بەپێی هەواڵی کوردپرێس فەلاح مستەفا بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە گۆڤاری "ئوورۆکتیڤ"ی سلۆڤاکییای وتووە چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەکرد کۆمەڵگەی دەولەی بەو تووڕەییە مامەڵە بکەن لەگەڵ پرسی ڕیفراندۆم.
ناوبراو بە گۆڤارەکەی وتووە کوردی عێراق وایدەزانی کۆمەڵگەی دەولی و بەتایبەت یەکێتیی ئەورووپا دۆستی کوردە. بەڵام کورد بەخۆیدا شکا لەو ڕەفتارەی کۆمەڵگەی جیهانی بەرانبەر بە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان کردی. ئێمە وامان دەزانی کۆمەڵگەی جیهانی لە ئاوات و خولیاکانی کورد دەگەن.
بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی لە یەکێتیی ئەورووپاش گرت لە بەر ئەوەی ڕاستەوخۆ تەعامول لەگەڵ کورد ناکات و لە ڕێگای بەغداوە هاوکاریی کورد دەکات.
فەلاح مستەفا جەختیشی کردەوە کە بێگومان کورد پاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بەنیاز نەبوو دەستبەجێ سەربەخۆیی و گۆڕینی سنوور بخاتە قۆناغی جێبەجێ کردنەوە.
بەرپرسی پێوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی کارتێکەریی هەڵبژاردنەکەی عێراق لە سەر کورد دەڵێت: ئێستا کە مافی کورد بۆ پێکهێنانی وڵاتی سەربەخۆ لە بەر چاو نەگیرا بۆیە شایستەیە لانی کەم لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا پێگەیێکی هەبێت کە هەست بەوە بکات قسەی پێیە لە ئاستی عێراقدا.
فەلاح مستەفا ئەوەشی دووپات کردەوە هەرێمی کوردستان دراوسێیێکی جێی متمانەیە بۆ هەموو دراوسێکانی خۆی و داوای قووڵ کردنەوەی پێوەندییەکانی لە گەڵ هەموو دراوسێیێکی دەکات.
Your Comment