بەپێی هەواڵی کوردپرێس بەڕێوەبەری ڕێگا و بان و گواستنەوە لە پارێزگای کرماشان لەو بارەیەوە بە هەواڵنێرانی وتووە سەدا 16ی کۆی ئاماری هاوردە و هەناردە کردنی وڵاتی ئێران لە دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە ئەنجام دەبێت.
بەهمەن خەسرەوانی زیاتر دەڵێت: ساڵی ڕابردوو کۆی یەک ملوێن و 450 هەزار و 272 تەن شمەک لەو دەروازە سنوورییەوە ئاڵوگۆڕی پێکراوە و دووهەم دەروازەی سنووریی ئێران بوو لە بواری هتوردە کردنی کاڵادا.
ناوبراو ئەوەشی ئاشکرا کرد ئێستا 32 دەروازەی سنووری کاران کە 22 لەو مەرزانە وشکانین و 10 دەروازەی ئاویش لە ئێران هەن. ساڵی ڕابردووش کۆی 9 ملوێن و 281 هەزار و 654 تەن کاڵا بۆ ناوخۆ و دەرەوەی ئێران ئاڵوگۆڕی پێکراوە و ئەو ڕێژەیەش لە چاو ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو سەدا 19 هەڵکشانی بە خۆوە دیوە.
بەهمەن خەسرەوانی سەبارەت بە پێگەی دەروازە سنوورییەکانی ئێران لە گەڵ هەرێمی کوردستانیش ئەوەی زیاد کرد سێ دەروازەی پەروێزخان، باشماخ و حاجی ئومەران پاش دەروازەی بەندەری شەهید ڕەجایی گرینگترین دەروازە سنوورییە وشکانییەکانی ئێرانن و ئەو دەروازەیە 71 لە سەدی کۆی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتی ئێران لە خۆ دەگرن.
ناوبراو زیاترین کاڵای هاوردە و هەناردە کراوی دەروازەی سنووری پەروێزخانیش دەخاتە ڕوو کە بریتیتن لە: برنج، مازۆت، پارچەی مەکینە و سەیارە.
دەروازەی سنووری پەروێزخان کەتۆتە سەر جادەی کۆنی ئەبریشەم و نزیکترین جادەیە کە لە ڕێگای عێراق و سووریاوە بە درێژایی 900 کیلۆمەتر دەگاتە وڵاتانی ئەورووپا.
هەر بە وتەی بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخان، ڕۆژانە 800 لۆری و بارهەڵگر لە ئێرانەوە هەموو جۆرە کاڵایێک بەرەو هەرێمی کوردستان هەناردە دەکەن.
هەروەهاش ڕۆژانە 500 تەنکەری نەوتی عێراقی و ئێرانی لە هەرێمی کوردستانەوە بە فەرمی بە دەروازەی سنووری پەروێزخاندا تێدەپەڕن و دەگەنە بەندەرەکانی باشووری ئێران.
هاوکات خەلیل حەیدەری بەڕێوەبەری گومرگی پەروێزخانیش ڕێژەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی یەکەم مانگی ئەمساڵی هەتاویی لە دەروازەی پەروێزخانەوە ئاشکرا کرد و وتی: لە مانگی نیساندا بڕی 36 ملوێن و 785 هەزار و 819 دۆلار شتومەکی بیانی لە دەروازەی پەروێزخانەوە هاوردە کراوە کە کێشەکەی دەگاتە 112 هەزار و 347 تەن. ئەوەش لە چاو ماوەی هاوشێوەی ساڵی پار لە باری کێشەوە سەدا 19 و لە باری بایەخیشەوە سەدا 56 هەڵکشانی تۆمار کردووە.
دەروازەی سنووری پەروێزخان ساڵی 1386ی هەتاوی/ 2007ی زایینی وەکوو مەرزی فەرمیی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان دیاری کرا، یەک لە دەروازە سنوورییە هەرەگرینگەکانە بۆ ئاڵۆگۆڕ کردنی کاڵا و هەموو ساڵێک ڕێژەیێکی باڵای بازرگانی کردن لەو دەروازە سنوورییەوە تۆمار دەکرێت و دووهەم دەروازەی گەورەی بازرگانی کردنی ئێرانە و زیاتر لە 50 لە سەدی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ئێران و عێراق لە خۆ دەگرێت.
Your Comment