ئه‌مه‌ریكا سزای ئابووری به‌سه‌ر 5 به‌رپرسی ئێرانیدا ده‌سه‌پێنێت

بەشی ئێران/ کوردی- له‌ به‌یاننامه‌یێكدا وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، ناوی 5 به‌رپرسی ئێرانییان خستۆته‌ لیستی ناوی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ بڕیاره‌ ئه‌مه‌ریكا سزای ئابووری و دارایی نوێیان به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت.

کوردپرێس- وه‌ك له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مه‌ریكادا هاتووه‌، به‌هۆی بوونی په‌یوه‌ندیی ئه‌و 5 كه‌سه‌ به‌ سوپای پاسدارانی ئێرانه‌وه‌، ناویان خراوه‌ته‌ لیستی سزادراوان.

ئه‌و پێنج كه‌سه‌ بریتین له‌: "مه‌هدی ئازه‌ربیشه‌، محه‌مه‌د جه‌عفه‌ری، مه‌حموود كازم ئابادی، جاوید شیر ئه‌مین و سه‌ید محه‌مه‌د تارانی" كه‌ سه‌رجه‌میان به‌رپرس و كه‌سانی نزیكن له‌ سوپای پاسداران.

پێشتر دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا كشانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی له‌ رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران راگه‌یاندبوو، كه‌ له‌ساڵی 2015 له‌نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 واژوو كرابوو و دووپاتی كرده‌وه‌، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ نه‌یتوانیوه‌ چالاكییه‌كانی ئێران بۆ ئاڵۆزكردنی سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌ بوه‌ستێنێت. هه‌روه‌ك راشیگه‌یاند، دوای كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌و رێككه‌وتنه‌ راسته‌وخۆ سزا لادراوه‌كانی سه‌ر ئێران ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و سزای نوێتریش به‌سه‌ر ئه‌و وڵاته‌دا ده‌سه‌پێنن.

دوێنێش مایك پۆمپیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ستراتیژییه‌تی نوێی ئیداره‌ی وڵاته‌كه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ 12 خاڵدا راگه‌یاند و دووپاتی كرده‌وه‌، ئه‌گه‌ر ئێران بیه‌وێت رێككه‌وتنێكی نوێی ناوه‌كی ئه‌نجام بدرێت، پێویسته‌ سه‌ره‌تا هێزه‌كانی له‌ سووریا و وڵاتانی دیكه‌ی ناوچه‌كه‌ بكشێنێته‌وه‌ و سه‌رجه‌م هاوكارییه‌كانیشی بۆ گروپه‌ تیرۆرستی و میلیشیاكان له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بوه‌ستێنێت.

News Code 14565

Your Comment

You are replying to: .
captcha