گۆڕان هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر پرسی به‌شداری کردنی له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق ئاشکرا کرد

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دوایین هه‌ڵوێستی خۆی له‌سه‌ر پرسی به‌شداری کردنیان له‌ په‌رله‌مانی عێراق ئاشکرا کرد و ڕای‌گه‌یاند: چاوه‌ڕێی ڕێکاره‌ یاسایییه‌کان‌ و هه‌وڵه‌ سیاسییه‌کانین بۆ دووباره ‌کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگاکانی هه‌رێم‌ و پارێزگاکانی که‌رکووک‌ و مووسڵ و به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو بژارده‌یێک له ‌به‌رده‌م بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کراوه‌یه‌ به‌ بڕیاری بایکۆتی سیاسیشه‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، ڕۆژی شه‌ممه‌ 26ی ئایار جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کۆبوونه‌وه‌ی خۆی له‌سه‌ر پرسی به‌شداری کردنی بزووتنه‌وه‌که‌ له‌ په‌رله‌مانی داهاتووی عێراق ئه‌نجام دا و دواتر ڕاگه‌یێندراوێکی بڵاو کرده‌وه‌ و تێدا ئاماژه‌یان به ‌ئه‌وه‌ کرد "ئه‌و ساخته‌کارییه‌ ڕێکخراوه‌ی یه‌کێتی ‌و پارتی که‌ به‌و هۆیه‌وه‌ ده‌نگی سه‌دان هه‌زار هاووڵاتی کوردستانیان دزی جارێکی‌تریش سه‌لماندیان که‌ له‌ پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی حیزبی خۆیان‌ سڵ له‌ هیچ ڕه‌فتارێک ناکه‌نه‌وه‌ و به‌و ڕه‌فتاره‌یان هاووڵاتییانی کوردستانیان ڕق ئه‌ستوورتر کرد به‌رامبه‌ر ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ شکست‌خواردوو و خۆسه‌پێنه‌".

له‌ به‌شێکی‌تری ڕاگه‌یێندراوه‌که‌دا جڤاتی نیشتیمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه ‌ڕوو سه‌رتاپای هه‌ڵبژاردنه‌کان ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا چاوه‌ڕێی ڕێکاره‌ یاسایییه‌کان‌ و هه‌وڵه‌ سیاسی ‌و دیپلۆماسییه‌کانن بۆ دووباره‌ کردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن له‌ پارێزگاکانی هه‌رێم ‌و پارێزگاکانی که‌رکووک‌ و مووسڵ یان ڕاست کردنه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌کان‌ و گێڕانه‌وه‌ی ده‌نگه‌ ڕاسته‌قینه‌کانی هاووڵاتییانی کوردستان و به ‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌موو بژارده‌یێک له ‌به‌رده‌م بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان کراوه‌یه‌ به‌ بڕیاری بایکۆتی سیاسیشه‌وه‌ به‌ ڕاوێژ له‌گه‌ڵ یه‌کگرتووی ئیسلامی، کۆمه‌ڵی ئیسلامی، هاوپه‌یمانی بۆ دیموکراسی ‌و دادپه‌روه‌ری، بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ‌و حیزبی شیووعی کوردستان.

جڤاتی نیشتمانیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داواش له‌ هه‌موو هێز و لایه‌نه‌ کوردستانییه‌ نیشتمانییه‌کان ده‌کات به‌ره‌یێکی فراوان دروست بکه‌ن بۆ گۆڕانکاری ڕیشه‌یی له‌ هه‌رێمی کوردستان.

باس له‌وه‌ش ده‌کات دوا به ‌دوای هه‌وڵه‌کانی گۆڕان ‌و هێزه‌ کوردستانییه‌کانی‌تر بۆ ساخ کردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌کانی هاووڵاتییان چه‌ندین هێز و لایه‌نی سیاسیی عێراقی ‌و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوووه‌کان داوای لێکۆڵینه‌وه‌ی به‌په‌له‌ ده‌که‌ن له‌ ساخته‌کارییه‌کانی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن. هه‌روه‌ها دروست کردنی لیژنه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌لایه‌ن حکوومه‌تی عێراقه‌وه‌ هه‌نگاوێکی ئه‌رێنی‌ و دانپێدانانه‌ به‌ ساخته‌کاری له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا.

سه‌رچاوه‌: ئێن ئاڕتی

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14739

Your Comment

You are replying to: .
captcha