موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ به‌ڵێنی چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌ی كورد ده‌دات

بەشی تورکیا- موحه‌ڕه‌م ئینجه‌، كاندیدی پارتی گه‌لی كۆماری "جه‌هه‌په‌" بۆ پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا به‌ڵێنی دا، كێشه‌ی كورد له‌ په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بكات و گوتی: "ئۆپۆزسیۆنی سه‌ره‌كی له‌ په‌رله‌مان لێژنه‌یێک له‌ نوێنه‌رانی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێكده‌هێنێت".

کوردپرێس:

به‌گوێره‌ی رۆژنامه‌ی "حوڕییه‌ت ده‌یلی نیوز"ی توركی، كاندیدی ئه‌و حزبه‌ی ئۆپۆزسیۆنی توركیا له‌ لێدوانه‌كه‌یدا له‌ شاری وانی كوردستانی تورکیا دووپاتی كرده‌وه‌، "كێشه‌ی كورد كێشه‌یێكی دیموكراتیی، ئازادی، رۆشنبیری و ئابوورییه‌، به‌ڵام له‌پێشه‌وه‌ی هه‌موویان كیشه‌یێكی ئه‌خلاقی سیاسییه‌".

وه‌ك ئه‌و رۆژنامه‌یه‌ بڵاوی كره‌وه‌، له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، ئینجه‌ ره‌خنه‌ی توندی له‌ په‌یڕه‌و و رێبازی حزبی داد و گه‌شه‌پێدانی توركیا "ئاك پارتی"ی گرت و گوتی: "ئه‌گه‌ر بووم به‌ سه‌رۆكی توركیا، كه‌ باوه‌ڕیشم هه‌ر وایه‌ سه‌رده‌كه‌وم، ئه‌وا كێشه‌ی كورد له‌ وڵاته‌كه‌م چاره‌سه‌ر ده‌كه‌م"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یێک بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ تائێستا حزبه‌كه‌ی ئه‌ردوغان نیازی چاره‌سه‌ركردنی كیشه‌ی كوردی نه‌بووه‌.

ئه‌م لێدوانه‌ی موحه‌ڕه‌م ئینجه‌ دوای ته‌نیا رۆژێك له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردوغان، سه‌رۆك كۆماری توركیا بۆ شاری دیاربه‌كر هاتووه‌، كه‌ دوێنێ له‌و شاره‌ كوردییه‌ ئه‌ردوغان جه‌ختی كرده‌وه‌، "هیچ كێشه‌یێک به‌ناوی كێشه‌ی كورد له‌ئارادا نییه‌ و نابێت هیچ كه‌سێك له‌ناو خاكی توركیا به‌دوای ده‌وڵه‌تی كوردیدا بگه‌ڕێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60101

News Code 15191

Your Comment

You are replying to: .
captcha