کوردپرێس:
عەلی حەسەن، وتەبێژی ئاسایشی کوردستانی سووریا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ١٢٥ ئەندامی داعش لە کەمپی هۆلدا دەستگیرکران کە هەندێکیان بەرپرسی شانە نووستووەکان و رووداوەکانی ناو کەمپەکە بوون.
وتەبێژی ئاسایشی کوردستانی سووریا ئاماژەی بەوەش دا، ئەو ئەندامانەی داعش تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی ٤٧ حاڵەتی کوشتن لەناو کەمپی هۆلدا.
عەلی حەسەن ئەوەشی خستەڕوو، لەناو کەمپەکە چەندین جار هەوڵی راکردن دراوە لە رێگەی بریندارکردن و کوشتنی پاسەوانان و بە بەکارهێنانی چەقۆ و دەمانچەی بێدەنگ.
ناوبراو ئاشکراشی کرد، چەند چەکدارێکی داعش دزەیان کردووەتە ناو کەمپەکەوە و وەکوو کەسانی مەدەنی خۆیان نیشان داوە.
شایانی باسە چەند رۆژێک لەمەوبەر، مەزڵوم کۆبانێ، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) داوای لە وڵاتانی جیهان کرد لەپێناو باشترکردنی رەوشی ژیانی هاوڵاتیانی ناو کەمپەکە ئاستی یارمەتییە مرۆییەکانیان بەرز بکەنەوە.
کەمپی هۆل لە رۆژهەڵاتی شاری حەسەکەیە و نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە باشووری شارۆچکەی هۆلەوە دوورە، لە ئێستادا زیاتر لە ٦٨ هەزار ئاوارە و پەنابەری شارە جیاجیاکانی سوریا و خێزانەکانی داعش و پەنابەرانی عێراقی تێدا نیشتەجێ کراون.
Your Comment