بەپێی هەواڵی کوردپرێس هامی ئاکسوی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەو بارەیەوە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، بەم نزیکانە لێپرسراوانی ئەمریکا سەردانی تورکیا دەکەن بە مەبەستی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لە سوریا.
لە دوای چوونە ناوەوەی سوپای ئەمریکا بۆ ناوخۆی سووریا بۆ ئەنجامدانی چالاکی لە دژی داعش، یەکێک لەو شوێنانەی کە هێزی سەربازی خۆی تێدا جێگیر کردووە شاری منبج بووە بۆ هاوکاریکردنی یەپەگە، ئەوەش بووەتە مایەی نیگەرانی و بێزاریی ئەنکەرە.
ئەوەش لە کاتێکدایە دوای ئەوەی تورکیا چەند ئۆپراسیۆنێکی لە سنووری وڵاتەکەی بە ئاڕاستەی ناو خاکی سووریا لە دژی یەپەگە دەست پێکرد، دوای داگیرکردنی شاری عەفرین لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڕەشەی فراوانکردنی ئۆپراسیۆنی سەربازیی وڵاتەکەی کرد بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری منبج، ئەوەش مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی نێوان سوپای تورکیا و ئەمریکای لێدەکرا.
ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی تورکیا بۆ شاری عەفرین بووە مایەی زیانگەیاندن بە هاوپەیمانیی نێوان ئەنکەرە و واشنتۆن، جگە لەوەش ئەمریکا بەردەوام داوای دانبەخۆداگرتنی لە تورکیا دەکرد، چوونکە پێی وابوو فراوانکردنی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوخۆی سووریا، زیان بە بەرەی دژی داعش دەگەیەنێت.
Your Comment