەکە هەڵوێستیان نواند و بەشێکى دیکەشیان تا ئێستا هیچ لێدوان و ڕاگەیەندراوێکیان لەو بارەیەوە نەداوە.

کوردپرێس:

ڕۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق بە ئامادەبوونى ١٧٣ پەرلەمانتار دانیشتنێکی نائاسایی ئەنجامدا و تیایدا یاساى هەڵبژاردنەکانى هەموارکردەوە، کە بەپێی هەموارەکە کارەکانی ئەندامانی ئەنجومەنى کۆمسیاران هەڵپەسێردران و نۆ دادوەر لە شوێنیان دادەنرێن.

هەر بەپێی هەموارەکە، لە ١٠٠%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنى ١٢ى ئایار بە دەست هەژمار دەکرێنەوە و دەنگدانى دەرەوەی وڵات و مەرجدارى ئاوارەکان و دەنگدانى تایبەتى هەرێم جگە لە دەنگى تایبەت بە کورسی کۆتاکان هەڵوەشێنرانەوە.

ئەو هەنگاوەى پەرلەمان هەر زوو لەسەر ئاستى هەرێم و عێراق کاردانەوەى لێکەوتەوە، بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان خۆشحاڵى خۆیان بەو بڕیارانە دەربڕى و داوایانکرد بڕیارەکان وەک خۆیان جێبەجێبکرێن.

شەش لایەنی ناڕازیی هەرێم

لە هەرێمى کوردستان هەریەکە لە نەوەى نوێ، گۆڕان، کۆمەڵ، یەکگرتوو، هاوپەیمانی و نەوەی نوێ، پشتگیریی خۆیان بۆ بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق دەربڕی.

چەند کاتژمێرێک دواى بڕیارەکەى پەرلەمانى عێراق جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیى لە بڕیارەکە کرد.

کازم فاروق وتەبێژی جووڵانەوەکە ڕایگەیاند، پێشوازی لە هەنگاوە مێژووییەکەی پەرلەمانی عێراق دەکەن و دەستخۆشیشی لە هەوڵی ڕاستەقینەی سەرجەم لایەنەکان دەکەن کە کاریان بۆ بەئەنجامگەیاندنی سەرجەم فشارەکان کردووە.

دەشڵێت، لە ئێستاوە ئەرکی هەموو لایێک ئەوەیە چۆن بتوانن کاربکەن بۆ دۆزینەوەی دەنگە ڕاستەقینەکانی ناو سندووقەکان.

هاوکات شەش لایەنەکەش لە ڕاگەیەندراوێکدا، پشتگیریی خۆیان ڕاگەیاند بۆ هەنگاوەکانى پەرلەمان بۆ هەژمارکردنەوەى دەنگەکان بە دەست کە بە گرنگ و مێژوویی ناویان بردووە.

هەروەها داوایان لە لایەنە دادوەرییەکانی عێراق کرد بۆ پاراستن و گیڕانەوەی ماف بۆ خاوەنەکانیان ڕۆڵی تەواوەتى خۆیان بگێڕن.

بە پێچەوانەى ئەو لایەنانەوە، پارتى و یەکێتى کە لە هەرێمى کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان تۆمەتى ساختەکارییان ڕووبەڕووکراوەتەوە لە هەڵبژاردندا، دژى هەنگاوەکانى پەرلەمانى عێراق وەستاونەتەوە.

ڕۆژى پێنجشەممە هەردوو مەکتەبى سیاسیى پارتى و یەکێتى لە شارى هەولێر کۆ بوونەوە و دانیشتنەکەى پەرلەمانى عێراق و هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنیان ڕەتکردەوە و بە ئینفیعالیی ناویان بردووە.

یەکێتی و پارتی

پارتى و یەکێتى لە ڕاگەیەنراوێکى هاوبەشدا ئاماژەیان بەوەش کردووە، هه‌ڵوه‌شاندنه‌ى ده‌نگدانى تایبه‌تى له‌ هه‌رێمى كوردستان ڕه‌تدەکەنەوە.

هاوکات سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژى یەکێتى لە کۆنگرەیێکى ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارى پەرلەمانى عێراق بۆ هەژمارکردنەوەى دەنگەکان بە دەست نایاساییە و ڕەتی دەکەنەوە و تانەى لێدەدەن.

سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی ڕایگەیاند، حزبەکەی بڕیارەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەبارەت بە هەمواری یاسای هەڵبژاردن و بژاردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ڕەت دەکاتەوە.

هەر دوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە شاری هەولێر کۆ بوونەوە و دوای کۆبوونەوەکەش سەعدی پیرە لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیێکی "چڕوپڕ"یان ئەنجام داوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، یەکێتی و پارتی پڕۆژەیێکی هاوبەشیان هەیە بۆ قسەکردن لەگەڵ لایەنەکانی تر سەبارەت بە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دوایین بڕیارەکانی پەرلەمان لەو بارەیەوە.

وتیشی، "وەک یەکێتی بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە ژماردنەوەی دەستیی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ١٢ی ئایار ڕەت دەکەینەوە".

سەعدی ئەحمەد پیرە ڕاشیگەیاند، "بڕیارى پەرلەمانى عێراق بۆ هەژمارکردنەوەى دەنگەکان بە دەست نایاساییە و تانە لە بڕیارەکانى پەرلەمانى عێراق دەدەین".

هاوکات ڕاگەیاندنی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە بەیاننامەیێکدا داوای کرد، "دادگای دەستووری بەپەلە دادوەری خۆی لەسەر کۆی کێشە دەستووری و یاساییەکان و دەسەڵاتەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رابگەیەنێت و لایەنە سیاسییەکانیش ئارامتر مامەلە لەگەڵ رووداوەکان بکەن".

ئەوەشی خستەڕوو، یەکێتی چاوەڕوانە تا نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دۆستی عێراق، ھەوڵەکانیان بخەنەگەر بۆ یارمەتیدانی لایەنە سیاسیەکانی عێراق بۆ ئەوەی ڕێگەچارەیێکی دەستووری و یاسایی ڕاستەقینە بدۆزرێتەوە کە دوور بێت لە هەڵچوون و کاردانەوە.

جەختی لەوەش کردووەتەوە، لێکتێگەیشتنی هێز و لایەنەکانی کوردستان بە ئەرکی گرنگ دەزانێت بۆ ئەوەی بەشێک بن لە چارەسەر نەک کێشەکانی ناوخۆ قوڵ بکەنەوە و بکەونە ناو کێشمەکێشەکانەوە.

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕایگەیاند، بێدەنگ نابن و مافی دەستوری خۆیان بەکاردەهێنن و تانە لە بڕیارەکەى پەرلەمان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەدەن.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاندووە، بڕیارەکەى پەرلەمان نایاساییە و دژە بە دەستوور و یاسای کۆمسیۆنی ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠٠٧ بۆیە ڕەتیدەکەنەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە چوارچێوەى یاسا و دەستوردا هاوکاری تەواوەتی ئەنجومەنى باڵای دادوەری دەکەن بۆ ئەوەى کارەکانى بە پێی دەستوور بکات و دژیش نین بە بژاردنەوەى دەنگەکان بە دەست.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانى عێراق ڕاشیگەیاندووە، "ئێمە کەمتەرخەم نەبووین و بە شێوەیەکى یاسایی کارەکانمان کردووە و لێکۆڵینەوەمان لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە کردووە کە ئەرکەکانیان جێبەجێ نەکردووە.

لە سەر ئاستی عێراق

لەسەر ئاستى عێراقیش، هەریەکە لە دەوڵەتى یاسا و هاوپەیمانى هێزە سونییەکان و هاوپەیمانیی نیشتمانی کە ئەیاد عەلاوى سەرۆکایەتى دەکات پاڵپشتیى خۆیان بۆ هەموارکردنەوەى یاساى هەڵبژاردنەکان دەربڕى.

بەشێک لە ئەندامانى بەرەی حیکمە و بەدر و تەواوى ئەندامانى ئەنجومەنى ئیسلامى پاڵپشتى بڕیارەکانى پەرلەمانیان کرد، تائێستاش هێز و لایەنە سیاسییەکانى دیکەى عێراق هەڵویستى خۆیان لەوبارەیەوە ڕانەگەیاندووە.

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 15268

Your Comment

You are replying to: .
captcha