هۆشداری له‌ پیلانێکی هاوبه‌شی عێراق و تورکیا دژ به‌ په‌که‌که‌ له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌درێت

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- هۆشداری له ‌پیلانێكی هاوبه‌شی مه‌ترسیداری هه‌ر دوو حكوومه‌تی عێراق و توركیا بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش له ‌ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌ ده‌درێت و په‌رله‌مانتارێكی كوردیش له‌به‌غدا ئه‌و شه‌ڕه‌ به‌ دوور نازانێت و ڕاشی‌ده‌گه‌یێنێت: "كورد له‌وپه‌ڕی په‌رته‌وازه‌ییدایه‌."

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، محه‌مه‌د عوسمان ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ SNNی ڕاگه‌یاند: وڵاتانی ده‌وروبه‌ر ده‌ستی باڵایان هه‌یه‌ له ‌داڕشتنه‌وه‌ی به‌رنامه ‌و سیاسه‌تی عێراق به ‌جۆرێک به‌غدا هیچ ڕۆڵێكی نه‌ماوه‌ له‌ سیاسه‌تی ناوچه‌كه‌ و ئه‌گه‌ریشی هه‌یه‌ هه‌ماهه‌نگی و په‌یوه‌ندی پته‌و له ‌نێوان حكوومه‌تی عێراق و توركیا هه‌بێت بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بۆ سه‌ر ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێم و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی گه‌ریلاكانی په‌كه‌كه‌.

ناوبراو ئاشكراشی كرد: له ‌دوای ڕووداوه‌كانی ڕیفراندۆمه‌كه‌ی 25ی ئه‌یلولی 2017 پیلانه‌كانی به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ به‌و جۆره‌ بوووه‌ كه‌ له‌ دوای عه‌فرین و كه‌ركووک ئۆپه‌راسیۆنی هاوبه‌ش بۆ قه‌ندیل ئه‌نجام بده‌ن و ئه‌و پیلانگێڕییه‌ش ئێستا ماوه ‌و شێوازی جێبه‌جێ كردنه‌كه‌شی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هاوسه‌نگی هێز له ‌ناوچه‌كه‌دا.

به‌وته‌ی ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی عێراق چاوه‌ڕوان ده‌كرێت گۆڕانكاری گه‌وره‌ ڕوو بدات و ده‌شڵێت: "ده‌بێت كورد ئاماده‌كاری پێویستی هه‌بێت هه‌رچه‌ند به‌داخه‌وه‌ له ‌ئێستادا له‌وپه‌ڕی په‌رته‌وازه‌ییدایه ‌و ئه‌مه‌ش كێشه‌یێکی گه‌وره‌یه‌."

محه‌مه‌د عوسمان جه‌ختیشی له‌سه‌ر پیلانگێڕی عێراق و توركیا بۆ ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنی سه‌ربازی له‌ خاكی هه‌رێم كرده‌وه ‌و وتی: " ئه‌و ڕاستییه‌ ڕوونه‌ كه‌ وڵاتانی ده‌وروبه‌ر هه‌میشه‌ له ‌پیلاندان له‌ خاكی كوردستان."

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14460

Your Comment

You are replying to: .
captcha