داعش هێرش ده‌کاته‌ سه‌ر دوو گوندی ناحیه‌ی جه‌باره‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌ره‌به‌یانی‌ ئه‌مڕۆ چه‌كدارانی‌ گرووپی‌ تیرۆریستیی داعش په‌لاماری‌ دوو گوندی سنووری‌ ناحیه‌ی‌ جه‌باره‌یان دا و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ژماره‌یێک هاووڵاتی بریندار بوون، هێزێكی‌ یه‌كێتیش به ‌ئاراسته‌ی‌ ئه‌و سنووره‌ جووڵه‌ی‌ پێكرا و توانرا كۆنترۆڵی‌ دۆخه‌كه‌ بكرێت و په‌لاماره‌كه‌ی‌ داعش تێکبشكێندرێت، به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتیش ئاشكرای ده‌كات، چه‌كدارانی‌ داعش له‌دوای‌ چوونی‌ هێزه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی، هه‌ڵاتوون.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د حاجی عومه‌ر لێپرسراوی كۆمیته‌ی قه‌ره‌ته‌په‌ی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتیمانیی‌ كوردستان به ‌SNNی‌ ڕاگه‌یاند: "شه‌وی ژماره‌یێک چه‌كداری گرووپی‌ تیرۆریستیی‌ داعش په‌لاماری‌ هه‌ر دوو گوندی (گڵابادو ئاشتۆكان)یان دا، گوندی گڵاباد كوردنیشن و ئاشتۆكانیش توركمانییه‌، سه‌ره‌تا داعش گه‌مارۆی گونده‌كه‌یاندا".

وتیشی‌: "دواتر له ‌لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكی‌ خۆبه‌خشی سنووره‌كه‌وه‌ پۆلیسی ناحیه‌ی‌ جه‌باره‌ ئاگادار كرایه‌وه‌، دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ پۆلیس گه‌یشته‌ ئه‌و دوو گونده‌، چه‌كدارانی‌ داعش چه‌ند گوله‌ هاوه‌نێكیان ئاراسته‌ی‌ گوندی ئاشتۆكان كرد به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ژماره‌یێک هاووڵاتیی گونده‌كه‌ بریندار بوون".

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی ئاشكراشی كرد: له ‌كاتی‌ چوونی‌ هێزه‌كانی‌ پۆلیسی ناحیه‌ی‌ جه‌باره‌ بۆ ئه‌و دوو گونده‌ بۆمبێكی‌ چێندراو به‌و هێزه‌دا ته‌قیه‌وه‌ و سه‌ره‌نجامیش ئه‌فسه‌رێكی‌ پۆلیسی بنكه‌ی‌ جه‌باره‌ كه‌ كورده‌، شه‌هید بوو.

ئه‌وه‌شی‌ ڕوون كرده‌وه‌: دوای‌ به‌رده‌وامی‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ چه‌كدارانی‌ داعش و پۆلیسی جه‌باره‌ له‌ سنووری‌ ئه‌و دوو گونده‌، دواتر فه‌وجی‌ سێی‌ لیوای‌ 136ی گه‌رمیانی‌ یه‌كێتیی نیشتیمانیی‌ كوردستان به ‌ئاراسته‌ی‌ ئه‌و دوو گونده‌ جووڵه‌یان پێكرا، دوای‌ زیاتر له ‌یه‌ک كاتژمێر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ چه‌كدارانی‌ داعش هه‌ڵاتن".

به‌رپرسه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیی له‌ قه‌ره‌ته‌په‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "ئێستا دۆخی‌ ناوچه‌كه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌، له‌دوای‌ قاره‌مانێتیی‌ خه‌ڵكی‌ گونده‌كه ‌و هێزه‌كانی‌ پۆلیس و چوونی‌ هێزه‌كه‌ی‌ یه‌كێتیش، چه‌كدارانی‌ داعش به‌ره‌و سنووری‌ حه‌مرین و غه‌ڕه‌ هه‌ڵاتوون و نه‌یانتوانیوه‌ زیاتر بمێننه‌وه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15228

Your Comment

You are replying to: .
captcha