کاری پیلەوەری لە بازاڕچەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دەست پێدەکات

بەشی کوردستان- لە ئێدارەی پارێزگایی سنە دانیشتنێک لە سەر کێشەی دەروازە سنوورییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو و لە دانیشتنەکەدا بڕیار درا بە هەموار کردنی ڕسووماتی گومرگی و دەستپێکردنی کاری پیلەوەی ئەوەش وەکوو بەدیل بۆ کۆڵبەری.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە دانیشتنەکە ئیدارەی پارێزگاریی سنەدا کە لە سەر کێشەی دەروازە سنوورییەکانی کوردستان بەڕێوە چوو بڕیار درا بە دەستپێکردنی کاری پیلەوەری لە سێ دەروازەی سنووری سەیرانبەندی بانە و خانمەشێخانی مەریوان و مڵەخوردی سەوڵاوا.

لە دانیشتنەکەدا حسێن فیرووزی جێگری ئابووریی پارێزگاری سنە ڕایگەیاند: کاری پیلەوەری بۆ دانیشتوانی ئەو سێ سنوورە دەستپێدەکات و چیتر دەستەواژەی کۆڵبەری نامێنێتو بەو کارتانەی بۆ دەرکراون دانیشتووانی سەر سنوور دەبنە پیلەوەر و ئەرکی قایمقامی ئەو سێ شارەشە کە زانیاریی پێویست لەو بارەیەوە بدەن بە ئەو بنەماڵانەی پڕۆژەکە دەیانگرێتەوە.

فیرووزی لە بارەی مەرزی باشماخیشەوە وتوویەتی ڕووبەری ئەو دەروازە سنوورییە بۆ 30 هێکتار فراوان دەکرێت و 20 ملیار ڕیاڵ تەرخان کراوە بۆ قیرتاو کردن و ئامادە کردنی ژێرخانی ئەو دەروازە سنوورییە.

جێگری ئابووریی پارێزگاری کوردستان ڕەخنەی لە ڕسووماتی سەر دەروازە سنوورییەکانیش گرت و وتی لەو بارەیەشەوە بڕیارمان داوە بە هەموار کردنی یاسای ڕسوومات و باجی سەر سنوور و ئاسانکاری بۆ شۆفیری بارهەڵگرەکان و گەشتیارانیش دەکەین.

هەر لە دانیشتنەکەدا قایمقامی شاری مەریوانیش ڕەخنەی لە زیاد کردنی ڕسوومات لە سەر چوونە ژوورەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرت و وتی ڕسوومات لە سەر گەشتیاریش و لە سەر شۆفیر پاس و بارهەڵگرەکانیش زیاد کراوە و ئەوەش کێشەیێکە پێویستی بە چارە کردنە.

محەمەد شەفیعی ڕەقەمەکەشی خستە ڕوو و وتی ئێستا بۆ چوونە ژوورەوەی پاسەکان 600 هەزار تمەن ڕسوومات وەردەگیرێت ئەوەش ڕەقەمێکی ئێجگار زۆرە و دەبێت تەگبیرێکی بۆ بکرێت.

ئێستە زیاد کرانی ڕسووماتی چوونە دەرەوە و هاوردە کردنی کاڵاش لە ئاستێکدایە کە بازرگانان و چالاکانی ئابووری دەڵێن هیچ مەجالێکی تێدا نەماوە بۆ کاسبی کردن و هەر لە بەر ئەوەش کێشە لە بازاڕەکانی کوردستان دروست بووە.

بازرگان پێویستی بە دراوی بیانی و بەتایبەت دۆلارە و ناجێگیر بوونی نرخی دۆلاریش لە بازاڕدا وای کردووە کاسبکارانی سەر سنوور کێشەیان بۆ دروست بێت و بۆ چارە کردنی ئەو کێشەیەش پێویستە حکوومەت بە نرخی فەرمیی حکوومی دۆلاری پێویست بۆ بازرگانان دابین بکات و لە دانیشتنەکەی ئیدارەی پارێزگاریی سنەشدا تیشک خرایە سەر هەمان بابەت.

ئێستا لە پارێزگای کوردستان 68 هەزار پیلەوەر کارتی پیلەوەرییان وەرگرتووە و لەو ڕێژەیەش 55 هەزار کەسیان ئەندامی هەرەوەزێکن کە ناوی هەرەوەزی سنوورنشینەکانی لێنراوە.

پارێزگای کوردستان 227 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و ساڵانە زیاتر لە 6 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازە سنوورییەکانی ئەو پارێزگایەوە لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئەنجام دەبێت و بەگشتی وڵاتی عێراق سێهەم شەریکی بازرگانیی ئێرانە و پێوەندیی ئابووریی ئێران لەگەڵ عێراق بەهەند وەردەگیرێت.

News Code 14974

Your Comment

You are replying to: .
captcha