فیلمی زاگرۆس به‌شداری له‌ فێستیڤاڵێكی گرنگی جیهان ده‌کات

به‌شی فه‌رهه‌نگ و هونه‌ر- فیلمی سینه‌ماییی "زاگرۆس" له‌ ده‌رهێنانی سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه به‌شداری له‌ ٧١مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ئێدنبێرگ ده‌کات که‌ یه‌کێک له‌ پێنج کۆنترین فێستیڤاڵه‌ سینه‌مایییه‌ جیهانییه‌کانه‌ و له‌ سکۆتله‌ندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، چالاکییه‌کانی فێستیڤاڵ له‌ ڕۆژانی ١٨ تا ٢٩ حوزه‌یران/ یۆنیۆ له‌ ئێدنبێرگ له‌ سکۆتله‌ندا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و "زاگرۆس" له‌ به‌شی فیلمه‌ ئه‌وروپییه‌کاندا نمایش ده‌کرێت.

ساڵانه‌ له‌م فێستیڤاڵه‌دا زیاتر له‌ ٤٠٠ میدیاکار و زیاتر له‌ هه‌زار و ٣٠٠ به‌رهه‌مهێنه‌ر و شاره‌زایانی بواری سینه‌مای تێیدا به‌شدار ده‌بن.

له‌لایێکی دیکه‌وه‌ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ سینه‌مایییه‌ به‌شداری له‌ ١٧مین خولی فێستیڤاڵی فیلمی ترانسلڤانیا له‌ ڕۆمانیا ده‌کات که‌ به‌ گرنگترین فێستیڤاڵی سینه‌مایی له‌و وڵاته‌دا ده‌ژمێردرێت.

چالاکییه‌کانی فێستیڤاڵ له‌ ڕۆژانی ٢٥ی ئایار/ مایۆ تا ١ی حوزه‌یران/ یۆنیۆ له‌ رۆمانیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و فیلمی "زاگرۆس" له‌ به‌شێکی پێشبڕکێی فێستیڤاڵدا به‌شدار ده‌بێت.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌مایییه‌ پێشتر له‌ به‌شی "Limelight"ی فێستیڤاڵی فیلمی رۆتردامدا به‌شدار بوو که‌ تایبه‌ته‌ به‌ نمایش کردنی ئه‌و فیلمانه‌ی له‌ فێستیڤاڵه‌ گرنگه‌کاندا به‌شدار بوونه‌ و خه‌ڵاتی گرنگیان به‌ده‌ستهێناوه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شی پێشبڕکێی 35مین خولی فێستیڤاڵی نێوه‌ده‌وڵه‌تیی فیلمی ئه‌نۆنای له‌ شاری ئه‌نۆنای له‌ فه‌ڕه‌نسا به‌شدار بوو.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌مایییه‌ له‌لایه‌ن ماڵپه‌ڕی "Cutting Edge"ی به‌لژیکی له‌گه‌ڵ چوار فیلمی دیکه‌ی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستنیشان کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک باشترین فیلمی 2017 هه‌ڵبژێردرێت و له‌لایه‌ن خوێنه‌ران و هۆگرانی سینه‌ماوه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر بدرێت.

"زاگرۆس" به‌شداری له‌ 44مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی گێنت له‌ به‌لجیکا کرد و خه‌ڵاتی گه‌وره‌ی فێستیڤاڵی به‌ده‌ستهێنا که‌ خه‌ڵاتی "Grand Prix" بوو و هه‌روه‌ها دوو خه‌ڵاتی له‌ به‌شی پێشبڕکێی 18یه‌مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی فیلمی ئاڕه‌س له‌ فه‌ڕه‌نسا به‌ده‌ستهێنا که‌ خه‌ڵاتی باشترین ده‌رهێنه‌ر بوو له‌لایه‌ن لیژنه‌ی دادوه‌ری فێستیڤاڵ و خه‌ڵاتی باشترین فیلم له‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌.

ئه‌م به‌رهه‌مه‌ سینه‌مایییه‌ له‌ ١٤مین خولی فێستیڤاڵی نێوده‌وڵه‌تیی سینه‌ماییی دوبه‌یدا به‌شدار بوو و کاندیدی چوار خه‌ڵات بوو و دوو نمایشی تایبه‌تی بۆ کرا.

"زاگرۆس" به‌رهه‌مێکی هاوبه‌شی به‌لجیکا و هۆڵه‌ندایه‌ و پرۆدیۆسه‌ری سه‌ره‌کیی فیلمه‌که‌ دریس فالیپۆیه‌ و سه‌هیم عومه‌ر، جه‌ین- کلود و ڤان ریچکهام سیناریۆکه‌یان ئاماده‌ کردوووه‌.

"زاگرۆس" چیرۆکی شوانێک به ‌ناوی زاگرۆس ده‌گێڕێته‌وه‌ که‌ هاوژینی خۆی زۆر خۆش ده‌وێت و بۆ ئه‌و کوردستان به‌هه‌شته‌ به‌ڵام هاوژینه‌که‌ی هاڤین و کچه‌که‌ی ره‌یهان ڕوو ده‌که‌نه‌ به‌لجیکا و دواتر زاگرۆسیش بڕیار ده‌دات بچێته‌ ئه‌و و‌ڵاته‌.

سه‌هیم عومه‌ر خه‌لیفه‌ پێشتر له‌ ڕێگه‌ی کورته‌فیلمی "میسی به‌غداد"، "وڵاتی پاڵه‌وانان" و "نێچیرڤانی خراپ" زیاتر له‌ ١٠٠ خه‌ڵاتی له‌ فێستیڤاڵه‌ سینه‌مایییه‌کاندا وه‌رگرتوووه‌.

دوو ساڵ به‌سه‌ریه‌که‌وه‌ کورته‌فیلمی "میسی به‌غداد" و دواتریش "نێچیرڤانی خراپ" له‌ کورته‌ لیستی کورته‌فیلمه‌ کاندیدکراوه‌کان بوون بۆ خه‌ڵاتی ئۆسکاری باشترین کورته‌فیلم و ئێستا ده‌رهێنه‌ر خۆی یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانی هه‌ڵسه‌نگاندنی فیلمه‌ له‌ ئۆسکار.

سه‌رچاوه‌: PUK media

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14881

Your Comment

You are replying to: .
captcha