کوردپرێس- گۆران له‌م دوو قه‌سیده‌یه‌دا فۆرمی په‌خشان و شێوه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ڕیالیستییانه تێده‌په‌ڕێنێت و ئه‌م ڕێبازه‌ی گێڕانه‌وه‌ی گه‌شتنامه تێكده‌شكێنێت، له به‌رامبه‌ردا هه‌ر دوو گه‌شته‌كه‌ی بۆ هه‌ورامان و قه‌ره‌داغ به شیعر ده‌گێڕێته‌وه و ده‌نووسێته‌وه، ئه‌ویش به‌م شێوه‌یه:
یه‌كه‌م: گه‌شتی قه‌ره‌داغ:
قه‌سیده‌یه‌كی درێژه، تیایدا گۆران وه‌كو وێنهكێشێک وێنه‌ی دیمه‌نی شاخ و جۆگه و ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و هه‌ندێ لایه‌نی دانیشتنه‌كانی خه‌ڵكی و بیركردنه‌وه و كار و دابونه‌ریته‌كانیان وه‌كو فیلمێكی سینه‌مایی ده‌گرێ و ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ش به شاكارێكی جوانی ئه‌ده‌بیاتی كوردی داده‌نرێ، ئه‌م گه‌شتنامه‌یه (21) پارچه شیعره و (179) به‌یته. به‌م دێڕه ده‌ستپێده‌كات:
ئاسمانی شین و ئه‌ستێره‌كانی پێده‌كه‌نن بۆ به‌ری به‌یانی
دووه‌م: گه‌شتی هه‌ورامان:
قه‌سیده‌یه‌كی درێژه، به‌ری بیره‌وه‌رییه‌كانی ڕابردوویه‌تی، تێكه‌ڵ له‌گه‌ڵ گه‌شتێكی نوێی خۆی و چه‌ند هاوڕێیه‌كی، له هه‌ڵه‌بجه‌وه ده‌ستپێده‌كات و له‌ناو باخه دڵگیر و جۆگه ئاوه جوان و دڵگیره‌كانی هه‌ورامان كۆتایی دێت، ئه‌م گه‌شته ده پارچه شیعره، هه‌ر پارچه‌ی ناونیشانێكی هه‌یه، ناونیشانه‌كان بریتیین له: دیمه‌نی ڕێگاوبان، دیمه‌نی ناو باخ، دێ، ژینی دیوه‌خان، مه‌لای مزگه‌وت، به‌یان، مزگه‌وت، كانیی ژنان، ژن، گۆرانی.. شیعره‌كه (61) به‌یته. به‌م دێڕه ده‌ستپێده‌كات:
كۆمه‌ڵه شاخێك سه‌خت و گه‌ردن كه‌ش ئاسمانی شینی گرتۆته باوه‌ش
ئه‌م دوو گه‌شتنامه‌یه، جگه له‌وه‌ی له ڕووكاردا گێڕانه‌وه‌ی دوو ڕووداوی واقیعین، دوو قه‌سیده‌ی جوانی شیعریی تێروپڕیشن. بێگومان شیعره‌كانی گۆران پڕن له ناسكی و جوانیی هونه‌ری. شیعریش سه‌ر به جیهانێكی خه‌یاڵیی داخراوه، سه‌ربه‌خۆیه، سه‌روكاری له‌گه‌ڵ واقیعدا نییه، هه‌رچی گه‌شتنامه‌یه به پێچه‌وانه‌یه، به‌سه‌ر جیهان و جیهانی ده‌ره‌وه‌دا كراوه‌یه، جیهانی واقیع و بینراو و ده‌ره‌وه، یاسا و ڕێسای گهشتنامهن، به‌ڵام جیهانی خه‌یاڵ، خاسییه‌تی سه‌ره‌كیی شیعره. گۆران له‌م قهسیدانهیدا هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌كه تێكه‌ڵ به یه‌كتر ده‌كات و به چاوی خه‌یاڵ و فه‌نتازیاوه ده‌ڕوانێته گه‌شته‌كه‌ی، هه‌ر به‌و بیر و خهیاڵهشهوه گه‌شته‌كانی ده‌نووسێته‌وه.
گۆران، خۆیشی د‌رك به‌وه ده‌كات كه ئه‌وه‌ی ده‌توانرێ له شێوه‌ی په‌خشاندا بنووسرێته‌وه، ناتوانرێ له شیعردا به‌رجه‌سته بكرێ، بۆیه له وتارێكیدا به ناونیشانی (سه‌رنجێكی كورت له شیعر) ده‌نووسێت: "شاعیر هه‌رچه‌نده زاڵیش بێ، به‌هۆی ئه‌ركی وه‌زن و قافیه‌وه ناتوانێ نیازی ته‌واوی به‌ڕه‌وانی بخاته سه‌ر كاغه‌ز، به‌بێ ئه‌وه‌ی له هه‌ندێ جێگادا به‌شێكی بیره‌كانی له بنه‌ڕه‌تدا دهرنههاوێژێ، یان له كورتی نهیانبڕێتهوه..".
