گه‌لانی سووریا خۆپیشاندانیان بۆ عه‌فرین ئه‌نجام دا

به‌شی سووریا- هه‌زاران هاوڵاتی له‌ شاره‌كانی مه‌نبه‌ج و دێرک و گێركێله‌گێ و كۆبانێ له‌ دژی ده‌وڵه‌تی توركیا ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان و ڕێپێوانیان ئه‌نجام دا بۆ ده‌ربڕینی پشتیوانی بۆ كانتۆنی عه‌فرینی سووریا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، دوێنێ شه‌ممه‌ 26ی ئایار له‌ چوارچێوه‌ی خۆپیشاندانه‌كانی پشتگیری كردنی عه‌فرین له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان له‌ شاره‌كانی سووریا ڕێپێوان ئه‌نجام درا و له‌ كۆتاییدا به‌یاننامه‌یێكیان ئاڕاسته‌ی ڕای گشتی كرد.

هاوڵاتیانی مه‌نبه‌ج له‌ مه‌یدانی سه‌به‌ر به‌حرات كۆبوونه‌وه‌ و له‌ چالاكییه‌كه‌دا نه‌زهه‌ خه‌لۆ هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دیموکراتیکی منبج ئاماژه‌ی به‌ كۆچبه‌ری و تاڵان و كۆمه‌ڵكوژی و هێرشی ده‌وڵه‌تی توركیا كرد.

هاوسه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دیموكراتیکی مه‌نبج وتیشی: "ده‌وڵه‌تی توركیا دوای هێرش كردنه ‌سه‌ر عه‌فرین هه‌ڕه‌شه‌ی داگیر كردنی مه‌نبه‌ج ده‌كات."

هاوكات هه‌زاران هاوڵاتی له‌ شاره‌كانی گرێ سپی، عه‌ین عیسا، سرین و كۆبانێ له‌ مه‌یدانی ژنانی ئازادی كۆبانێ گرد بوونه‌وه‌ و ڕێپێوانێكیان به‌ره‌و مه‌یدانی شه‌هید عه‌گید ده‌ستپێكرد.

خۆپیشانده‌ران و چالاكوانان به‌ وتنه‌وه‌ی دروشمی "نا بۆ گۆڕینی دیموگرافیا" و "نا بۆ بێده‌نگیی نێوده‌وڵه‌تی" دژی ده‌وڵه‌تی توركیا وه‌ستانه‌وه‌.

شایانی باسه‌؛ دوای 58 ڕۆژ له‌ به‌رگریی سه‌ختی شه‌ڕڤانانی یه‌په‌گه ‌و یه‌په‌ژه‌ دژی له‌شكركێشی سوپای توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیک له‌ توركیا 18ی مانگی (ئازار)ی ڕابردوو له‌ كانتۆنی عه‌فرین كشانه‌وه‌ ئه‌وه‌ش بۆ رێگه‌ گرتن له‌ بۆردومانی هاووڵاتییانی مه‌ده‌نی كه‌ توركیا به‌ سه‌ختی ده‌ستی پێكردبوو.

به‌هۆی هێرشه‌ ئاسمانی و زه‌مینییه‌كانی توركیاوه‌ بۆ سه‌ر عه‌فرین زیاتر له‌ 500 هاووڵاتیی مه‌ده‌نی شه‌هید بوون و زیاتر له‌ هه‌زار هاووڵاتی دیكه‌ش بریندار بوون و تا ئێستاش دیار نییه‌ سوپای توركیا و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی نزیک له‌ توركیا كه‌ی له‌ كانتۆنه‌كه‌ ده‌چنه‌ ده‌ره‌وه‌.

سه‌رچاوه‌: خه‌ندان

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14752

Your Comment

You are replying to: .
captcha