شۆناسی نیشتمانی، گرێ کوێرەی دەسەڵات لە کابینەی چوارەمی عێراق/ مەنسوور ڕەحیمی

بەشی وتار/ عێراق و هەرێمی کوردستان- فرەڕەنگیی گەلانی عێراق لە باری ڕەگەز، ئایین، زمان و فەرهەنگەوە بۆتە هۆی قەیرانی شۆناسی نیشتمانی و دەرەچەیێکی باشی پێکهێنانی دەسەڵاتی نیشتمانی بەستێن خۆش کردنە بۆ نزیک کردنەوەی فەرهەنگە جیاوازەکان و ڕێککەوتن لە سەر پێکهاتەی سیاسیی نوێی عێراق.

کوردپرێس- هۆکارێکی سەرەکیی لاواز بوونی دەسەڵاتی نیشتمانی لە عێراقدا دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی شۆناسی نیشتمانیی جەماوەری عێراق. شۆناسی نیشتمانی وەکوو خشتەی سەرەکیی یەکڕیزی و یەکگرتووییی نێوان پێکهاتە و قەبارەکانی سیستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی یەک لە فاکتەرە سەرەکییەکانی دەسەڵاتی نیشتمانییە و دەبێتە هۆی ئەوەی دەستوەردانی وڵاتانی بیانی لە سەر سیستەمی حکومڕانی نەمێنێت. تێکڕای پێوەرە سەرکییەکانی دەسەڵاتی نیشتمانی بە سیاسی، سەربازی، فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و جوگرافییەوە لە عێراقی پێش و پاش 2003 بەردەوام تووشی کێشە بووە. سێ پێکهاتەی سەرەکیی عێراق (کورد- عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە) لە قۆناغی جۆربەجۆری مێژووییدا هەوراز و نشێوی زۆریان تێپەڕاندووە. لێکترازان و یەک نەگرتنی ئەو سێ پێکهاتەیە لە هەردوو ڕەهەندی ناوخۆ و دەرەکییەوە کارتێکەر بووە لە لاواز بوونی شۆناسی نیشتمانی و کێشەی بۆ دەسەڵاتی نیشتمانی ساز کردووە.

بایەخ و جومگە فەرهەنگییەکانی گەلی عێراق بەردەوام کێشەی لە سەر بووە و هەر ئەوەش قەیرانێکی نیشتمانیی لە شۆناسی تاکی عێراقیدا دروست کردووە. زمان، ئیشتراکاتی فەرهەنگی، و مێژووی هاوبەش سێ پێوەری سەرەکیی یەکگرتوویی و یەکڕیزیی گەلانە. لە عێراق ئەو دیاردەیە هەرگیز دەستەبەر نەبووە. کوردی عێراق لە هیچ پێوەرێکی باس کراودا هاوبەشییان لەگەڵ کۆمەڵگە فرەڕەنگی عێراق بە عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە و تورکمانیشەوە نییە. تاکە هۆکار کە پێکهاتە جیاجیاکانی عێراقی لە یەک وڵاتدا کۆ کردۆتەوە هێڵە سنووریەکان و جوگرافیای دەستکردە. تەنانەت ئەو بەشەی خاکی عێراقیش کە عەرەبن کێشەی ئایینییان هەیە. عەرەبی سوننە و عەرەبی شێعە لە سەر یەک بەڕە جێگایان نابێتەوە و تەنانەت عەرەبی شیعەش لە نێوخۆیاندا تووسی لێکترازان بوون. سنووری جوگرافیی عێراقی ئێستا بەرهەمی ڕێککەوتنی سایکس پیکۆ و بڕیاری بەریتانیایە پاش شەڕی یەکەمی جیهانی و لەو جوگرافیا دەستکردە هەمەڕەنگەدا هاوبەشیی فەرهەنگی و مێژوویی لە بەر چاو نەگیراوە و لە ئەنجامدا دانیشتووانی عێراق کۆمەڵێک خەڵکن کە بە سودفە کەوتوونەتە نێو یەک وڵات. هەر بۆیەش ئامادە نەبوونی گەلی عێراق بۆ سەربەخۆیی و بەوڵات بوون وای کرد کەلێنی قەومی، زمانی، ڕەگەزی، ۆایفی و ئایینی پەرە بسێنێت. لەم نێوانەدا هەر یەکەو لە ڕەوتەکان بە شیعە و عەرەب و سوننە و کورد و تورکمان و شیوعی و سەرجەم پێکهاتەکانەوە پێداگرن لە سەر بەرجەستە کردنی وتاری فەرهەنگیی خۆیان. هەموو پێکهاتەیێک لای خۆیەوە "وتاری فەرهەنگی"ی خۆی بە باشترین دەزانێت و "وتاری فەرهەنگی"ی دیتران بە ئاڵۆز و خراپ پیشان دەدات.

پێوەرەکانی پێکهێنانی شۆناسی نیشتمانی لە عێراق چین؟

لە هەموو ئەو وڵاتانەدا کە فرە ڕەنگیی قەومی، فەرهەنگی و ئایینی هەیە ئاساییە کە یەک لەو پێکهاتانە باڵادەست بن. بە زۆریش دەبینرێت ئەو پێکهاتەیە باڵادەستە کە یان زیاترین حەشیمەتی هەیە یان زیاتر لە باقی پێکهاتەکان دەستی بە سەرچاوە و جومگەکانی دەسەڵات دەگات. پێش 2003 و پێش ڕووخانی سەدام عەرەبی سوننە باڵادەست بوون ئەگەرچی حەشیمەتی سوننە بە نیسبەت عەرەبی شیعە زۆر کەمتر بوو بەڵام لە بەر ئەوەی دەستیان بە دەسەڵات دەگەیشت باڵادەست بوون. پاش سەدام هاوسەنگییەکە گۆڕا و ئەم جارەیان عەرەبی شیعە بوو کە بە بەشداریی کورد و عەرەبی سوننە حکوومەتی نوێیان پێک هێنا.

دیارە سەرهەڵدانی شۆناسی نیشتمانی و دەستەبەر بوونی یەکگرتوویی لە پێکهاتەی سیاسیی عێراق پێویستی بە هێنانە دیی کۆمەڵێک فاکتەری زەمینە خۆشکەر هەیە و لانی کەم بوونی بەشێک لەو فاکتەرانە وەکوو زەروورەت خۆ دەنوێنێت بۆ ئەوەی کابینەی چوارەمی بەغدا حکوومەتێکی خاوەن سەروەری و بەدەسەڵات بێت.

ڕێکەوتن لە سەر پێکهاتەی سیاسیی نوێی عێراق

زۆرینەی لیستە براوەکانی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراق بە کورد و و عەرەبی سوننە و هەر سێ ڕەوتە سەرەکییەکەی عەرەبی شیعەشەوە پێداگرن لە سەر بەشداری پێکردنی تێکڕای حیزبە و قەبارە سیاسییەکانی عێراق. دروشمی سەرەکیی موقتەدا سەدر سەرۆکی هاوپەیمانیی سایروون لە هەمان سەرەتای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردندا ئەوە بوو کە حکوومەتێکی باوکانەی تیکنۆکرات پێک دەهێنن کە سەرجەم لایەنەکانی تێدا بەشدار بێت. هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، حەیدەر عەبادی سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر و نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دیداری چڕیان لەگەڵ یەک کردووە و پێداگرن لە سەر بەشداری پێکردنی تێکڕای لایەنەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەتی ئایندەی ئەو وڵاتە.

پێدەچێت دەوڵەتی تۆتالیتەر ئۆتۆریتە لە کەشی ئاڵۆزی ئێستای عێراقدا جێگایان نابێتەوە و ئەو سیستەمە حکومڕانییە سیستەمێکی گونجاو نییە بۆ دەسەڵاتگێڕان لەو کەشی بێ هیوایی و لێتۆرانەی گەلی عێراق. بۆیە وا دەردەکەوێت دەوڵەتی تیکنۆکرات گونجاوترین سیستەمی حوکمڕانی بێت بۆ ئەو کەشەی عێراق. لە سیستەمە تیکنۆکراتەکاندا زۆرینەی قەبارە و ڕەوتەکانی کۆمەڵگا بەشداری حکوومەت دەبن. لە لایێکی ترەوە ستایلی بەهرەمەند بوونی هاووڵاتییان لە سەرچاوە و سەرمایەی ئابووری و نیشتمانی عادیلانەتر دەبێت لە بەر ئەوەی ئەگەر حکوومەتێکی تیکنۆکرات لە عێراقدا پێک بهێنرێت سامانی وڵاتی عێراق بە فەرمی و لە سەر بنەمای دادپەروەری بە سەر هەموو پێکهاتەکاندا دابەش دەکرێت و ئەوەش زەمینە خۆشکەر دەبێت بۆ چارە کردنی قەیرانێکی 16 ساڵە و پێدەچێت بەستێنی یەکلا کردنەوەی مادەی 140ی دەستووری عێراقیش بڕەخسێنێت. لەو حکوومەتە تیکنۆکراتەدا – ئەگەر بێتوو لایەنەکان بتوانن ئەو سیستەمە پێک بهێنن- تاکی کۆمەڵگا هەموو عێراقییێک بە هاووڵاتیی خۆی دەزانێت و ئەوەش کارتێکەر دەبێت بۆ دەستەبەر کردنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پاشان سەرهەڵدانی دەسەڵاتێکی نیشتمانی لە عێراقدا.

تەرکیز کردن لە سەر ڕەهەندی مەدەنی وەکوو ئەڵتەرنەتیڤ بۆ ڕەهەندی قەومی و تایفی

پێکهێنانی ڕەهەندی مەدەن و وازهێنان لە شۆناسی قەومی و تایفی و گۆڕانکاری کردن لەو ڕەهەندانەدا زەروورەتی سەرەکییە لە سەرهەڵدانی شۆناسی نیشتمانی. شابەیتی ئەو گۆڕانکاری کردنەش خشتەی فەرهەنگییە. هەموو پێکهاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی عێراقی فرەڕەنگ لە باری فەرهەنگییەوە ڕوو دەکەنە زاڵ کردنی بەرژەوەندی و فەرهەنگی خۆیان بە سەر دیکەی پێکهاتە بچووکەکاندا.

ئەو فەرهەنگەش بە وتەی دۆرکیم تایبەتە بەو کۆمەڵگایانەوە کە وەکوو عێراق پێکەوەبوونیان ئۆرگانیکی نییە بەڵکوو میکانیکی و دەستکردە. لە کۆمەڵگای فەرهەنگیی عێراقی فرەڕەنگدا زەمینە بۆ ڕێککەوتنی مەدەنی خۆش نەکراوە و جەبری سروشت کارتێکەر دەبێت لە چالاکیی سیاسیی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان وەکوو بەشێکی عێراق لە کاتی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییدا مەعنەویاتی کورد بزوا و کەشێکی حەماسی خولقا و کورد نکۆڵیی کرد لە دیالۆگ کردن و قبووڵ کردنی عەقڵییەتی دانوستاندن پێش بەڕێوە بردنی گشتپرسییەکەی 25ی ئەیلوولی 2017. سەرەڕای ئەوەش لە کۆمەڵگایێکی وەکوو عێراقدا تاکی کۆمەڵگا لە سەر بنەمای ڕێککەوتنی کۆمەڵایەتی لە یەک وڵاتدا کۆ نەبوونەتەوە هەر بۆیەش فەرهەنگی خۆ زاڵ کردن زۆر باوە. تایبەتمەندییێکی دیاری ئەو تێڕوانینەش ئەوەیە بنەمای لێکترازان و ڕاجیاوازی لەلایەن گرووپە ڕکابەرەکانەوە زەق دەکرێتەوە. هەر تاک و گرووپێک لای خۆیەوە ئامانج و بایەخەکانی خۆی بە ڕەوا و حەق دەزانێت و داوا و وتاری فەرهەنگیی ڕکابەرەکانی بە ناڕەوا و ناحەق دەنوێنێت. هەر بۆیەش بە ئەرکی خۆی دەزانێت ڕکابەرەکەی بسڕێتەوە و خۆی زاڵ و باڵادەست بێت. ئەوەش دەبێتە کۆمەڵێک هۆکار بۆ ئەوەی نەزۆک بوونی بەستێنی سەرهەڵدانی عەقڵییەتی فرەڕەنگی و بەشداری پێکردنی هەموو لایەنەکان.

دەستپێشخەری کردن ببۆ پێکهێنانی مەرجەعی دیموکراسییانەی پێشوەختە دەبێتە هۆی دروست بوونی دەسەڵاتێکی "عوام الناس" و ڕێگر دەبێت لە دامەزراندنی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەسەڵاتدارێتیی دیموکراسییانە. لە ڕاستیدا دیموکراسی پێویستی بە زەمینەی خۆشکراوی فەرهەنگی و نیشتمانی- مەدەنی هەیە.

لە عێراقی پاش سەدامدا کە فەرهەنگی نیشتمانی- مەدەنیی هاوبەش پێک نەهێنرابوو پەرەسەندنی ئاستی بەشداری کردنی پێشوەختە وای کردن لە جیاتی دیموکراسی، کەشی مابوکراسی جێگیر بێت. لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقدا نزیکەی 80 لە سەدی کۆی ئەو حەشیمەتەی دەیانتوانی دەنگ بدەن بەشداریی هەڵبژاردنیان کرد و ئەوەش کۆمەڵێک هێزە فرە لایەن و ڕاجیاوازی ناردە دەسەڵات. ڕێژەی بەشداری کردنی لە خولی دووهەم و سێهەمدا نزیکەی سەدا 20 کەمی کرد و گەشتە کۆی 60 لە سەدی ئەو کەسانەی دەیانتوانی دەنگ بدەن. بەڵام لە خولی چوارەمدا بێ هیوایی گەلی عێراق و لێکترازانی قبارە سیاسییەکان بەتەواوەتی پەرەی سەند و ئەوەش لە ڕێژەی بەشداری کردنی هاووڵاتییانی عێراقی لە هەڵبژاردندا دەرکەوت. لە خولی چوارەمدا تەنها 44 لە سەدی هاووڵاتییان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئەوەش گریمانەی ئەم یادداشتە زیاتر دەسەلمێنێت. لە ئەنجامدا ئەوەی هاتە گۆڕێ پێچەوانەی هەست و بۆچوونی خولی یەکەمی هەڵبژاردن دەرچوو و هەستی حەماسیی ئەو خولەی هەڵبژاردن دواتر تووشی داڕووخان بوو و ئێستا وڵاتی عێراق گیرۆدەیە بە دەست گرێ کوێرەی پێکهێنانی حکوومەتی چوارەمەوە و دیار نییە ئایا ئەو حکوومەتە باوکانە بە بێ ئامادەکاری کردن لە باری فەرهەنگی تا چ ڕادەیێک دەتوانێت قەیرانی شۆناسی نیشتمانی چارە بکات و لایەنە عێراقییەکان لە یەکتر نزیک بکاتەوە.

لە سەر ئەرکی بەشی کوردیی کوردپرێس نووسراوە

News Code 14843

Your Comment

You are replying to: .
captcha