ڕێککه‌وتنی نێوان یه‌کێتی و پارتی له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆک کۆمار کۆتایی هاتوووه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێكی باڵای پارتی دیموكراتی كوردستان ئاشكرای ده‌كات که‌ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی پێشتر له‌ نێوان یه‌کێتی و پارتیدا له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆک کۆمار کرابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا کۆتایی پێهات.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، بڵند ئیسماعیل، به‌رپرسی لقی ١٦ی پارتی به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: ”پارتی بڕیاری خۆی داوه‌ و ئاماده‌یی دانیشتن و گفتوگۆی له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌کان ده‌ربڕیوه‌، به‌تایبه‌ت لایه‌نه‌ براوه‌کان که‌ کورسیان هێناوه‌، چوونکه‌ پێمان وایه‌ کورد ئه‌گه‌ر بیه‌وێت به‌ قورساییه‌وه‌ بچێته‌ به‌غدا پێویسته‌ هه‌موو پێکه‌وه‌ هاوپه‌یمانی بکه‌ین، ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیش نه‌بێ ئه‌وا به ‌لایه‌نی که‌م جۆرێک له‌ لێک تێگه‌یشتن هه‌بێ“.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی پارتی ده‌ڵێت: ”پێمان وایه‌ به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێمی کوردستان و ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ی که‌ له‌ ٢٠٠٣وه‌ تا ئێستا پێیدا تێپه‌ڕیوین، ئه‌وه‌ ده‌خوازێت هه‌ندێک گرفتی ئێره‌ ئێره‌ له ‌لایێک دابنه‌ین و به‌ کۆده‌نگی بچینه‌وه‌ به‌غدا، ئه‌مه‌ خواستی پارتییه‌، به‌ڵام له‌وانه‌یه‌ لایه‌نه‌کان ئه‌م درگایه‌یان نه‌کردبێته‌وه‌ و هێشتا کاته‌که‌ به‌ زوو بزانن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".

ڕوونیشی کرده‌وه‌: ئه‌وه‌ی به‌لای پارتییه‌وه‌ گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ کام پێکهاته‌ حکوومه‌ت پێکده‌هێنن و چۆن ڕێککه‌ون له‌گه‌ڵی؟ هه‌روه‌ها ئه‌و لایه‌نه‌ چۆن ده‌توانێ له ماوه‌یێکی دیاریکراو ئه‌و پێشێلکارییه‌ ده‌ستوورییانه‌ی کراوه‌، پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بکا و ماف و شایسته‌کانی کورد که‌ له‌ ده‌ستووردا هاتوووه‌ هه‌مووی جێبه‌جێ بکات.

ئاشکراشی کرد: "ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ی نێوان یه‌کێتی و پارتی که‌ پێشتر له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆک کۆمار کرابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا کۆتایی پێ هات، بۆیه‌ جارێکی دیکه‌ ده‌بێ ڕێککه‌وتن بکرێ، جا ئیتر چۆن ده‌بێ؟ چی ده‌بێ؟، کێ ده‌بێ؟ ئه‌وه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15062

Your Comment

You are replying to: .
captcha