تورکیا پەنابەرانی کورد ڕادەستی تیرۆریستان دەکات

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەرانی عێراق ڕادەست کردنی ژمارەیێک پەنابەری کورد بە بەرەی نوسرە لەلایەن تورکیاوە ئاشکرا دەکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاری جەلال سەرپەرشتیای گشتیی فیدراسیۆنی سەرتاسەریی پەنابەران ڕایگەیاند: "جارێکی دیکە لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانی تورکیاوە ژمارەیێک لە پەنابەرانی کورد لە نزیک خاڵی سنووری تورکیا بۆ یۆنان دەستگیرکراون و دواتر ڕاستەوخۆ ڕادەستی چەکدارانی بەرەی نوسرە کراون لە سووریا".

ناوبراو وتیشی:"بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستماندایە ژمارەی پەنابەرەکان حەوت کەسە و سەرجەمیان کوردن و دانیشتوی پارێزگاکانی ھەرێمن".

سەبارەت بە ھۆکاری دەستگیر کردن و ڕادەست کردنی ئەو پەنابەرانە بەو گرووپە تیرۆریستیە لە سووریا، ئاری دەڵێت: "ئەو پەنابەرە کوردانە بۆ ئەوەی ئازاد بکرێن خۆیان بە سووری لەقەڵەم داوە، تورکیاش ڕادەستی ئەو گرووپەی کردوون لە خاڵی سنووری بابل ھوا لە سووریا".

ناوبرا ئەوەشی ڕوون کردۆتەوە،"بەمەبەستی پاراستنی ژیانی ئەو پەنابەرانە لایەنە پەیوەندیدارەکانمان لە سووریا و ھەرێمیش ئاگادار کردۆتەوە، داوامان لێکردون ھاوکارمان بن لە دیاری کردنی چارەنووسیان و گەڕانەوەیان بۆ ھەرێمی کوردستان".

لە پەیامێکیشدا بۆ پەنابەرانی کورد ئاری جەلال داوادەکات "بەھیچ شێوەیێک نەکەونە ژێر کاریگەری قاچاخچیەکان بۆئەوەی خۆیان بەسووری لەقەڵەم بدەن لەکاتی دەستگیرکردنیاندا و وابزانن ئازاد دەکرێن.

ئەوەشی وت: "ئێستا بڕیاری نێودەوڵەتی ھەیە و دەبێت جێبەجێ بکرێت لەلایەن تورکیاوە بۆ ڕێگری کردن لە چوونی بەلێشاوی پەنابەران بۆ وڵاتانی ئەورووپا، دوای دەستگیر کردنی پەنابەرەکان، ڕاستەوخۆ دیپۆرتی وڵاتەکانی خۆیان دەکرێنەوە بەھاوڵاتی سووریشەوە، بۆیە کەس نەڵێت من خەڵکی سووریام".

سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 15197

Your Comment

You are replying to: .
captcha