کوردپرێس:
ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەکالەت ئەمڕۆ لە کۆنگرەیێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیارێکی بەپەلە بووە لەلایەن ئەو دادوەرانەی کە ئەمڕۆ لە دادگای لێکۆڵینەوەی کەرکووک بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ دەرکردووە.
ناوبراو ئەوەشی ڕاگەیاند "فەرمانی دەستگیرکردنەکەم لەسەر سکاڵایێکی هەندێ لە ئەندامانی بەرەی تورکمانی بووە، کە گوایە من مووچەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک وەردەگرم لەکاتێکدا من بە وەکالەت سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگام".
باسی لەوەش کرد "سکاڵاکە زۆر ئیدارییە و بێ کێشەیە بۆ من، چونکە بەپێی بڕیارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە ژمارەی (٣٧١)ە و لە ساڵی ٢٠٠٩ بڵاوبووەتەوە کە من ئەو مووچەیە وەربگرم".
ڕێبوار تاڵەبانی، هۆکاری نیشتەجێنەبوونی لە شاری کەرکووک گەڕاندەوە بۆ ناجێگیربوونی بارودۆخی ئەمنی لە شارەکە بەتایبەت دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر.
وتیشی، لەکاتی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر ماڵەکەی وێران کراوە و ئۆتۆمبێلەکانی سووتێنراون بۆیە لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووە.
تاڵەبانی ئەوەشی خستە ڕوو، پێنج مانگ پێش ئێستا سکاڵایێکی دەستوورییان دژی ئەو بارودۆخەی کە لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە دروست بووە لە دادگای فیدراڵی تۆمار کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی سکاڵاکانیان نەدراوەتەوە.
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رێبوار تاڵەبانی داوای لە لیستی برایەتیی کەرکووک کرد کۆبوونەوەیێکی بەپەلە رێک بخەن بۆ ئەو بڕیارانەی کە پارێزگای کەرکووک لە دوای ڕووداوەکانی ١٦ ئۆکتۆبەرەوە دەری کردووە.
هاوکات ئێوارەی ڕۆژی ڕابردوو دادگاى لێکۆڵینەوەى کەرکووک لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، بەپێى مادەى ٣٣١ لە یاساى سزادانى عێراقى فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ڕێبوار تاڵەبانى دەرکراوە.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment