لە چوارچێوی دەستووردا خوازیاری گفتوگۆی سازێنەر لەگەڵ بەغداین

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و سەركەوتنی لیستی پارتەکەی، پەیامی سەركەوتنی بڵاو كردەوە و پیرۆزبایی لە هەموو ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، نێچيرڤان بارزانى لە پەیامەكەیدا داوای یەكڕیزی لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، هەروەها جەخت لەسەر دروست كردنی حكوومەتێكی هاوبەشی تازەی عێراقی دەكاته‌وه به‌پێى بنەمای تەوافوق و لەسەر بنچینەی هاوبەشییێكی كارای كورد وەک نەتەوەی هاوبەش لە عێراقدا.

جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاماژەدان بەوەی ئەو سەركەوتنە دیموكراسییە گەورەیە لەو بارودۆخە هەستیارەدا بۆ پارتی زۆر واتادارە، وتیشی: "ئەو سەرکەوتنە بەرهەمی خەباتی پارتی و بەرگريی پارتییە لە قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئامانجەكانی گەلی كوردستان و بەرهەمی خەباتی بەردەوامی مەسعوود بارزانی-یە لە پێناو ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان و پاراستنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستاندا".

نێچیرڤان بارزانی لە درێژەدا پیرۆزبایيی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد و وتی: هیوادارین ئەنجامەكانی ئەو هەڵبژاردنە ببنە مایەی دروست بوونی پەرلەمان و حكوومەتێكی تازەی ئەوتۆ لە عێراقدا كە دەستوور جێبەجێ بكات و خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتیان دابین بكات و هەموو ئەو مافانەی هاووڵاتیانی عێراق كە لە دەستووردا هاتوون، دابین بكات. ئومێدەوارین ئەو هەڵبژاردنە ببێتەوە سەرەتایەک بۆ دروست كردنەوەیێكی نیشتمانیانەی هەموو دەزگا دەوڵەتی و حكوومییەكانی عێراق كە ڕەنگدانەوەی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بن.

ناوبراو وتیشی: ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ كردنێكی بنیاتنەرانە لەسەر بنچینەی دەستوور بۆ دروست كردنی حكوومەتێكی هاوبەش كە تەوافوق و شه‌راكه‌ت و پاراستنی بەرژەوەنديی هەموو پێكهاتەكانی عێراق بكاتە بنچینەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات و كاروباری عێراق، بەو شێوەیەش دەتوانین هەموو كێشەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالیی عێراق چارەسەر بكەین.

سەرچاوە: ڕووداو

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 14398

Your Comment

You are replying to: .
captcha