یه‌کێتی و پارتی بڕیار له‌سه‌ر کورسیه‌که‌ی د.یوسف ده‌ده‌ن

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- فراکسیۆنی پارتی له ‌په‌رله‌مانی کوردستان ڕوونکردنه‌وه‌ له‌باره‌ی پڕکردنه‌وه‌ی شوێنه‌که‌ی د.یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌دات له‌ دوای په‌سه‌ند کردنی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی و په‌رله‌مانتارێکی پارتیش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت "ئه‌گه‌ر 30ی 9ی 2018 ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان ئه‌نجام نه‌درێت دوای په‌سه‌ند کردنی ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی ئه‌وا یه‌کێتی و پارتی که‌سێکی دیکه‌ ده‌خه‌نه‌ شوێنه‌که‌ی."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، فه‌رحان جه‌وھه‌ر په‌رله‌مانتاری فراکسیۆنی پارتی له ‌په‌رله‌مانی کوردستان به ‌SNNی ڕاگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر د.یوسف سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان له به‌غدا ده‌ست به کار بێت وه‌ک په‌رله‌مانتار ئه‌وا له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی قبووڵ ده‌کرێت چوونکه‌ ناکرێت که‌سێک له ‌یه‌ک کاتدا دوو پله‌ی وه‌زیفی ھه‌بێت."

ناوبراو وتیشی: "چاوه‌ڕوان ده‌کرێت گۆڕان وه‌ک ئه‌وه‌ی خۆیان ڕایان‌گه‌یاندوووه‌ بایکۆتی پرۆسه‌ی سیاسی بکه‌ن له‌ عێراقدا ئه‌وکات د. یوسف ھه‌روه‌ک سه‌رۆکی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌مێنێته‌وه‌."

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد "خۆ ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان چوووه‌ به‌غدا و په‌رله‌مانتاره‌کانی ده‌ست به‌ کار بوون له‌ په‌رله‌مانی کوردستان ده‌ستله‌کارکێشانه‌وه‌که‌ی سه‌رۆکی په‌رله‌مان قبووڵ ده‌کرێت و دواتریش یه‌کێتی و پارتی کۆبوونه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌ده‌ن و که‌سێک بۆ سه‌رۆکی په‌رله‌مان دیاری ده‌که‌ن."

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی ڕوونکردنه‌وه‌ی زیاتری له‌وباره‌یه‌وه‌ ئاشکرا کرد و ته‌ئکیدی کرده‌وه‌ "ئه‌م بابه‌ته‌ش له ‌کاتێکدا یه‌کێتی و پارتی یه‌کلای ده‌که‌نه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان دوا بخرێت."

ته‌ئکیدیشی کرده‌وه‌ "ئه‌گه‌ر ھه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له ‌کاتی خۆیدا ئه‌نجام درا ئه‌وا ئه‌و پۆسته‌ وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه‌ تا خولی داھاتوو واته‌ پۆستی سه‌رۆکی په‌رله‌مان پڕ ناکرێته‌وه ‌و ھیچ که‌سێکی دیکه‌ بۆ ئه‌و پۆسته‌ کاندید ناکرێت."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14549

Your Comment

You are replying to: .
captcha