پڕۆسه‌ی دابه‌زینی ڕێژەی به‌شداریی کورد له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق، هۆکار و لێکه‌وته‌کان/ حەسەن ساڵحی

به‌شی ڕاپۆرت/ عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌م ڕاپۆرته‌ تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر ئاستی به‌شداریی هاووڵاتییانی عێراق و به‌ تایبه‌ت کورد له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌و وڵاته‌ که‌ له‌ ماوه‌ی 15 ساڵ پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس پڕۆسه‌یێکی ڕوو له‌ خواری بوووه‌ و به‌ بۆنه‌ی هه‌ندێک هۆکاره‌وه‌ ڕووی داوه‌.

کوردپرێس- هه‌ڵبژاردنی ڕۆژی 12ی مه‌ی 2018ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ ڕووی به‌شداریی ده‌نگده‌ران که‌مترین ئاستی به‌شداری له‌ ساڵی 2003 و له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی ئه‌مدواییه‌ تۆمار کرد.

کۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنی عێراق پاش کۆتایی هاتنی ده‌نگدانی هه‌ڵبژاردنی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ڕێژه‌ی به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی به‌ 44.52 له‌سه‌د ڕاگه‌یاند. ئه‌و ئاماره‌ خوارترین ڕێژه‌ی به‌شداریی له‌ هه‌ڵبژاردن پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس بوو. پێش له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مدواییه‌، سێ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی له‌ عێراق به‌ڕێوه‌ چوووه‌ که‌ ڕێژه‌ی به‌شداری تیایدا به‌م شێوازه‌ بوووه‌؛ له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ ساڵی 2005 ڕێژه‌ی به‌شداریی ده‌نگده‌ران 79.6 له‌سه‌د بوو. ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ ساڵی 2010 بۆ 62.4 دابه‌زی و پڕۆسه‌ی ڕوو له‌ خوار له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی سێهه‌م له‌ ساڵی 2014 درێژه‌ی هه‌بوو و گه‌یشته‌ 60 له‌سه‌د. هه‌روا که‌ ئاشکرایه‌ خولی یه‌که‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق زیاترین ئاستی به‌شداری به‌ خۆوه‌ بینیوه‌ و پڕۆسه‌ی ڕوو له‌ خواری سێ خولی هه‌ڵبژاردن درێژه‌ی بوووه‌.

له‌ هه‌ڵبژاردنی چواره‌میشدا سه‌ره‌ڕای داوای تێکڕای حیزب و هاوپه‌یمانییه‌کان له‌ خه‌ڵک بۆ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردن به‌ڵام به‌شداریی ده‌نگده‌ران ته‌نانه‌ت به‌ نیوه‌ش نه‌گه‌یشت. به‌ گشتی زیاتر له‌ 24 میلیۆن که‌س ده‌یانتوانی ده‌نگ بده‌ن به‌ڵام ته‌نیا 10 میلیۆن و 878 هه‌زار که‌س چوونه‌ سه‌ر سندۆقی ده‌نگدان و ئاستی به‌شداریی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردن 44.52 له‌سه‌د بوو.

هۆکاره‌کانی پڕۆسه‌ی دابه‌زینی ڕێژەی به‌شداریی هاووڵاتییانی عێراق له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوودا

هۆکاری یه‌که‌م بێ‌هیوایی هاووڵاتییان له‌ دروست‌بوونی گۆڕانکاریی ڕیشه‌یی له‌ ڕێگای سندۆقه‌کانی ده‌نگدان ده‌بێت به‌ شێوه‌یێک که‌ له‌ دوو خولی پێشووی هه‌ڵبژاردندا دوو لیست به‌ سه‌رکردایه‌تیی ئه‌یاد عه‌لاوی له‌ ساڵی 2010 و نووری مالیکی له‌ ساڵی 2014 که‌ زۆربه‌ی ده‌نگه‌کانیان له‌ هه‌ڵبژاردن مسۆگه‌ر کرد نه‌یانتوانی پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران به‌ده‌ست بێنن و له‌ کێشمه‌کێشم و ململانێیه‌ نێوخۆ و بیانییه‌کان هه‌ندێک که‌سی دیکه‌ ئه‌و پۆسته‌یان وه‌ده‌ست هێنا و گۆڕانکاریی چاوه‌ڕوانکراوی خه‌ڵک له‌ سیما و دۆخه‌که‌ دروست نه‌بوو.

