کوردپرێس:
نووسینگەی ڕاگەیاندنی حەیدرەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیێکدا ڕایگەیاند، ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئاسایشی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتیی عەبادی کۆ بووەتەوە بۆ تاوتوێکردنی دیاردەی کەمبوونەوەی ئاو لە عێراق دا.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەنجومەن گوێبیستی کورتەیێک لە وتەکانی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بوو، کە پلانی چارەسەرکردنی کەمبوونەوەی ئاوی لەخۆ دەگرت بۆ ئەم وەرزی هاوینە.
هەروەها ئاماژە بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کرا لەسەر ئاستی داهاتی ئاو و ئەو ڕێوشوێنانەی کە وڵاتانی هاوسێ گرتوویانەتە بەر بەتایبەتیش پڕکردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ لە تورکیا.
هەروەها ئەنجومەنەکە چەند بڕیارێکی دەرکرد سەبارەت بە بەهێزکردنی ئاسایشی ئاو لە ماوەی ئەم وەرزی هاوینەدا، کە خۆی دەبینێتەوە لە دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ هاووڵاتییان و ئاودێری، لەگەڵ لەبەرچاوگرتنی چۆنێتیی بەکارهێنانی ئاو.
ئەوە لەکاتێکدایە بەهۆی گرتنەوەی ئاوی زێی بچووک لەلایەن ئێران و ڕووباری دیجلە لەلایەن تورکیا، بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕووبەڕووی کەمئاوی بوونەتەوە و لە هەندێک ناوچەی عێراق، هاووڵاتییان بە پیادە بەناو ئاوڕێژی ڕوباری فوراتدا لەم بەر بۆ ئەو بەر پەڕیونەتەوە.
هاوکات هەر ڕۆژی 4ی حوزەیران پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیێکی بەپەلەی لەسەر ئەو بابەتە سازکرد و بڕیاری دا بە بانگهێشتکردنی باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، بۆ گەیاندنی داخوازیی عێراق بەلایەنی بەرامبەر بۆ بەردانەوەی ئاوی ڕووباری دیجلە، هەروەها پەرلەمان داوای لە پەرلەمانی تورکیا کرد، بڕیار بدات بۆ ئەوەی پڕکردنەوەی بەنداوی ئەلیسۆ بۆ ماوەی ٣ مانگی دیکە دوابخات.
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment