وەزارەتی نەوتی عێراق: ڕۆژانە زیاتر لە 3 ملوێن بەرمیل نەوت هەناردە کراوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕۆژی هه‌ینی ئاشکرایکرد، بڕی نه‌وتی خاوی هه‌نارده‌کراو به‌رزبوونه‌وه‌ی تۆمارکردووه‌ له‌ مانگی ئایاری ڕابروودا، گه‌ر به‌راورد بکرێت به‌ ساڵی ٢٠١٨.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس له‌ به‌یاننامه‌یێکدا وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ڕۆژی هه‌ینی 1ی حوزەیران بڵاوی کرده‌وه‌، به‌ گوێره‌ی داتا و زانیارییه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی کۆمپانیای به‌ بازاڕکردنی نه‌وتی عێراق سۆمۆ، بڕی نه‌وتی هه‌نارده‌کراو له‌ مانگی ئایاری ڕابروودا گه‌یشتووه‌ته‌ ١٠٨ ملیۆن و ١٩٤ هه‌زار و ٢٠ به‌رمیل و بڕی ڕۆژانەی نەوتی هەناردە کراو زیاتر لە 3 ملوێن و چوارسەد هەزار بەرمیل دەبێت.

به‌ گوێره‌ی به‌یاننامه‌که‌ ئه‌و بڕه‌ هه‌نارکرده‌ کراوه‌ بڕی ٧ ملیار و ٥٦٦ ملیۆن و ٢٩٤ دۆلار داهاتی بۆ خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت دابین کردووه‌.

عاسم جیهاد وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه ‌کردووه‌، سه‌رجه‌م بڕه‌ هه‌نارده‌کراوه‌کان له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌کانی باشوور و ناوه‌ڕاستی عێراقه‌وه‌ بووه‌ و هیچ داتا و زانیارییێکی کێڵگه‌نه‌وتییه‌کانی که‌رکووک تۆمار نه‌کراوه‌.

وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، تێکڕای هه‌نارده‌کردن له‌ مانگی ڕابرودوودا ڕۆژانه‌ ٣ ملیۆن و ٤٩٠ هه‌زار به‌رمیل بووه‌ و نرخی هه‌ر به‌رمیلێکیش به‌ ٦٩ دۆلار و ٩٣ سه‌نت بووه‌.

ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدایه‌ وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق مانگانه‌ بڕی هه‌نارده‌ و داهاتی نه‌وتی وڵاته‌که‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ بڵاو ده‌کاته‌وه‌.

عێراق یه‌کێکه‌ له‌ناو رێکخراوی ئۆپیکدا به‌ دووه‌م وڵاتی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت داده‌نرێت، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی شه‌ڕی داعش به‌هۆی زۆری بودجه‌ی جه‌نگ و دابه‌زینی نرخی نه‌وت، زیانێکی زۆری کرد و داهاتی ئه‌و که‌رته‌ به‌ ته‌واوی نزم بوویه‌وه‌، له‌ ئێستاشدا پلانی هه‌یه‌ بۆ زیادکردنی به‌رهه‌م بۆ ئه‌وه‌ی قه‌ره‌بووی چه‌ند ساڵی ڕابردوو بکاته‌وه‌.

News Code 15067

Your Comment

You are replying to: .
captcha