بەپێی هەواڵی کوردپرێس مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی ئەو هەوڵانەی لەلایەن هەندێک لایەنەوە لە پەرلەمان دەدرێن بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردن، ریاگەیاند "مەسەلەی هەڵوەشاندنەوە و هەڵنەوەشاندنەوە، دەکەوێتە سەر ئەو رێکارە یاسایی و دەستوورییانەی دەگیرێنەبەر، ئەوەی ئێستا پەرلەمانی عێراقی دەیکات، دوورە لە یاسا و ماددە دەستوورییەکان".
بە بڕوای مەحموود محەممەد، گرتنەبەری ئەو رێوشوێنانە "بەشێکە لەو هەڵچوونەی هەندێک لەوانەی دەرنەچوون، بەتایبەتی سەرۆکی پەرلەمان کە خۆی دەرنەچووە".
سەبارەت بە جیاکردنەوە و ئەژمارکردنەوەی دەنگەکان بە دەست، گوتەبێژی پارتی دەڵێ "بۆ دڵنیایی ئەوانەی گومانیان هەیە، ئێمە هەر لەیەکەم رۆژەوە گوتوومانە، ئێمەش گومانمان هەبووە و گوتوومانە دەبێت لە هەندێک شوێندا دەستکاری ئەنجامەکان کرابێت، بەڵام ئەمە پێویستی بەوەیە لە چوارچێوەیێکی یاساییدا ئەم بابەتە ئەنجام بدرێت".
لەبارەی رەتکردنەوەی ئەنجامی چەند سندووقێک مەحموود محەممەد، دەڵێ "ئەوەی لە رێگەی دەستوور و یاساوە بکرێت، ئێمە هیچ لارییێکمان نییە، بەڵام ئەگەر بیانەوێت لە پەنای دۆڕاندنی هەندێک خەڵك و دەرنەچوونی هەندێک خەڵكی دیکە گێچەڵ بە هەرێمی کوردستا بکەن، بەدڵنیاییەوە ئەوە قبووڵ ناکرێ، رەنگدانەوەی خراپی دەبێت لەسەر ئاستی هەموو کوردستان".
مەحموود محەممەد هەروەها دەشڵێ "ئەوە دەردەخات کە دەسەڵاتدارانی بەغدا دەکەونە ژێر کاریگەری هەندێک لەوانەی پێشتر کەوتبوونە ژێر کاریگەرییان و کێشەیان بۆ کوردستان دروستکردبوو، با ئەوان زیاتر بە خەمی کێشەکانی خۆیانەوە بن، ئەگەر بێت و ئەوان لەسەر ئەو رێچکەیە بەردەوام بن لەوەی بە ئامانجگرتنی پارتی ببێتە کاریان، رەنگدانەوەی پارتی لەوە قورستر دەبێت کە تاوەکو ئێستا قسەمان لەسەر کردووە".
لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەو دۆخە و ئەگەری تەقینەوەی ئەو دۆخەی لە عێراقدا هەیە، بە بڕوای گوتەبێژی پارتی "بە دڵنیاییەوە سەقامگیری دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەو بابەتەش زیاتر لە ناوەڕاست و خوارووی عێراق کاریگەری دەبێت تاوەکو لە هەرێمی کوردستان، بۆیە باشترە لە خەمی ئەوەدابن چۆن ئەو بابەتە چارەسەر بکرێت".
مەحموود محەممەد سەبارەت بە کارکردنی کۆمیسیۆن دەڵێ "بەڵێ ئێمە لەگەڵ ئەوەین گومانەکان بڕەوێندرێنەوە، چۆن ئەو گومانانە دەڕەوێندرێنەوە، کۆمسیۆن دەبێت ئەو بابەتە لە چوارچێوەی یاساییدا چارەسەر بکات. هەر رێکارێک دەگرنەبەر دەبێت لە چوارچێوەی دەستوور و تەوافووقدا بێت... ئێمە هیچ لاریێکمان نییە لەوەی دەنگەکانی ئەو شوێنانەی گومانیان لەسەرە بەدەست بژمێردرێنەوە، ئەگەر هەموو کوردستانیش بە دەست بژمێردرێتەوە هیچ لارییەکمان نییە و بە باشی دەزانین".
