پێویستە هەرچی زووە، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەپێی نەخشەڕێگەی ماددەی ١٤٠، چارەسەر بکرێ

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە میانی پێشوازی کردنی لە جێگری بەرپرسی هێزی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا ڕایگەیاند پێویستە هەرچی زووە، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەپێی نەخشەڕێگەی ماددەی ١٤٠، چارەسەر بکرێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەمڕۆ دووشەممە ٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨، مەسروور بارزانی، ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جەنەڕاڵ وۆڵتەر پایت، جێگری بەرپرسی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و شاندی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا دوا پەرەسەندنە ئەمنی و سیاسییەکانی عێراق و جموجۆڵەکانی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش لەناوچە ڕزگارکراوەکان بە گشتی و دەورووبەری کەرکووک بەتایبەتی تاوتوێ کرا و گفتوگۆیان لەبارەی قۆناغی داھاتووی روبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان کرد.

مەسروور بارزانی هەر لەو دیدارەدا ئاماژەی بە رەوشی پێشووی پارێزگای کەرکووک دا و جەختیشی لەوە کردەوە: پێویستە ھەرچی زووە، بەپێی نەخشەرێگەی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، دۆخی ئەو ناوچانە چارەسەر بکرێن و هاوکات ئاماژەی بە گرینگیی دروست کردنەوەی متمانە لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراق دا.

ھەر لەو دیدارەدا ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان دووپاتی لە پابەندبوونی ھەرێمی کوردستان لە بەردەوامیدان بەشەڕی تیرۆریستان کردەوە.

هەر لەم دیدارەدا جەنەڕاڵ وۆڵتەر، پوختەیێکی لەبارەی پلانی ھێزی ھاوپەیمانان بۆ مەشق و راھێنان بە ھێزەکانی پێشمەرگە خستەڕوو و ھەردوولاش رێککەوتن لەسەر بەردەوامیدان بەو گفتوگۆ راوێژکارییانە لەبارەی پرسە گرینگەکان کە جێگەی بایەخی ھاوبەشن.

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 15179

Your Comment

You are replying to: .
captcha