هه‌ر له‌م وتاره‌دا ده‌نووسێت: "ئه‌گه‌ر پێویستی وه‌زن و قافیه له كایه‌دا نه‌بوایه، نیاز و مه‌به‌ستی دڵ زۆر به‌ئاسانتر و ڕه‌وانتر ئهدركا..".
كه‌واته گۆران خۆیشی ئه‌وه ده‌زانێ كه شیعر، كۆتوبه‌ندی له نووسینی په‌خشانئامێز زیاتره و ده‌بێ له كاتی نووسینه‌وه‌ی هه‌ر بیر و خه‌یاڵێكدا به‌شێك له (بیره‌كانی ده‌ربهاوێژێ) و (له كورتی بیانبڕێنێتهوه) و مه‌رج نییه (نیاز و مه‌به‌ستی دڵ) به (ئاسانی و ڕه‌وانی) بگات. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌م كۆتوبه‌ند و دهستبهستراویهشدا، بۆ نووسینه‌وه‌ی گه‌شتنامه‌كه‌ی، خۆی له قه‌ره‌ی شیعر ده‌دات و دوو قه‌سیده به‌ناوبانگه‌كه‌ی لێ به‌رهه‌م دێنێ.
گۆران توانیویه‌تی له‌م دوو قه‌سیده‌یه‌دا وێنه‌ی شیعری ئه‌وه‌نده جوان به‌رجه‌سته بكات كه خوێنه‌ر وه‌كو تابلۆ و وێنه‌ی جوانی شیعری بیانبینێ، هه‌ندێ جار وێنه‌ی شیعری وێنه‌یه‌كی واقیعییه و دیمه‌نی ناوچه‌یه‌ك كتومت وه‌كو خۆی ده‌كێشێت، به‌ڵام هه‌ندێ جار زیاده‌ڕۆیی له خه‌یاڵدا ده‌كرێت. جوانترین وێنه‌ی شیعرییش ئه‌و وێنه‌یه‌یه كه خه‌یاڵ تیایدا ڕۆڵی فراوانكردنی فه‌نتازیا و وروژاندنی هه‌ست و سۆز ده‌بینێت، به‌وپێیه وێنه‌ی خه‌یاڵی له شیعردا، جوانی و سه‌رنجڕاكێشانێكی كاریگه‌ر ده‌خولقێنێت. بێگومان قه‌سیده‌كانی گۆران له‌م شێوه‌یه‌ن كه خه‌یاڵی جوانیان به‌سه‌ردا زاڵه و سه‌رنجڕاكێشن. هه‌ردوو قه‌سیده‌كه له نێوان بیرێكی خه‌یاڵی و واقیعێكی به‌رجه‌سته‌دا نووسراون و خه‌یاڵی جوانیناسانه‌یان به‌سه‌ردا زاڵه، بۆیه‌ش له گهشتنامهكاندا هیچ دزێوی و ناشیرینییه‌كی گه‌شته‌كانی باس و به‌رجه‌سته نه‌كردووه، ته‌نانه‌ت كاتێك باسی گه‌رما و ماندووبوونی هه‌وراز و نشێوهكانیش ده‌كات، وه‌كو تابلۆیه‌كی جوانی ڕه‌نگاوڕه‌نگ وێنای ده‌كات و خوێنه‌ر وێنه‌یه‌كی شیعریی جوانی تێدا ده‌بینێت. یان بۆ نموونه كاتێك باسی دیارده‌یه‌كی دزێوی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌كو (ژن به ژن) ده‌كات، بێگومانم گۆران وه‌كو كه‌سێكی ڕۆشنبیر و دنیادیده‌ی سه‌رده‌مه‌كه‌ی خۆی، له‌گه‌ڵ ئه‌م دیارده‌یه نه‌بووه، به‌ڵام وه‌كو ئه‌وه‌ی ڕێگای نه‌دابێت ئه‌م دیارده‌یه قه‌سیده‌كه‌ی بشێوێنێ و ناشیرینی بكات، وه‌سفێكی جوانیناسانه‌ی ده‌كات:
وه‌ك دوو ئه‌ستێره دوو بووك لێكیان دا ده‌م نرایه ده‌م، ده‌ست له مل كرا
(گه‌شت له قه‌ره‌داغ: كۆپڵه‌ی -19-)
لێره‌دا وه‌سفه‌كه، وه‌سفی دیارده‌یه‌كی دواكه‌وتووانه‌ی وه‌كو (ژن به ژنی)یه، كه‌چی ئه‌و بۆ ئه‌وه‌ی شیعره‌كه‌ی دزێو و ناشیرین نه‌بێ، به ئه‌ستێره‌ی چواندوون، كه ئه‌مه‌ش ئاماژه‌ی گه‌شی و جوانییه.
خۆ ئه‌گه‌ر دیارده‌یه‌كی ناشیرینیشی (زۆر به كه‌می) له‌م دوو قه‌سیده‌یه‌دا باس كردبێت، ئه‌وا فۆرمی ڕه‌وانبێژیی جوانگوتن (التهوین)ی تێدا به‌كاربردووه، بۆ ئه‌وه‌ی ناشیرینییه‌كه به جوانییه‌ك بشارێته‌وه. جوانگوتن: فۆرمێكی ڕه‌وانبێژییه، مه‌به‌ست لێی سهنگینیدانه به شتێك یان ناكۆكییه‌ك، بۆ ڕه‌تكردنه‌وه‌ی شتێكی تر، بۆ نموونه: یه‌كێك ناكۆكی له‌گه‌ڵ یه‌كێكی تر هه‌یه، ئه‌وی یه‌كه‌م به‌وه‌ی دووه‌م ده‌ڵێ: بڕۆ برای شیرینم من ڕقم له تۆ نابێته‌وه. یاخود له كوردیدا ئیدیۆمێك هه‌یه ده‌ڵێ: دوژمنی خۆی به شه‌كراو ده‌كوژێ.
گۆرانیش له‌م قهسیدانهدا، ئه‌گه‌ر شتێكی به‌دڵ نه‌بووبێ، بۆ ئه‌وه‌ی جوانیی شیعره‌كه نه‌مرێ، ئه‌م هونه‌ره‌ی به‌كارهێناوه، بۆ نموونه كاتێك هه‌ندێ شتی مه‌لای دیوه‌خانه‌كه‌ی به‌دڵ نییه ده‌نووسێت:
قیافه‌ی په‌ڕپووت، وه‌ك كتێبی كۆن زمانی شیرین، سیمای نه‌ختێ مۆن
(گه‌شت له هه‌ورامان: كۆپڵه‌ی -مه‌لای دیوه‌خان-)
(قیافه‌ی په‌ڕپووت)، ئاماژه‌یه بۆ ناشیرینییه‌ك، له به‌رامبه‌ردا (كتێبی كۆن)، ئاماژه‌یه بۆ حیكمه‌ت و زانین و دنیادیده‌یی. (زمانی شیرین) ئاماژه‌ی جوانییه، به‌ڵام (سیمای نه‌ختێ مۆن) ئاماژه‌یه بۆ دزێوییهك. گۆران له به‌رامبه‌ر (قیافه‌ی په‌ڕپووت)، (كتێبی كۆن) و له به‌رامبه‌ر (سیمای نه‌ختێ مۆن)، (زمانی شیرین) به‌كارده‌هێنێ و به‌مه‌ش ده‌یه‌وێ هاوسه‌نگییه‌ك دروست بكات و ڕێگا نادات ناشیرینی و دزێوییهكان به‌سه‌ر شیعره‌كه‌دا زاڵ بن.
به‌م جۆره ئه‌م دوو گه‌شتنامه‌یه‌ی گۆران، هه‌م گێڕانه‌وه‌یه‌كی واقیعیی دوو گه‌شتن و هه‌م دوو قه‌سیده‌ی جوانی به‌رهه‌می شیعری.
عه‌بدوڵڵا به‌گ كوڕی سلێمان به‌گ كوڕی عه‌بدوڵڵا به‌گ كاتبی فارسییه، ساڵی (1904) له هه‌ڵه‌بجه له‌دایك بووه، له (1962) له شاری سلێمانی كۆچی دوایی كردووه، یه‌كێكه له شاعیره ناوداره‌كانی ئه‌ده‌بی نوێی كوردی، به یه‌ك له‌و ڕابه‌رانه‌ی شه‌پۆلی نوێی شیعری كوردی ده‌ژمێردرێ كه شیعری كوردی‌یان له دوای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م له كێشه‌كانی عه‌ڕووز و وشه‌ی ناكوردی ڕزگار كرد و هێنایانه سه‌ر كێشی خۆماڵی و وشه‌ی په‌تیی كوردی.
ژێده‌ره‌كان:
1- دیوانی گۆران- عه‌بدوڵڵا گۆران، بڵاوكراوه‌ی پائیز، چاپی یه‌كه‌م (1382)، چاپخانه‌ی دالاهو.
2- گۆران، نووسین و په‌خشان و وه‌رگێڕاوه‌كانی- ئاماده‌كردنی: ئومێد ئاشنا، ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس، چاپی یه‌كه‌م (2002).
3- فه‌رهه‌نگی ڕۆشنبیری زاراوه و كه‌سایه‌تی- دكتۆر ئیدریس عه‌بدوڵڵا، نووسینگه‌ی ته‌فسیر، چاپی یه‌كه‌م (2016).
4- فه‌رهه‌نگی ئه‌ده‌بی- د. موحسین ئه‌حمه‌د عومه‌ر، له بڵاوكراوه‌كانی پاشكۆی ڕه‌خنه‌ی چاو‌دێر، چاپی یه‌كه‌م (2012).
5- فه‌رهه‌نگی زاراوه‌ی ئه‌ده‌بی و ڕه‌خنه‌یی- نه‌وزاد ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی سلێمانی، چاپی یه‌كه‌م (2011).
سه‌رچاوه: ڕووداو
کۆدی هه‌واڵنێر: 60103
Your Comment