جڤاتى نیشتمانیى گۆڕان تاوتوێی كشانه‌وه‌ له‌ پڕۆسه‌ى سیاسیی عێراق ده‌كات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- ئه‌ندامێكى جڤاتى نیشتمانیى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ڕای‌گه‌یاند جڤاتى نیشتمانیى گۆڕان بڕیار ده‌دات كه‌ ئایا به‌شدارى له‌ پڕۆسه‌ى سیاسیى عێراق بكرێت یاخود نا.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، نزار مه‌حموود به‌ خه‌ندانى ڕاگه‌یاند: بڕیاره‌ له‌ چه‌ند ڕۆژى داهاتوودا جڤاتى نیشتمانىی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له‌سه‌ر چه‌ند پرسێک كۆ ببێته‌وه‌ له‌وانه‌ پرسى كشانه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌كه‌ له‌ پرۆسه‌ى سیاسىی عێراق.

ئاماژه‌ى به‌وه‌ش كرد له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باس له‌ پرسى هه‌ڵبژاردنه‌كانى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌و پێشیلكارییانه‌ ده‌كرێت كه‌ له ‌ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان هاتنه‌ئاراوه‌.

نزار مه‌حموود هه‌روه‌ها باسى له‌وه‌ش كرد یه‌كێک له‌ ته‌وه‌ره‌كانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ باس كردنى پرسى بایكۆت ده‌بێت له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ى دیكه‌ كه‌ ناڕه‌زایه‌تیی خۆیان له‌ ده‌رئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌بڕیوه‌ و‌ جۆرێک له‌ هاوپه‌یمانێتییان پێكهێناوه‌ بۆ له‌مه‌ودوا كارى پێكه‌وه‌ى ئه‌نجام بده‌ین و ‌چۆن به‌شدارى له‌ پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقدا بكه‌ن.

ناوبراو وتیشى: "ڕایێکی زۆرینه‌ش هه‌یه‌ پێى باشه‌ بایكۆتى پڕۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق بكرێت ئه‌وكات جڤاتى نیشتمانى بریار ده‌دات بایكۆت بكرێت یاخود نا".

12ی ئه‌م مانگه‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له ‌سه‌رتاسه‌ری عێراق و هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌ چوو و كاندید و قه‌واره‌كان كێبڕكێی به‌ده‌ستهێنانی 329 كورسی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقیان كرد.

به‌پێی ئه‌نجامه‌ فه‌رمییه‌كانی كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقدا جیاوازی زۆر له‌ ده‌نگی لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌ له‌ هه‌ر سێ پارێزگاكانی هه‌رێم و ده‌نگی شه‌ش لایه‌نی سه‌ره‌كیی هه‌رێم چوووه‌ بۆ چه‌ند هێزێكی دیكه ‌و هاوپه‌یمانی و گۆڕان و كۆمه‌ڵ و یه‌كگرتوو و بزووتنه‌وه ‌و شیووعی ڕای‌ده‌گه‌یێنن "به ‌شێوه‌یێكی چاوه‌ڕواننه‌كراو ئامێره‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كان ده‌نگه‌كانی هه‌ژمار كردوووه‌ و ئه‌نجامه‌كان پێچه‌وانه‌ بوونه‌ته‌وه‌".

هه‌فته‌ی رابردوو هه‌ر شه‌ش لایه‌نی هاوپه‌یمانی، گۆڕان، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، بزووتنه‌وه‌ و شیووعی دوای كۆبوونه‌وه‌یان بڕیاریان دا به‌ توندی كۆی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ڕه‌ت بكه‌نه‌وه ‌و داوایان كرد به‌ زووترین كات هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ دووباره‌ بكرێته‌وه‌.

ئه‌و شه‌ش لایه‌نه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كرد "ئه‌نجامه‌ به‌رایییه‌كان و كۆی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن به‌ ته‌واوی ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌هۆی زه‌وت كردنی ئیراده‌ی جه‌ماوه‌ری كوردستان و دزینی ده‌نگه‌كانیانه‌وه‌".

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14435

Your Comment

You are replying to: .
captcha