کورتهێنانی بەنزین لە شارێکی کوردستانی ئێران قەرەباڵخی دروست دەکات

بەشی کوردستان- پاش ئەوەی دەنگۆی کورتهێنانی بەنزین لە شاری بانی کوردستانی ئێران بڵاو بوویەوە خەڵکی شارەکە بە ئوتومبیلەکانیانەوە ڕوویان کردە بەنزینخانەکان و قەرەباڵخی و کێشەی تەرافیکی دروست بوو و بەنزینی پاشەکەوتی ئەو شارە تەواو بوو و ئەوەش ناڕەزایی خەڵکی شارەکەی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس عەبدولواحید بەلالی بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەش کردنی سووتەمەنی بانە لەو بارەیەوە بە هەواڵنێرانی وت هۆی کورتهێنانی بەنزین لە بانە ئەوە بوو شۆفیری لۆرری و تەنکەرەکان مانیان گرتبوو و بۆ ماوەی چەند ڕۆژ بەنزین نەدەگەیشتە بانە بەڵام ئێستا کێشەکە چارەسەر بووە و بەم زووانە بەنزین دەگاتە بەنزینخانەکانی شاری بانە.

ناوبراو داوای لە هاووڵاتییان کرد ددان بە خۆدا بگرن و دڵ نیگەران نەبن لە دابین کردنی بەنزین چوونکە شەش تەنکەری بەنزین بەڕێوەیە و پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆش (دووشەمە 28ی ئایار) 10 دەتەنکەری دیکە بۆ بەنزینخانەکانی شاری بانە پڕ دەکرێن بۆیە بە زووترین کات بەنزینخانەکان پڕ دەکرێنەوە لە بەنزین.

شیاوی ئاماژەیە پێش چەند ڕۆژ شۆفیری تەنکەر و لۆری و بارهەڵگرەکان لە پارێزگای کوردستان مانیان گرتبوو ئەوەش وەکوو ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە کەم بوونی کرێی بارهەڵگرەکان و هەر بەو هۆیەشەوە کرێی بارهەڵگرەکان بە فەرمی سەدا 20 زیادی کرد.

News Code 14802

Your Comment

You are replying to: .
captcha