بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەیەکدا، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نۆ خاڵ، چەند زانیارییێک لەبارەی پرۆسەکەوە ئاشکرا دەکات.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ئامێر و کەلوپەلە ئەلیکترۆنییەکانی دەنگدان بەپێی ئاسای کۆمسیۆن کڕاون و کۆمسیۆنیش ئامادەیە بەڵگەکانی ئەو کەلوپەلانە ئاشکرا بکات.
هەروەها دەڵێت: داتاکانی بنکەکانی دەنگدان بەشێوەیێکی نادیار (مشفر) لەگەڵ راپۆرتێک لەبارەی سەلامەتیی گوێزەرەوەی داتاکان، گەیەندراونەتە کۆمسیۆن.
لەبارەی گواستنەوەی داتاکانەوە زیادی دەکات: داتاکان جگە لە گواستنەوە بە سێرڤەر، بە فلاش میمۆریش گواستراونەتەوە و هەردوو داتا گوازراوەکەش بەراورد کراون و یەکانگیر بوون جگە لە پارێزگای کەرکووک، کە بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی چەند بنکەیێک لەلایەن لایەنگرانی حزبەکان، فلاش میمۆرییەکان نەگەڕێندراونەتەوە کۆمسیۆن.
- راپۆرتی کاغەزیی بنکەکانی دەنگدان لە وێستگەکاندا چاپ کراون و وێنەیێکی وەرەقەکای دەنگدانیش لەسەر هارد دیسک دانراوە و دراوەتە نوێنەری لایەنە سیاسییەکان.
- وێستگەکنی دەنگدان لە دەرەوە و ناو کەمپەکان رێژەی %2ـی وێستگە گشتییەکانی دەنگدانیان پێکهێنا و بەشێکیان بەهۆی بوونی سکاڵای سوور، رەت کرانەوە.
- هەموو ئەو رێکارانەی سەرەوە بە ئاگاداریی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوبەشەکانی پرۆسەی هەڵبژاردن ئەنجام دراون.
- هیچ کەس و لایەنێک توانای چوونە ناو سێرڤەری دەنگدانی ئەلیکترۆنی نەبووە.
- کۆمسیۆن ئاماەیە هاوکاریی لێژنە حکوومی، دادوەری یان پەرلەمانییەکان بکات بۆ خستنەڕووی داتاکان و هۆشدارییش دەداتە ئەو لایەنانەی باس لە لایەنداریی کۆمسیۆن بۆ هەندێک لایەن دەکات و دەڵێت: "مافی ئەوەمان هەیە رووبەڕووی دادگایان بکەینەوە".
- هەموو ئەو کەس و لایەنانەی ناڕەزاییان لە ئەنجامەکان هەیە، دەتوانن بە گرتنەبەری روێشوێنە یاساییەکان، تا رۆژی 31/5/2018 لە دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن.
سەرچاوە: سوومریە نیووز
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment