کوردپرێس- برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا ماوەی چەند ڕۆژێکە لە عێراق و هەرێمی کوردستانە و ئەمڕۆش لە سلێمانی لەگەڵ چوار لایەنی سیاسی ناڕازی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان کە ئەوانیش گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسى و دادپەروەرییە کۆبوەوە.
لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا یەکێک لە ئەندامانی شاندی کۆبوونەوەکەى گۆڕان ڕایگەیاند، سەرجەم ساختەکارییەکانی دەسەڵاتیان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق داوەتە نوێنەرەکەی ئەمریکا و نیگەرانی خۆیان پێگەیاندووە، ئەویش بەڵێنی داوە لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکاندا کاری جددی لەسەر سکاڵاکان بکەن.
بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی لە کۆبونەوەکەدا برێت مەکگۆرک بە ڕوونی داوای لە چوار لایەنەکە کردووە بچەنە بەغدا و بەشداری لە پرۆسەى سیاسییدا بکەن.
ئەندامێکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووش کە لە کۆبوونەوەکەدا بەشداربوو ڕایگەیاند، کۆدەنگییەکی گەورە لەسەر ئاستی عێراق دروستکراوە و ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە لەئارادایە، لەبەرئەوە نوێنەرەکەی ئەمریکا پێیباشبووە هیچ لایەنێکی کوردی بایکۆتی پڕۆسەی سیاسی عێراق نەکات.
بەپێی کۆتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ١٢ی ئایار، گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتوو و هاوپەیمانی دەبنە خاوەنی ١١ کورسی پەرلەمان و تا ئێستاش هیچکام لەو حزبانە بڕیاری کۆتاییان لەسەر بەشداریکردن یاخود بایکۆتکردنی پڕۆسەی سیاسی عێراق نەداوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی-ش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا یان کۆبیش نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ ئەم چوار لایەنەدا لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان و ئایندەی عێراق کۆدەبێتەوە.
سەرچاوە: ئێن ئاڕ تی
Your Comment