بهپێی ههواڵی کوردپرێس، پەیامێک لە سەرۆک بارزانی بۆ ڕای گشتی
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری خۆشەویستی كوردستان
ئێستا كە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كراوە، دۆخێكی تازە هاتۆتە ئاراوە. هیوادارم هەولێر و بەغدا دوور لە دەمارگیری و گرژی، پێداچوونەوەیێكی نوێ بە پەیوەندییەكانیاندا بكەن و ئەو هەڵبژاردنە دەستپێكی قۆناغێكی تازە بێت بۆ هەر دوو لا.
هۆكاری سەرەكیی هەموو گیروگرفتەكانی پێشوو و بڕیاری گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەگەڕێتەوە بۆ پابەندنەبوونی حكوومەتی بەغدا بە دەستوور و لە دیباچەی دەستووریشدا بە ڕوونی هاتوووە كە "إنّ الالتزام بهذا الدستور یحفظُ للعراق اتحاده الحر شعبا وأرضاً وسیادةً". ئەمە ئاماژەیێكی زۆر ڕوونە كە عێراق لە یەكێتییێكی ئارەزوومەندانە پێكهاتوووە و بەم پێیە ڕیفراندۆم و مافی دیاری كردنی چارەنووس مافێكی دەستووری و سرووشتیی گەلی كوردستانە.
پێویستە دوای سەد ساڵ ئەزموونی پڕ لە كارەسات ئەو قەناعەتە لە بەغدا دروست ببێت كە چیتر دژایەتیی مافەكانی گەلی كوردستان نەكەن و لە دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان تێبگەن. ئێستا دەرفەتێكی باشە كە لایەنە باڵادەستەكانی عێراق بەو ڕۆح و هەڵوێستەی كە دەستووری لەسەر بنیات نراوە مامەڵە لەگەڵ ماف و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بكەن. پێویست بوو حكوومەتی بەغدا كار بۆ قەرەبووكردنی گەلی كوردستان بكات نەک ئەوەی ئابڵۆقەی بدات و سزای بەكۆمەڵی بەسەردا بسەپێنێت. حكوومەتی عێراق دەبێ قەرەبووی ئەنفال و كیمیاباران و وێران كردنی دێهاتەكان و ئاوارەكردنی خەڵكی كوردستان بكات كە لە قۆناغەكانی پێشوودا و لەم دواییانەش لە كەركووک و دوز و شوێنەكانی تر دژی گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.
ئێمە پێمان باشە كە بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەردەوام بین هەتا دەگەینە ئەنجامێک. هەرگیز بژاردەی ئێمە بژاردەی شەڕ نەبوووە. بە داخەوە هەمیشە و لە هەموو قۆناغەكانی ڕابردوو ئەوە بەغدا بوووە كە شەڕی هەڵبژاردووە و ئێمەیش بەرگریمان كردوووە بە ڕووداوەكانی دوای 16ی ئاکتهوبریشەوە. كەچی هەمیشە و بەر لە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆمیش ڕامان وا بوووە گرفتەكان دوور لە توندوتیژی چارەسەر بكەین و پەیوەندیمان لەگەڵ بەغدا ئاشتیانە بێت. لەگەڵ ئەوەیشدا ئەو واقعەی كە بە زۆری چەک و خۆسەپاندن لە كەركووک و ناوچە كوردستانییەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دروست بوووە پێویستە كۆتایی بێت و مێژوو سەلماندوویەتی كە .. بەڵێ، ئەم خۆ ناچەمینین.. و بە زمانی چەک و زۆر لەدژی گەلەكەمان، ئیرادەی گەلی كوردستان هەرگیز نەشكاوە و ناشكێت.
لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانیش هەندێ نیگەرانی و گومان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ئەنجامەكانیدا هەیە. بۆ نەهێشتنی گومان و ناڕەزاییەتەكان پێویستە كۆمیسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنی عێراق هەنگاوی پێویست بنێت بۆ ڕەواندنەوەی گومانەكان و قەناعەت بۆ لایەنە ناڕازییەكان دروست بكات.
گەلی كوردستان قوربانیی بێ هەژماری داوە و ئەو دەستكەوتانەی ئێستا هەن بە خوێنی هەزاران شەهید هاتۆتە ئاراوه. ئێستایش كە قۆناغێكی تازە لە ئارادایە و هەڵبژاردن كراوە و بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدەكانمان بەفیڕۆ نەچێت و دەستكەوتەكان بپارێزرێن، پێویستە لایەنە كوردستانییەكان بەرژەوەندیی نیشتیمانی بخەنە پێشەوەی بەرژەوەندیی حزبی و هەموو لایێک پێكەوە بن و بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستان نەكەنە قوربانیی هەندێ دەستكەوتی كاتی و سیاسیی و حزبی. دەبێ لەوە تێبگەن كە ئەگەر كوردستان هەموو یەكدەنگ بێت دەتوانرێ دەستكەوت و مافەكان بپارێزرێن و ئەگەر پەرتەوازە بین ئەوە كوردستانیش لاواز دەبێت. هەموو ئەزموونەكان پێمان دەڵێن كە ئەگەر پێكەوە بین، كاری گەورە و دەستكەوتی گەورە دێتە دی و ئەگەریش پەرتەوازە بین دۆزی ڕەوای گەلەكەمان زیان دەبینێت و پاشەكشە دەكات و ڕەنج و قوربانیدانی گەلی كوردستان بەفیڕۆ دەچێت. هەر بۆیەش داوا دەكەم لایەنە كوردستانییەكان ئەمجارە لە بەغدا پێكەوە بن و یەكڕیز بن.
لە كۆتاییدا سوپاسی ئەندام و كادیر و لایەنگران و دۆستانی پارتی و هەموو ڕۆڵە دڵسۆزەكانی گەلی كوردستان دەكەم كە نەیانهێشت حەزی نەیاران و ناحەزان بهێتە دی.
سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدە نەمرەكانمان
سڵاو بۆ پێشمەرگە قارەمانەكان
مسعوود بارزانی
19ی 5ی 2018
کۆدی ههواڵنێر: 60104
Your Comment