ده‌کرێت هۆکاری دووهه‌م به‌ بوونی ته‌زویر و ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردن و بردنه‌ ژێر پرسیاری سه‌لامه‌تی هه‌ڵبژاردن له‌ خوله‌کانی جۆراوجۆر ناو ببرێت. بابه‌تێک که‌ له‌ هه‌موو خوله‌کان و به‌ هه‌موو شێوازێکه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تی له‌سه‌ر بوووه‌.

خراپتر بوونی دۆخی ئابووری، گه‌نده‌ڵی ئابووری له‌ ده‌زگا حکوومییه‌کان و به‌رز بوونه‌وه‌ی ئاستی بێکاری و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک که‌ له‌ ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوو و له‌ هه‌ندێک ناوچه‌ی عێراق به‌ستێنی بۆ سه‌رهه‌ڵدانی داعش ڕه‌خساند هۆکارێکی سێهه‌مه‌ که‌ ده‌کرێت بۆ دابه‌زینی به‌شداریی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردنی عێراق ئاماژه‌ی پێ بکرێت.

پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی ته‌وافوقی زیاتر له‌وه‌ی که‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵک له‌به‌رچاو بگرێت به‌رژه‌وه‌ندیی حیزب و لایه‌نه‌ ده‌سه‌ڵاتدار و ئاماده‌بوو له‌ هاوپه‌یمانییه‌کان دابین ده‌کات و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵک قوربانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌کان ده‌بێت که‌ ده‌کرێت ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ هۆکاری چواره‌می دابه‌زینی به‌شداریی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ تێکڕای پارێزگا و ناوچه‌کانی ئه‌و وڵاته‌ وه‌سف بکرێت‌.

به‌رده‌نگی کورد لە پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا کێیه‌؟

پاش ڕووخانی ڕژێمی به‌عس له‌ ساڵی 2003 و به‌ بۆنه‌ی دۆخێکی نوێ که‌ له‌ عێراق دروست بوو به‌شداریی کورده‌کان له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته‌ گه‌یشته‌ باڵاترین ئاستی خۆی و به‌ستێنی به‌شداریی کورد له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی به‌غدا و ده‌سته‌به‌ربوونی مافه‌کانیان له‌ ده‌ستووری ئه‌و وڵاته‌ی ڕه‌خساند و ئه‌و بابه‌ته‌ وه‌ده‌ستهێنانی هه‌ڤیازی سیاسی و ئابووری له‌ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی به‌ تایبه‌ت پشکی 17 له‌سه‌دی هه‌رێمی کوردستان له‌ بودجه‌ی ساڵانه‌ی عێراق و وه‌ده‌ستهێنانی هه‌ندێک پۆستی باڵای سیاده‌تی له‌لایه‌ن کورده‌کانی به‌دواوه‌ بوو به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ له‌ ماوه‌ی 15 ساڵی ڕابردوودا بینراوه‌ پڕۆسه‌ی ڕوو له‌ خواری به‌شداریی هاووڵاتییانی کورد له‌ هه‌ڵبژاردن ده‌بێت. ڕوانینێک بۆ سه‌ر ئاماری هه‌ڵبژاردنی 2018 و چه‌ند هه‌ڵبژاردنی پێشوو له‌ سێ پارێزگای هه‌رێمی کوردستان ئه‌و ڕاستییه‌ به‌ ئاشکرا نیشان ده‌دات:

ڕێژه‌ی به‌شداریی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردنی خولی چواره‌می ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ ڕیزه‌وه‌ له‌ پارێزگای سلێمانی 50 له‌سه‌د، له‌ هه‌ولێر 43 له‌سه‌د و له‌ دهۆک 51 له‌سه‌د بوووه‌ و مامناوه‌ندی به‌شداری له‌ هه‌رێمی کوردستان له‌و هه‌ڵبژاردنه‌ 48 له‌سه‌د ده‌بێت.

ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ ڕێژه‌ی به‌شداریی پارێزگای سلێمانی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی سێهه‌م 74 له‌سه‌د، هه‌ولێر 79 له‌سه‌د و دهۆک 77 له‌سه‌د بوووه‌. مامناوه‌ندی به‌شداری له‌ خولی سێهه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق له‌ سێ پارێزگای هه‌رێمی کوردستانیش 76.6 له‌سه‌د بوووه‌.

ئاماره‌ ئاماژه‌پێکراوه‌کان ئه‌و ڕاستییه‌ نیشان ده‌دات که‌ به‌شداریی هاووڵاتییانی پارێزگای سلێمانی له‌ خولی چواره‌می هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ چاو هه‌ڵبژاردنی خولی سێهه‌م 32.5 له‌سه‌د دابه‌زیوه‌ و ئه‌و دابه‌زینه‌ له‌ هه‌ولێر 45.6 له‌سه‌د و له‌ دهۆکیش 33.8 له‌سه‌د بوووه‌.

به‌ گشتی؛ ڕێژه‌ی به‌شداریی هاووڵاتییانی سێ پارێزگای هه‌رێمی کوردستان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی 2018 له‌ چاو هه‌ڵبژاردنی خولی پێشوو دابه‌زینی 37.4 له‌سه‌دی نیشان ده‌دات و هه‌ولێر به‌ 45.6 له‌سه‌د دابه‌زین زیاترین ئاستی دابه‌زینی به‌شداریی خه‌ڵک له‌ سه‌رانسه‌ری عێراقی هه‌یه‌.

پڕۆسه‌ی به‌شداریی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ 8 قۆڵییه‌کانی پێشوو له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ند له‌ سلێمانی 21 له‌سه‌د، هه‌ولێر 49.1 له‌سه‌د و له‌ دهۆکیش 38.3 له‌سه‌د نیشان ده‌دات.

به‌ گشتی؛ هه‌رێمی کوردستان له‌ 8 هه‌ڵبژاردنی پێشووی (کوردستانی و عێراقی)دا 36.1 له‌سه‌د دابه‌زینی به‌شداریی خه‌ڵکی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و پڕۆسه‌ی به‌شداریی خه‌ڵک ڕوو له‌ خوار ده‌بێت.

ئه‌وه‌ له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجام‌دراو له‌ ساڵی 2003 تا 2018 له‌ ناوچه‌ "شیعه‌نشین"ه‌کانی باشووری عێراق دابه‌زینی 20.8 له‌سه‌د و له‌ به‌غداش دابه‌زینی 12 له‌سه‌دی به‌شداریی خه‌ڵکمان بینی به‌ڵام له‌ ناوچه‌ تێکه‌ڵاوه‌ "سوننه‌نشین"ه‌کان پڕۆسه‌ی به‌شداریی هاووڵاتییان 16.5 له‌سه‌د به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌.

له‌ حاڵێکدا که‌ هه‌رێمی کوردستان و به‌ ناوێکی دیکه‌وه‌ کورده‌کان به‌ حه‌شیمه‌تی "دیگر" خه‌ریکی ڕکابه‌ری، شه‌ڕ و یان خولقاندنی پرسی سیاسین حه‌شیمه‌تی به‌رانبه‌ری ئه‌وان واتا "عه‌ره‌ب"ه‌کان بریتی له‌ "شیعه‌" و "سوننه‌" له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیدا پڕۆسه‌یێکی ڕوو له‌ گه‌شه‌یان بوووه‌.

