نێچیرڤان بارزانی وه‌عدی داوه‌ قه‌رزی کۆمپانیا ئێرانییه‌کان بداته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ هه‌ولێر گوتوویه‌تی پێشتر له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان و وه‌زیری داراییی سه‌باره‌ت به‌ قه‌رزی کۆمپانیا ئێرانییه‌کان کۆبوونه‌وه‌ی هه‌بوووه‌ و هه‌ر دوو لا بڕیاریان داوه‌ مووچه‌ و قه‌رزی کۆمپانیا ئێرانییه‌کان خه‌رج بکه‌ن.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، مورته‌زا عه‌بادی کۆنسووڵی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕای‌گه‌یاندوووه‌: به‌ڵێنده‌ر و کارفه‌رمای کۆمپانیا ئێرانییه‌کان سه‌ره‌نجی زۆریان له‌سه‌ر بازاڕی کاری هه‌رێمی کوردستان هه‌بوووه‌ به‌ڵام قه‌یرانی دارایی له‌ هه‌رێمی کوردستان و شه‌ڕی دژ به‌ داعش وای کرد ژماره‌ی پڕۆژه‌ ئابوورییه‌کان دابه‌زی و خه‌رج کردنی بودجه‌ی ته‌رخان‌کراو بۆ پڕۆژه‌کان تووشی کێشه‌ بوو بۆیه‌ به‌ڵێنده‌ر و کۆمپانیا ئێرانییه‌کان نیگه‌رانی ئه‌و بابه‌ته‌ بوون.

مورته‌زا عه‌بادی گوتیشی به‌رپرسانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دڵنیایییان داوه‌ به‌ کۆمپانیا ئێرانییه‌کان که‌ قه‌رزه‌کانیان ده‌ده‌نه‌وه‌.

کۆنسووڵی ئێران له‌ هه‌ولێر تیشکی خسته‌ سه‌ر دیداره‌که‌ی خۆی له‌گه‌ڵ وه‌زیری داراییی هه‌رێمی کوردستان که‌ ڕۆژی 29ی ئایار به‌ڕێوه‌ چوو و ئاشکرای کرد: قه‌رزی کۆمپانیا ئێرانییه‌کان پێشتر له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان باس کرابوو و بڕیاریش درابوو له‌گه‌ڵ وه‌زیری داراییی هه‌رێمی کوردستان خوێندنه‌وه‌ بۆ ئه‌و قه‌رزانه‌ بکرێت و خشته‌یێکی زه‌مه‌نی بۆ خه‌رج کردنی قه‌رزه‌کان ڕابگه‌یێندرێت.

عه‌بادی سه‌باره‌ت به‌ دیداری خۆی له‌گه‌ڵ وه‌زیری داراییی هه‌رێمی کوردستان ئاشکراشی کرد: له‌ دیداره‌که‌ی به‌ڕێز ڕێباز حه‌ملان ئامار و داتای کۆمپانیا و به‌ڵێنده‌ره‌ ئێرانییه‌کان تاوتوێ کرا و دۆسیه‌که‌ یه‌کلا کرایه‌وه‌ و کۆنسووڵی هه‌ولێر و نوێنه‌ره‌کانی وه‌زیری دارایی له‌ زووترین کاتدا شێوازی خه‌رج کردنی قه‌رزه‌کان ڕاده‌گه‌یێنن.

کۆنسووڵی ئێران هه‌روه‌هاش داوای له‌ سه‌رمایه‌دانه‌ر و بازرگانه‌ ئێرانییه‌کان کرد هاوکاریی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ناوچه‌که‌ ده‌فرایه‌تیی کاری هاوبه‌شی ئابووری، سه‌رمایه‌دانه‌ری و بازرگانیی تێیدایه‌ و مه‌عنه‌ویاتی به‌رپرسانی حکوومی و هاووڵاتییانی کورد و فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی هاوبه‌ش و ده‌روازه‌ی سنووری جۆربه‌جۆر کۆمه‌ڵێک فاکته‌ری دڵخۆشکه‌رن بۆ زیاد کردنی هاوکارییه‌ ئابوورییه‌کان.

ناوبراو هه‌روه‌هاش داوای له‌ ئه‌و کۆمپانیانه‌ کرد که‌ پڕۆژه‌کانیان به‌ نیوه‌چڵی له‌ هه‌رێمی کوردستان جێهێشتوووه‌ زوو به‌ زوو سه‌ردانی کۆنسووڵخانه‌که‌ بکه‌ن و پڕۆژه‌ نیوه‌چڵه‌کان یه‌کلا بکه‌نه‌وه‌.

مورته‌زا عه‌بادی سه‌ره‌نجیشی خسته‌ سه‌ر کرانه‌وه‌ی بازاڕچه‌ی شێخ سڵه‌ و ڕای‌گه‌یاند ئه‌و ده‌روازه‌ سنوورییه‌ ده‌روازه‌یێکی بازرگانیی هه‌ره‌گرینگه‌ بۆ ئێران و پارێزگاری کرماشان و قایمقامی شاری سه‌لاسیش به‌ جده‌وه‌ پێداگر بن له‌سه‌ر کرانه‌وه‌ی مه‌رزه‌که‌ و ئه‌وه‌ش شوێنه‌دانه‌ر بوو له‌ کرانه‌وه‌ی ئه‌و سنووره‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15132

Your Comment

You are replying to: .
captcha