بەپێی هەواڵی کوردپرێس لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتەکەیدا لە ئیستەنبوڵ، سزای تەمەلی، هاوسەرۆکی هەدەپە رایگەیاند "ئێمە بۆ ئاشتی و دیموکراسی ئامادەکاری دەکەین، لە 24ی حوزەیراندا دەبینە بەردێک و بەر سەری ئەوان دەکەوین، ئەو بەردەش دەمیرتاشە. بۆیە لە رۆژی هەڵبژاردندا ئێمە سەلاحەدین دەمیرتاش، فیگەن یوکسەکداغ و سەباحەت تونجەل لە زیندان دەردەهێنین".
تەمەلی گوتیشی "وەرن پێکەوە شانبەشانی یەکدی دەسەڵاتداری رزگار بکەین، لە 25ی حوزەیراندا حیسابی ئەوان تێکبدەین. ئێمە 24ی حوزەیران نەک 80 بەڵکوو بە 180 پەرلەمانتارەوە دەچینە پەرلەمان. رۆژی 25ی حوزەیرانیش هەموومان گۆڤەندی ئاشتی دەگێڕین. هەر بۆیە لە ئێستاوە ئامادەکاری ئاشتی و دیموکراسی دەکەین. لە رۆژی دەنگداندا سەردەکەوین".
بڕیارە رۆژی 24-6-2018 هەر دووو هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەبچن. هەدەپە بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات. بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەمیرتاش بەربژێری هەدەپەیە، کە ئێستا لەگەڵ ژمارەیێک پەرلەمانتاری دیکەی لە زینداندایە.
هاوکات پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی هەدەپە لە کاتی کردنەوەی ئۆفیسی هەڵبژاردنی پارتەکەی لە ئیزمیر رایگەیاند "رێگەنادەن لە زیندانی ئەدیرنەش دەمیرتاش ببینین. ئاکپارتی نەک تەنیا دەمیرتاش، بەڵکو لە هەدەپە و پەرلەمانتار و سەرۆک شارەوانییەکانیش دەترسێت. لە شارەکانی کوردستاندا هەوڵدەدەن هاووڵاتییان دەنگ نەدەن، بەڵام با باش بزانن ئەگەر سندووقەکانی دەنگدان ببەنە سەر مانگیش خەڵکی ئێمە دەچێتە سەر سندووقەکانی دەنگدان".
بوڵدان گوتیشی "هەڵبژاردنی 24ی حوزەیران چارەنووسی گەلانی تورکیا دیاریدەکات. ئەو هەڵبژاردنە بڕیار لەسەر دوو شت دەدات؛ یان ئەوەتا لە تاریکیدا بمێنین یان رووناکی. دەنگدەران یان بەزۆرداری و ئینکار و سیاسەتی ئینکاری 16 ساڵەی ئاکپارتی دەڵێن بەڵێ یانیش دەڵێن نا. ئێمە لەگەڵ رووناکی خوشک و براکانمانداین".
هاوسەرۆکی هەدەپە باسیشی لەوە کرد "حکوومەتی ئاکپارتی نەک تەنیا لەڕووەکانئ ئابووری و کولتووری و سیاسییەوە، بەڵکوو لەڕووی ئارامیشەوە شتێکی پێشکەشی کۆمەڵگەی تورکیا نەکردووە. ئیدی سەردەمی ئاکپارتی بەسەرچوو. 25ی حوزەیرانی تورکیا بەبێ ئەردۆغان و ئاکپارتی دەبێت".
Your Comment