له‌م نێوانه‌دا، ئه‌نجامه‌کانی به‌راورد کردنی پڕۆسه‌ی به‌شداریی کورد و عه‌ره‌بی سوننه‌ له‌ هه‌ڵبژاردن جێی سه‌ره‌نجه‌. به‌شداری له‌ هه‌رێمی کوردستان به‌ شێوه‌ی مامناوه‌ند 48 له‌سه‌د ده‌بێت. ئه‌و ڕێژه‌یه‌ له‌ ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌کان 44 له‌سه‌ده‌ به‌ڵام له‌و کاته‌وه‌ که‌ پڕۆسه‌ی 8 قۆڵی له‌ ساڵی 2003 تا 2018 لێک ده‌درێته‌وه‌ و به‌راورد ده‌کرێت پڕۆسه‌ی به‌شداریی کورد له‌ هه‌ڵبژاردن ڕوو له‌ خواره‌ به‌ڵام هاوپه‌یوه‌ند به‌ عه‌ره‌بی سوننه‌ پڕۆسه‌یێکی ڕوو له‌ سه‌ری هه‌یه‌. (له‌ هه‌ڵبژاردنه‌ 8 قۆڵییه‌کان له‌ هه‌رێمی کوردستان دابه‌زینی به‌شداریی که‌م واتا 36.1- له‌سه‌دی ده‌بینین به‌ڵام له‌ ناوچه‌ سوننه‌نشینه‌کان به‌شداریی 16.7+ بوووه‌). به‌م پێیه‌ و به‌ له‌به‌رچاوگرتنی پڕۆسه‌ی ئێستا پێشبینی ده‌کرێت له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا به‌شداریی عه‌ره‌ب زیاتر له‌ ڕابردوو به‌رز بێته‌وه‌ و به‌شداریی کورده‌کان پڕۆسه‌یێکی ڕوو له‌ خواری زیاتری هه‌بێت.

پڕۆسه‌ی دابه‌زینی به‌شداریی کورد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی کوردستان و عێراق باس له‌ ناڕه‌زایه‌تیی زۆری خه‌ڵک له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌کات. دۆخی ئێستا له‌ حاڵێکدایه‌ که‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ داعش کۆتایی هاتوووه‌ و ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیییش به‌ڕێوه‌ چوو و ڕووداوه‌کانی 16 ئه‌کته‌وبر له‌ که‌رکووک و ناوچه‌ کێشه‌له‌سه‌ره‌کانمان بینی هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت یه‌کپارچه‌یی له‌ ناو ماڵی کورد به‌ بۆنه‌ی هه‌سته‌ ناسیۆنالیستی و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یی و شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عه‌ره‌ب به‌رز ببوایه‌ به‌ڵام دابه‌زینی 36 له‌سه‌دی به‌شداریی خه‌ڵک نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵکی کوردستان پیشان ده‌دات‌. به‌رده‌نگی ئه‌و نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تییه‌ی خه‌ڵک ده‌سه‌ڵاتدارێتی به‌غدا و عه‌ره‌به‌کان نین که‌ ئه‌گه‌ر به‌و شێوازه‌ ببوایه‌ ده‌بوو ڕێژه‌ی به‌شداری به‌رز ببوایه‌ چوونکه‌ به‌دواداچوونی پرسی کورد له‌ چوارچێوه‌ی عێراق و له‌ به‌غدا ده‌بێت. ده‌توانین بڵێین ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک له‌ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی هه‌رێمی کوردستان و حیزبه‌ کوردییه‌کان هۆکاری دابه‌زینی به‌شداریی خه‌ڵک له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌. ئێستاکه‌ زه‌نگی هۆشدار و مه‌ترسیی ناڕه‌زایه‌تیی خه‌ڵک له‌ قۆناغی ئێستا بۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتیی هه‌رێمی کوردستان لێدراوه‌. ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ عێراقیش هه‌یه‌ به‌ڵام ئاستی به‌رزبوونه‌وه‌ی له‌ کوردستان له‌سه‌ره‌وه‌یه‌. پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی کورده‌کان به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌و ڕاستییه‌ که‌ به‌غدا و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق شوێنی موناقیشه‌ له‌سه‌ر مافه‌کانیانه‌ زیاتر جێگای سه‌ره‌نج و لێکدانه‌وه‌یه‌ و کارتێکه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ر ڕووداوه‌کانی داهاتوو له‌ پێوه‌ندیی کورد و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی و پێگه‌ی کورد له‌ پڕۆسه‌ی سیاسیی عێراقدا به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ به‌ ئاشکرا ده‌بینرێت ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وامیی ئه‌و پڕۆسه‌ له‌ درێژخایه‌ندا له‌ زه‌ره‌ری کورد و به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌وان له‌ چوارچێوه‌ی عێراق ده‌بێت.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14858

Your Comment

You are replying to: .
captcha