به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش تاکه کاندیدی هه‌ده‌په و کورده بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی تورکیا که کێبرکێ له‌گه‌ڵ پێنچ کاندیدی دیکه ده‌کات بۆ گه‌یشتن به کۆرسیی سه‌رۆکایه‌تی که بڕیاره ٢٤ ئه‌م مانگه به‌رێوه بچێت.
جیاواز له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ساڵی ٢٠١٤ که ئه‌وکات ده‌میرتاش له نێو ئاپۆرای خه‌ڵک و لایه‌نگر و ئه‌ندامه‌کانی شار به شار ده‌گه‌ڕا و به ئازادانه بانگه‌شه‌ی ده‌کرد به‌ڵام بۆ ئه‌م خوله‌ی سه‌رۆکایه‌تی، کاندیده‌که‌ی هه‌ده‌په له نێو فرمێسک و خه‌نده‌ی هاوسه‌ر و دایک و باوک و به‌شێک له که‌سوکاره‌که‌ی له رێگه‌ی ته‌له‌فۆنه‌وه له زیندانی ئه‌درنه‌وه یه‌که‌م په‌یامی بانگه‌شه‌ی خۆی وه‌کوو کاندیدی بڵاو کرده‌وه و ڕایگه‌یاند:
ئێستا هه‌موومان به ئومێدێکی زیاتر و به په‌رۆشێکی زیاتر و به جۆش و خرۆشێکی زیاتره‌وه خۆمان بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده ئه‌که‌ین.
من لێره له نێو چوار دیواردام به‌ڵام ئه‌زانم هه‌زاره‌ها ده‌میرتاش له کێڵگه‌کان، هۆتێلهکاندان له ئیش ده‌رکراون، ده‌میرتاش، گه‌نجه ئافره‌ته مندااڵه، تورکه،کورده، چه‌رکه‌زه،پۆماکه بۆشناکه،عه‌له‌وییه سوننه‌یه، ده‌میرتاش له هه‌ڵپه‌رکێ و بۆنهکاندایه، ئه‌وه‌ی له ئیدرنه‌وه ده‌ستگیر کراوه ئه‌و نییه، ئێوه ده‌میرتاشن.
جیاواز له ڕکابه‌ره‌کانی که له ڕووی دابین کردنی میدیا و گۆڕه‌پانی گه‌وره و ئاماده‌کردنی میتینگی به‌رفراوان بێ که‌م وکوڕین، ده‌میرتاش ته‌نها له رێگه‌ی تۆره کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و ته‌له‌فۆن و نامه‌وه ڕوو به ڕووی ڕکابه‌ره‌کانی ده‌بێته‌وه وه‌کوو خۆشی ده‌ڵێت: ده‌توانم له یه‌ک کاتدا ده‌نگی خۆم به شه‌ش ملیۆن که‌س بگه‌یێنم له هه‌ژماری تویته‌ری تایبه‌ت به خۆم.
ده‌میرتاش له درێژه‌ی قسه‌کانیدا ده‌ڵێت، باوه‌ڕتان به خۆتان هه‌بێت، یاری خۆتان بکه‌ن و بڵێن ده‌نگمان بۆ هه‌ده‌په و ده‌میرتاشه.
ده‌میرتاش که ماوه‌ی ساڵ و نیوێکه له زینداندایه و به فه‌رمی له لایه‌ن ھه‌ده‌په‌وه کاندید کرا بۆ ھه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تیی تورکیا ئاماژه‌ی به‌وه کردبوو، بۆ گه‌ره‌نتی کردنی ھه‌ڵبژاردنێکی ئازاد و دادپه‌روه‌ر، پێویسته له زیندان ئازاد بکرێت، ئه‌گه‌رنا زیندانیکردنی پیشێلکاری ده‌ستورییه. به‌ڵام داوه‌که‌ی له لایه‌ن دادگاوه ڕه‌ت کرایه‌وه.
سه‌لاحه‌دین ده‌میرتاش که ئێستا ته‌مه‌نی ٤٥ ساڵه، له ڕۆژى ٤ى تشرینی دووه‌می ساڵی ٢٠١٦ و له لایه‌ن پۆلیسی تورکیاوه به تۆمه‌تی تیرۆر ده‌ستگیر کراوه و ئێستا ساڵ و نیوێکه له زینداندایه.
کاندیدکردنی ده‌میرتاش بۆ سه‌رۆکایه‌تیی کۆماری تورکیا له کاتێکدایه پێشتر له هه‌ڵبژاردنى ساڵی ٢٠١٤دا کاندیدى سه‌رۆکایه‌تى بوو توانی له‌سه‌دا 9.7 ده‌نگه‌کان به‌ده‌ست بهێنێت.
سه‌رچاوه: NRT
کۆدی هه‌واڵنێر: 60104
Your Comment