لە کوردستانی سووریا ١٢٥ ئەندامی داعش دەستگیر کران

بەشی سووریا- وتەبێژی ئاسایشی کوردستانی سووریا ڕایگەیاند 125 کەس لە کوردستانی سووریا دەستبەسەر کراون کە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی 47 حاڵەتی کوشتن لە ناو کەمپی هۆڵ و هەندێکیشیان ئەندامی شانە نووستووەکانی داعش و ڕووداوەکانی ناوە کەمپەکەن.

کوردپرێس:

عەلی حەسەن، وتەبێژی ئاسایشی کوردستانی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ١٢٥ ئەندامی داعش لە کەمپی هۆلدا دەستگیرکران کە هەندێکیان بەرپرسی شانە نووستووەکان و رووداوەکانی ناو کەمپەکە بوون.

وتەبێژی ئاسایشی کوردستانی سووریا ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ئەندامانەی داعش تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ٤٧ حاڵەتی کوشتن لەناو کەمپی هۆلدا.

عەلی حەسەن ئەوەشی خستەڕوو، لەناو کەمپەکە چەندین جار هەوڵی راکردن دراوە لە رێگەی بریندارکردن و کوشتنی پاسەوانان و بە بەکارهێنانی چەقۆ و دەمانچەی بێدەنگ.

ناوبراو ئاشکراشی کرد، چەند چەکدارێکی داعش دزەیان کردووەتە ناو کەمپەکەوە و وەکوو کەسانی مەدەنی خۆیان نیشان داوە.

شایانی باسە چەند رۆژێک لەمەوبەر، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) داوای لە وڵاتانی جیهان کرد لەپێناو باشترکردنی رەوشی ژیانی هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە ئاستی یارمەتییە مرۆییەکانیان بەرز بکەنەوە.

کەمپی هۆل لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەیە و نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە باشووری شارۆچکەی هۆلەوە دوورە، لە ئێستادا زیاتر لە ٦٨ هەزار ئاوارە و پەنابەری شارە جیاجیاکانی سوریا و خێزانەکانی داعش و پەنابەرانی عێراقی تێدا نیشتەجێ کراون.

News Code 1477

Your Comment

You are replying to: .
captcha