بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچيرڤان بارزانى لە پەیامەكەیدا داوای یەكڕیزی لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، هەروەها جەخت لەسەر دروست كردنی حكوومەتێكی هاوبەشی تازەی عێراقی دەكاتهوه بهپێى بنەمای تەوافوق و لەسەر بنچینەی هاوبەشییێكی كارای كورد وەک نەتەوەی هاوبەش لە عێراقدا.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی ئەو سەركەوتنە دیموكراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە، وتیشی: "ئەو سەرکەوتنە بەرهەمی خەباتی پارتی و بەرگريی پارتییە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی گەلی كوردستان و بەرهەمی خەباتی بەردەوامی مەسعوود بارزانی-یە لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستاندا".
نێچیرڤان بارزانی لە درێژەدا پیرۆزبایيی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد و وتی: هیوادارین ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە ببنە مایەی دروست بوونی پەرلەمان و حكوومەتێكی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا كە دەستوور جێبەجێ بكات و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و هەموو ئەو مافانەی هاووڵاتیانی عێراق كە لە دەستووردا هاتوون، دابین بكات. ئومێدەوارین ئەو هەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەک بۆ دروست كردنەوەیێكی نیشتمانیانەی هەموو دەزگا دەوڵەتی و حكوومییەكانی عێراق كە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن.
ناوبراو وتیشی: ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ كردنێكی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروست كردنی حكوومەتێكی هاوبەش كە تەوافوق و شهراكهت و پاراستنی بەرژەوەنديی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین هەموو كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بكەین.
سەرچاوە: ڕووداو
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment