کوردپرێس:
ئاژانسی هاوارنیوز، زمانحاڵی پەکەکە لە هەواڵێکدا ڕایگەیاند ئاهەنگی ساڵڕۆژی لەدایکبوونی عەبدوڵڵا ئۆجەلان سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە لە شاری ڕەقە بەڕێوە چوو. ئەنجومەنی گشتی بە بەڕێوەبردنی ئاهەنگێک لە گۆڕەپانی "تاج"ی شاری ڕەقە ساڵڕۆژی لەدایکبوونی ئۆجەلانی بەرز ڕاگرت و هاووڵاتییان و ئەندامانی ئەنجومەنی مەدەنیی شاری ڕەقە و نوێنەرانی ئەنجومەنەکە و ئەندامانی دامەزراوەی ژنان لەو ڕێوڕەسمەدا بەشدارییان کرد و جمعە جاسم ئەندامی ئەنجومەنەکە بە نوێنەراتیی ئەندامانی ئەنجومەن پاش یەک خولەک بێدەنگی وتارێکی پێشکەش کرد.
جاسم لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆجەلان لایەنگری مافی ژنانە و لە پێناو ئازادیی ژنان جەنگاوە بۆیە: "پێویستە بۆ ئازادکردنی ئۆجەلان لە بندەستی ڕژێمی ستەم خەبات بکەین."
مریەم ئیبراهیم ئەندامێکی گرووپی بەڕێوەبردنی ژنانی ڕەقەش لە وتارێکدا گوتی: هەر یەکە لە ئێمە بۆ خۆمان ئۆجەلانێکین. ناتوانن ئۆجەلان بەند بکەن و زیندانی بکەن. ناکرێت دنیابینیی ئۆجەلان لە هاووڵاتییانی ناوچەکە دوور بخەنەوە."
حەنان مستەفا ئەندامی ئەنجومەنی هاوژینی شەهیدانیش لە وتارێکی کورتدا ئاماژەی بەوە کرد کە ساڵوەگەڕی لەدایکبوونی ئۆجەلان ساڵوەگەڕی لەدایکبوونی برایەتییە. "شەهیدانی ئێمە بە دنیابینییەکان ئۆجەلان ئەم خاکەیان ئازاد کرد."
Your Comment