فرسه‌ت سۆفی: ده‌بێ به‌ر له‌ جه‌ژن مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و خانه‌نشینان و ھێزه‌کانی ناوخۆ دابه‌ش بکرێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی کوردستان له‌ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای‌ده‌گه‌یێنێت که‌ ھه‌موو ھه‌وڵێک ده‌ده‌ن بۆ دابه‌ش کردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و ھێزه‌کانی ناوخۆ و خانه‌نشینان پێش جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فرسه‌ت سۆفی، ئه‌ندام په‌رله‌مانی کوردستان له‌ فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: "ھه‌وڵه‌کانمان به‌رده‌وامه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ھه‌موومان به‌ یه‌که‌وه‌ ئه‌م جه‌ژنه‌ بکه‌ین، ده‌بێت به‌ ھه‌ر ڕێگایێک بێت حکوومه‌تی ھه‌رێمی کوردستان، به‌ر له‌ جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و پۆلیس و ھێزه‌کانی ناوخۆ و خانه‌نشینان بخاته‌ خشته‌ی دابه‌ش کردنی مووچه‌".

ناوبراو ده‌شڵێت: "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ ھه‌موو فشار و توانایێکمان ده‌خه‌ینه‌ گه‌ڕ، چوونکه‌ ناکرێت پێشمه‌رگه‌ له‌ ڕیزبه‌ندی یه‌که‌می مووچه‌ بچێته‌ ڕیزبه‌ندی کۆتایی و دوای جه‌ژن، ھه‌روه‌ھا ھه‌موو ھه‌وڵێک ده‌ده‌ین بۆ دابه‌ش کردنی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و خانه‌نشینان پێش جه‌ژنی ڕه‌مه‌زان".

ئه‌مڕۆ ھه‌ینی 1/6/2018، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگه‌یاندراوێکیان له‌باره‌ی مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و پۆلیس و خانه‌نیشینان بڵاو کرده‌وه‌، تێیدا باس له‌وه‌ کرا: "فراکسیۆنی پارتی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌کان و ھێزه‌کانی ناوخۆ و خانه‌نشینان دڵنیا ده‌کاته‌وه‌، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌کانی حکوومه‌ت له‌سه‌ر خه‌تین بۆ ئه‌وه‌ی به‌ھه‌ر جۆرێک بێت، به‌ر له‌ جه‌ژن مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ و خانه‌نشینان و ھێزه‌کانی ناوخۆ دابه‌ش بکرێ".

ھه‌ر له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌که‌ی فراکسیۆنی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ش دراوه‌: "ھه‌رچه‌ند له ‌لایه‌ن ده‌زگاکانی حکوومه‌ت دڵنیا کراوینه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ پێی سیسته‌می تازه‌ 30 ڕۆژ جارێک مووچه‌ دابه‌ش ده‌کرێ، به‌ڵام دیسان پێشمه‌رگه‌ کوردستان پارێزه‌کان و ھێزه‌ ئاسایش پارێزه‌کان و خانه‌نشینانی به‌ڕێز دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌ که‌ ھه‌وڵ و توانا و فشاره‌کانمان بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌و بابه‌ته‌ به‌رده‌وام ده‌بێت".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 15050

Your Comment

You are replying to: .
captcha