سەبارەت بە دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی تازەی عێراق، مەحموود محەممەد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەوان "لەگەڵ هەر لایەنێک رێکبکەوین، دەبێت ئەو لایەنە شەراکەتی کوردستانی قبووڵ بێت لە حکومڕانی ئەو وڵاتەی کە پێی دەڵێن عێراق، هاوکات ئەو کارانەی دەکرێت دەبێت بە تەوافووق بن، نەوەک لە ئاکامی زۆرینە و کەمینە، هەروەها دەشبێت هاوسەنگی لە دابەشکردنی پۆستەکاندا هەبێت و یەک لایەن پۆستەکان بەڕێوەنەبات، هەروەک ئێستا تەنها لایەنی شیعە هەموو پۆستەکانی بەدەستەوەیە".
بەگوتەی گوتەبێژی پارتی "زۆربەی لایەنەکان چ ئەوانەی هاتوون بۆ ئێرە و چ ئەوانەی شاندەکەی ئێمە لە بەغدا لەگەڵیان دانیشتوون، گوتوومانە بزانین کام لەو لایەنانەی کە خەریکی دروستکردنی حکوومەتە، لەگەڵ ئەو سێ چەمکەی کورد نزیکە، کە بریتین لە: شەراکەت، تەوافووق و هاوسەنگی، ئەو لایەنە لە ئێمە نزیک دەبێتەوە، تاوەکو ئێستاش ئەو لایەنانە هەموویان رەتی ئەو سێ چەمکەیان نەکردووەتەوە، بەڵام کەم و زیادییەک هەیە".
سەبارەت بە هەوڵەکان بۆ چوونی شاندی کوردی بۆ بەغدا وەکوو یەک شاند، مەحموود محەممەد، گوتی "ئەمە پێویستی بە گفتوگۆی هەموو لایەنەکان هەیە، ئەو لایەنانەشی کە گوتوویانە ناچینە بەغدا، ئێستا وردە وردە لێی پەشیمان بوونەتەوە و هەندێ مەرج دادەنێن بۆ ئەوەی چۆن بچنە بەغدا و بۆچی بەشداربن، پێمانوانییە ئەمە بڕیاری کۆتاییان بێت لەوەی نەچن بۆ بەغدا".
مەحموود محەممەد پێی وایە هەڵوێستی ئەو لایەنانە "وەکو گوشارێک وایە بۆ مەسەلەی پێداچوونەوە بە ژماردنەوەی دەنگەکان یان دەربڕینی مەغدورییەتیان، کە باسی لێوە دەکەن، بەشێکیشی بۆ رازیکردنی دەنگدەرەکانی خۆیانە بۆ ئەوەی بڵێن نەخێر ئێمە ئەوەندە نەبووین و زۆر لەوە زیارترە، بەڵام غەدرمان لێکراوە، دواجاریش بە پاساوێک بەشداری لە پێکهێنانی حکومەتدا دەکەن".
سەبارەت بە وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار، کە پشکی کورد بووە و، کێبڕکێی نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر ئەو پۆستە، مەحموود محەممەد دەڵێ "سەرۆککۆمار پشکی کوردە، کە پشکی کوردە، مەرج نییە هەمیشە هەر بۆ یەکێتی نیشتمانی کوردستان بێت، بۆ دەبێت هەمیشە هەر بۆ یەکێتی نیشتمانی کورستان بێت؟ ئەوەش بەپێی رێککەوتنێک بووە، خودی یەکێتیش ئەو رێککەوتنەی نەهێشتووە، ئێستا کە نەیهێشتووە، پێویست بەوەیە هەموو لایەنەکانی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداربن لە بڕیار بۆ ئەوەی کێ و چ لایەنێک ئەو پۆستە وەربگرێت، واتە ئێستا ئێمە هیچ رێککەوتنێکمان نییە کە سەرۆککۆمار بۆ یەکێتی بێت".
کۆدی هەواڵنێر: 60101
Your Comment