دوو لیوای نزیک له‌ پارتی‌ هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه‌

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- به‌رپرسێكی‌ یه‌كێتی‌ له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا ئاشكرای ده‌كات ئه‌و دوو لیوایه‌ی‌ كه ‌پێشتر له‌ پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌ب و توركمانه‌كان له ‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ پێكهێنرابوون هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌ و رای‌ده‌گه‌یێنێت: زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ پێشتر له ‌دوو لیواكه‌دا بوون ده‌ستیان له‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، غه‌یاس سوورچی كارگێری‌ مه‌ڵبه‌ندی نه‌ینه‌وای یه‌كێتیی‌ نیشتمانی‌ له‌ لێدوانێكدا به‌ SNN رای‌گه‌یاند: ئه‌و ئاوارانه‌ی‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا و قه‌زای‌ شنگال كه‌ له ‌سنووری‌ پارێزگاكانی‌ هه‌ولێر و دهۆک نیشته‌جێ بوون به‌هۆی وێران بوونی‌ ناوچه‌كانیانه‌وه‌ ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدی خۆیان به‌تایبه‌ت كه ‌هیچ خزمه‌تگوزارییێک بۆ شوێنه‌كانیان دابین نه‌كراوه‌.

ئاشكراشی كرد: ئاواره‌كانی‌ نیشته‌جێی هه‌رێم مافی‌ ده‌نگدانیان ته‌نها بۆ هه‌ڵبژاردنی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ نوێنه‌رانی‌ عێراق هه‌یه ‌و ناسنامه‌كانیان كوردستانی‌ نییه‌، بۆیه‌ ناتوانرێت به‌شداری هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی‌ كوردستان بكه‌ن و لایه‌نێكی‌ سیاسی ده‌نگه‌كانیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی خودی خۆی یه‌كلای بكاته‌وه‌.

روونیشی كرده‌وه‌: پێشتر دوو لیوا له‌ پێكهاته‌ی‌ عه‌ره‌ب و توركمان كه‌ نزیكبوون له‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ سنووری‌ پارێزگای‌ نه‌ینه‌وا و شنگال پێكهێنرا بوون، به‌ڵام دوای‌ هاتنی‌ هێزه‌كانی‌ حه‌شدی شه‌عبی به‌شێكی‌ زۆری‌ كه‌سانی‌ ناو دوو لیواكه‌ ده‌ستیان له‌كار كێشاوه‌ته‌وه‌ و له‌شوێنی‌ خۆیان نیشته‌جێ بوون.

وتیشی: ئه‌و دوو لیوایه‌ كه‌ له ‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتی‌ ده‌كرا وه‌ک پێكهاته‌ ماوه‌، چوونكه‌ زۆربه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ عه‌ره‌ب و توركمان بوون له‌ دوو لیواكه‌ وازیان هێناوه‌ و په‌یوه‌ندییان به‌و هێزانه‌وه‌ نه‌ماوه‌.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 15018

Your Comment

You are replying to: .
captcha