په‌رله‌مانتاران له‌سه‌ر هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو هه‌رێم هه‌ڵوێست ڕاده‌گه‌یێنن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌سه‌ر هاتنی سوپای توركیا بۆ ناو هه‌رێم هه‌ڵوێست ڕاده‌گه‌یێنن و داوا له‌ ده‌وڵه‌تی عێراق و حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن داپه‌ڕه‌ پێویسته‌کان بۆ ده‌رکردنی ئه‌و هێزانه‌ ئه‌نجام بده‌ن كه‌ ئه‌و پرسه‌ چه‌ند ڕۆژێکه‌ مشتومڕی دروست كردوووه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 2ی حوزه‌یران په‌رله‌مانتاره‌كان به‌یاننامه‌یێكیان بڵاو كردوووه‌ته‌وه‌ كه‌ تێدا هاتوووه‌: "له‌ ساڵانی ڕابردوودا تا ئه‌م ساته‌وه‌خته‌ چه‌ندین جار نوێنه‌رانی گه‌ل له ‌په‌رله‌مانی كوردستان بانگه‌وازمان ئاراسته‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و حزبه‌ حوكمڕانه‌كان و ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی فیدراڵی عێراق كردوووه‌ كه‌ ڕێگری بكه‌ن له‌ هه‌نگاوه‌كانی سنوور به‌زاندنی سوپای توركیا بۆ ناو خاكی هه‌رێم به‌ڵام به‌ده‌نگه‌وه‌ هاتن نه‌بوووه ‌و ده‌وڵه‌تی توركیاش قۆناغ له‌ دوای قۆناغ پێگه‌ی خۆی له ‌ناو قووڵاییی خاكی كوردستان له‌ دانانی چه‌ندنی سه‌ربازگه ‌و مۆڵگه‌ و جه‌ندرمه‌ خانه‌ قایمتر ده‌كات. تا گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی جه‌ندرمه‌ی توركیا له ‌گونده‌كانی پارێزگای هه‌ولێر مانۆڕ و نمایشی سه‌ربازی ده‌كه‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان خاوه‌ن ماڵ بن".

هه‌روه‌ها له ڕاگه‌یێنراوه‌كه‌دا هاتوووه‌: "له‌ ڕێگه‌ی ئه‌م راگه‌یه‌نراوه‌وه‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ بۆ سه‌ر ئاسایشی هه‌موو خاک و خه‌ڵكی كوردستان ڕاده‌گه‌یێنین. پێویسته‌ هه‌موو لایێک هه‌ڵوێستی جدی و ڕاشكاویان هه‌بێ بۆ قبووڵ نه‌كردنی ئه‌م سته‌م و داگیركارییه‌ و ده‌ركردنی سوپای بێگانه‌ له ‌خاكی هه‌رێم و بێنه‌ ده‌نگ به‌رامبه‌ر پێشێل كردنی یاسا ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان".

جه‌ختیان له‌وه‌ش كردوووه‌ته‌وه‌ "پێویسته‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ ڕاشكاوی دژی سیاسه‌تی توركیا بوه‌ستنه‌وه‌ و سه‌ربه‌خۆییی ئیراده‌ی خۆیان بپارێزن و نه‌كه‌ونه‌ داوی مه‌رامی داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌".

په‌رله‌مانتاران داواش ده‌كه‌ن ‌و به ‌پێویستی ده‌زانن په‌رله‌مانی كوردستان به ‌خێرایی دانیشتنی نائاسایی بكات و بانگه‌وازی دونیا بكات بۆ به‌هاناوه‌ هاتنی كوردستان و حكوومه‌ت و لایه‌نه‌كانی كوردستانیش ڕابسپێرێ به‌ ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌ركی پارێزگاری له‌ كوردستان به ‌تایبه‌تیش جێبه‌جێ كردنی بڕیاری ژماره‌ (۳۷) ساڵی ۲٠٠۳ كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سوپای توركیا له ‌ناو خاكی كوردستان.

ئه‌وه‌ش راگه‌یه‌نراوه‌ له‌ ساڵانی ڕابردوودا چه‌ندین جار وڵاتی توركیا و ئێران به ‌بیانووی نالۆژیكی ئاسمان و زه‌مینی كوردستانیان به‌زاندوووه‌ و خه‌ڵكی سڤیلیان كردۆته‌ ئامانج و گوندنشینانیان ده‌ربه‌ده‌ر كردوووه.

هه‌روه‌ها بانگه‌واز بۆ حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی ئیتحادی و هه‌رێم ده‌كه‌ن مه‌سئوولیه‌تی سه‌رشانیان ڕاپه‌ڕێنن بۆ ناچار كردنی توركیا له‌ چۆڵ كردنی ئه‌و ناوچانه‌ی بۆی هاتوون‌ و داوا له‌ كونسووڵخانه‌ی وڵاتان له‌ هه‌ولێر و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوووه‌كان ده‌كه‌ین ڕۆڵیان هه‌بێ له‌ پارێزگاریی كوردستان.

باسیان له‌وه‌ش كردووه‌ ئه‌وه‌ی ڕووی داوه‌ له‌ ڕابردوودا داگیركارییێکی شاراوه‌ بوووه‌ و ئه‌وه‌ی ئێستا ڕوو ده‌دات له‌ مانۆڕی سه‌ربازیی توركیا ده‌ستپێكی راگه‌یاندنی داگیركاریی ئاشكرای هه‌رێمی كوردستانه‌. لێدانه‌ له‌ ئیراده‌ی زیندووی گه‌ل كه‌ قبووڵی داگیركاری ناكات. به‌داخه‌وه‌ ئیراده‌ی سیاسی و حوكمڕانی كوردستان چاوپۆشی كردوووه‌ و ده‌یكات ‌و له‌و زوڵم و داگیركارییه‌، پێویسته‌ گه‌له‌كه‌مان وشیاتر بێ و به‌ هه‌موو میكانیزمێكی خه‌باتی مه‌ده‌نی و چالاكی سیاسی له‌ ناوه‌وه ‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان دژی ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بوه‌ستنه‌وه‌.

كۆمه‌ڵێک له ‌په‌رله‌مانتارانی كوردستان

1ی حوزه‌یرانی 2018

1- سالار مه‌حمود

2- عه‌لی حمه‌ساڵح

3- ئه‌بوو كاروان

4- گه‌شه‌ دارا حه‌فید

5- بێستون فایه‌ق

6- نه‌جیبه‌ شێخ له‌تیف

7- عومه‌ر عینایه‌ت حمه‌سعید

8- به‌هار عه‌بدولره‌حمان

9- د رێواز فایه‌ق حسێن

10- د شێركۆ حمه‌ئه‌مین

11- ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنی

12- شكریه‌ ئیسماعیل مسته‌فا

13- عه‌بدولره‌حمان عه‌لی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15137

Your Comment

You are replying to: .
captcha