بەپێی هەواڵی کوردپرێس، كرمانج عیزەت، قائیمقامی قەزای سۆران، ڕایگەیاند: چەكدارانی توركیا كە هاتبوونە گوندی بەرمیزەی ناوچەی برادۆست، بۆ دڵنیاییكردنەوەی دانیشتوانی ناوچەكە بوو، كە ئامانج لە جێگیربوونیان لە ناوچە سنوورییەكان، بۆ دژایەتی كردنی هاوڵاتییان نییە، بەڵكوو تەنها بۆ شەڕكردنە لەدژی پەكەكە.
لەپەیامێكیشدا بۆ هاوڵاتییان، قائیمقامی سۆران دەڵێت: "هاوڵاتییان بەبێ هیچ هۆكارێک ترسێندراون و بابەتی نانخواردنی هێزەكەی توركیاش لە گوندی بەرمیزە، گەورە كراوە و مەترسی ئەنجام دانی لەشكركێشی و ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیاش بۆ ناوچەكەمان لە ئارادا نییە".
سەبارەت بەئەنجامدانی هێرشی زەمینی سوپای توركیا بۆ ناوچەی قەندیل بەبیانووی لێدان لە گەریلاكانی پەكەكە، كرمانج عیزەت ئاماژەی بەوە كرد، توركیا هیچ مەبەستێكی نییە بۆ ئەنجامدانی لەشكركێشی، هێرش كردنە سەر قەندیل-یش بەو ئاسانییە نییە و پێویستی بە هێزێكی گەورە هەیە، كە لە 200 هەزار چەكدار تێپەڕ بكات.
سەرچاوە: تۆڕی هەواڵی سلێمانی
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment