بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەمید سەدیق عەلی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی سۆران رایگەیاند: "دەستیان بەسەر ئۆتۆمبێلێکدا گرتووە ماددەی هۆشبەری تێدا بووە، بەڵام شوفێرەکەی رای کردووە".
بەڕێوەبەری ئاسایشی سۆران لە کۆنگرەیێکی رۆژنامەڤانیدا وردەکاریی رووداوەکەی ئاشکرا کرد و گوتی: "کەسەکە بە شەو کەتووەتە نێو مەفرەزکانی ئێمە، کاتێک ئۆتۆمبێلەکەی راگرتووە، شوفێرەکە هەستی بە ترس کردووە و هەڵاتووە، ئۆتۆمبێلەکەش کەوتووەتە دەستی ئێمە. دوای دەستبەسەرداگرتنی و ئەنجامدانی پشکنین بۆی، دەرکەوتووە کە ماددەی هۆشبەری تێدا بووە".
عەمید سەدیق هەروەها گوتی: "ئەو کەسەی ماددە هۆشبەرەکانی هێناوە، لە تورکیاوە دەربازی ناوچەی بەرمیزە بووە، بازرگانێکی دیارە و خەڵکی سۆرانە، کەسوکارەکەشی لە سۆران دەژین، داواکاریشن خۆی رادەست بکات".
لە ماوەی مانگێکدا ئەمە سێیەم جارە دەست بەسەر ماددەی هۆشبەردا دەگیرێت، عەمید سدیق لەم بارەیەوە گوتی: "لە 17ی 4، 26ی4 و 18ی ئەم مانگە دەستمان بەسەر زیاتر لە 102 کیلۆ گرام هێرۆیندا گرتووە، هی ئەمجارە 38 کلیۆ و چەند گرامێک بوو".
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment