یەکێتی زانیاریی مەترسیدار لەبارەی داعشەوە ئاشکرا دەکات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ئۆپەراسیۆنێک بۆ ناو شاری مووسڵ و بە مەبەستی بنبڕکردنی تیرۆریستانی داعش ئەنجام دەدەن، بەرپرسێکی یەکێتیش زانیاری ورد لەو بارەیەوە ئاشکرا دەکات و ڕای‌دەگەیێنێت: "تیرۆریستان خۆیان لەناو ماڵەکان و ئاوارەکاندا حەشار داوە"، دەشڵێت: "لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە 40 تیرۆریست دەستگیر کراون".

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، غەیاس سورچی وتەبێژی مەڵبەندی نەینەوای یەکێتی بە SNNی ڕاگەیاند: "لە چەند ڕۆژی ڕابردودا لە لایەن سوپای عێراق و پۆلیسی فیدراڵی و پۆلیسی ناوخۆییەوە ئۆپەراسیۆنێک لە مووسڵ ئەنجام درا، بەڵام ڕووبەڕووبوونەوە ڕووی نەدا و فرۆکەی جەنگی و کۆپتەر وەک ھێزی پشتیوانیی بەشداریان پێکرا".

ئاماژەی بەوەش کرد: "بە گوێرەی زانیارییەکانی ئێمە، لە ماوەی مانگێکدا زیاتر لە 40 داعش دەستگیر کراون کە لە نێویاندا ئەمیری ئەو گرووپە تیرۆریستییە ھەیە، جگە لەوەش دەستگیراوە بە سەر چەندین کەرەستە و چەک و تەقەمەنی کە بۆ خۆ ڕێکخستنەوەیان بەکاریان ھێناوە".

بە وتەی بەرپرسەکەی یەکێتی: "پێشتر داعش ڕایگەیاندوە 25 ھەزار چەکداری لە نەینەوا ھەیە، بە گوێرەی ئامارەکانیش ژمارەی کوژراوان و دەستگیرکراوەکانیشیان نەگەیشتۆتە 10 ھەزار چەکدار".

ھاوکات زانیاری لەسەر مانەوەی پاشماوەی ئەو گرووپە تیرۆریستیە ئاشکرا دەکات و دەڵێت: "بەشێکی تیرۆریستان لەناو ئاوارەکان و ماڵەکاندا خۆیان حەشار داوە، بەڵام خەڵکی مووسڵ جیاوازن بەراورد بە ماوەکانی ڕابردوو، ئێستا ھێرشیان دەکەنە سەر و دەیانکوژن، تەنانەت بوونەتە چاوساغ و پاڵپشتی ھێزە ئەمنییەکان".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60104

News Code 14699

Your Comment

You are replying to: .
captcha