کوردپرێس- عێراق وڵاتێکی دەستکردی زلهێزەکانە و شۆناسی نیشتمانی و هەستی هاوبەشی هاونیشتمانیبوون لە نێوان سێ قەبارەی سەرەکیدا دروست نەبووە. سنووری جوگرافیاییی عێراق میراتی شەڕی یەکەمی جیهانی و ڕووخانی ئیمپراتووریی عوسمانییەکانە کە شۆناسی نەتەوەیی و حوکمڕانیی نیشتمانیی تێدا ڕەچاو نەکراوە و لەبەر فرە لایەنیی قەومی و ئایینزایی بەردەوام ساحەی ململانێ و لێکترازان و ناکۆکیی نێوان قەومییەت و ئایینزاکان بووە. چوونکە هەر یەکەو لەو قەوم و ئایینانەی عێراق بەدەوام هەوڵی بەدەستهێنانی خاک و دەسەڵاتی زیاتریان داوە و حکوومەتی ناوەندیش لە ترسی ئەوەی قورسایی جیۆپۆلەتیکیی لایەنەکان و بەتایبەت کورد زیاد نەکات و دەستیان بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە نەگات خۆی بواردووە لەوەی کێشەی لایەنە سەرەکییەکان بۆ نموونە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان بە گشتپرسی یەکلا بکاتەوە.
قووڵترین بۆشایی ئەم 16 ساڵی حوکمڕانیی عێراق پاش ڕووخانی سەدام نەبوونی دەوڵەتێکی نیشتمانیی بەهێزە کە بتوانێت قەبارە جیاوازەکان لە دەور یەک کۆ بکاتەوە و لانی کەم بەرژەوەندی و ئارمانجی نیشتمانی بکاتە ئەجێندای قەبارە سەرەکییەکانی عێراق. دیارە لە ئەساسدا پێدەچێت بەئەنجام گەیاندنی ئەو پرسە مومکین نەبێت چوونکە بنەما و فاکتەرەکانی دەوڵەتی نیشتمانی لە عێراقدا زۆر کەمڕەنگە. چوار فاکتەری سەرەکیی زمان، دابونەرێت و کەلتوور، خاک و میراتی مێژوویی لە هەر سێ تەشکی سیاسیی سەرەکیی عێراق (عەرەبی شیعە، عەرەبی سوننە و کورد) جیاوازیی زۆریان هەیە و یەکگرتنیان زۆر زەحمەت دەنوێنێت. ئەوەی کورد پێداگریی لێدەکات ڕەهەندە قەومییەکانە و ئەوەی عەرەب لای گرینگە ڕەهەندی ئایینی و ئایینزاییە.
کورد لە باری شۆناسی نەتەوەیی و زمانی و کەلتووری و میراتی مێژوویییەوە جیاوازیی زۆری لەگەڵ عەرەب هەیە و لە ماوەی 16 ساڵی پاش ڕووخانی سەدامدا ئەو جیاوازییە لە شێوازی سیاسەت کردنی کورددا ڕەنگی داوەتەوە. نموونەی کەلێنی نێوان کورد و عەرەب لەو ماوەیەدا ئەوە بوو کورد لە بەغدا بڕوای بە شەراکەت نەما و مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی ئەو دەمی هەرێمی کوردستان چەندین جار دووپاتی کردەوە کە عەقڵییەتی بەغدا بڕوای بە لامەرکەزییەت نییە و بنەمای شەراکەت و سیستەمی بنکە فراوان لە دەوڵەتی فیدراڵدا نەماوە. هەر بۆیەش لە سەرووی دەسەڵاتی کوردییەوە و بەناوی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ڕێبازەکەی خۆیان گۆڕی و هەوڵیان دا هەموو ڕەهەندە ئابووری و سیاسی و ئەمنییەکان لە دەوڵەتی مەرکەزی جیا بکەنەوە و پاشان بە ڕیفراندۆمەکەی 25ی ئەیلوول ویستی جێبەجێ کردنی ئەو ئیرادەیەیان بە ڕوونی پیشان دا و ئەوەش گرفتی نێوان بەغدا و هەولێری قووڵتر کردەوە. کورد بە فیدراڵییەت ڕازی نەبوو و داوای دەسەڵاتی زیاتری دەکرد و ئەو داوایەشی بە مافی ڕەوای خۆی دەزانی بەڵام بەغدا ئەوەی بە مەترسی زانی کە هەڕەشە لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەکات. بۆیە بەکرداری چەند بڕیارێکی دژ بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکرد و کوردی ناچار کرد لە پێوەندییەکانیدا تەنەزول بکات و جارێکی تر ڕوو بکاتەوە بەغدا.
لە پاش ڕووخانی بەعسەوە وڵاتی عێراق پێی نایە قۆناغێکی نوێی سیستەمی حوکمڕانی و دوو بلۆکی قەومییەت و ئایینزا دەسەڵاتیان بە سەردا دابەش کرا و کوردیش توانیی لەو هەلەی بۆی ڕەخسا کەڵک وەربگرێت و هەندێک لە داواکانی خۆی لە دەستووری نوێی عێراقدا بچەسێنێت و بەو پێیەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێک هێنرا. ڕاستییەکەی کۆمەڵگای کوردستانی عێراق ئەوەیە کورد لە هەرێمی کوردستان وەکوو عێراقی خۆی ناباتە پێشەوە و تەنانەت لە هەندێک ناوچەدا کە نەتەوەخوازیی کوردی تینی زیاترە تاکی کورد بێز دەکات بڵێت عێراقیم. لەو نێوانەدا تاکە نیشانەی حکوومەتی ناوەند کە لە نێو کورد و لە هەرێمی کوردستاندا دەبینرێت دیناری عێراقییە کە ئەوەش تا ئاستێکی سنووردار مامەڵەی پێوە دەکرێت و کە لەو ئاستە تێپەڕی خەڵکی ناوچە کوردنشینەکان حەز دەکەن بە دۆلاری ئەمریکی ئیشەکانیان ڕاپەڕێنن. بۆیە دروستبوونی پێوەندیی نێوان ئەو دوو ڕەهەندە کە 180 پلە لێک دوورن ئەگەر مەحاڵ نەبێت لانی کەم زۆر زەحمەت دەبێت.
لەم نێوانەدا هەژموونی و دەسەڵاتی وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزانی جیهان کارتێکەر دەبێت لە پێکهێنانی جومگەکانی دەسەڵاتی بەغدا. بۆیە ئەگەر خوێندنەوەیێکی ئاسایی بۆ ڕەوتەکە بکرێت جێگەی پەنجەی ئەو دەسەڵاتانەش بە سیستەمی حوکمڕانیی بەغداوە دەبینرێت. بەتایبەت وڵاتانی ناوچەکە و لە سەرووی هەموویانەوە ئێران و لە لایێکی دیکەشەوە سعوودیە و ئەمریکا. دیارە ئێران ئەگەر مافی دەستێوەردانی نەبێت لانی کەم مافی ئەوەی هەیە کە بزانێت کام لایەن و تەشکی سیاسی لە بەغدا دەسەڵات دەگێڕێت. ئەوەش لە بەر پێنج هۆکار:
یەکەم ئەوەی جەمسەرێکی سەرەکیی دەسەڵات لە عێراقدا ئایینزایە. عەرەبی شیعە کە زۆرینەی جەماوەری عێراق پێک دەهێنن و ئێستاش لە سەرووی لیستەکانی هەڵبژاردنی پەڕلەمانی عێراقەوە دەبینرێن لە باری ئایینزاوە خزمایەتیی نزیکیان لەگەڵ دەسەڵاتی حوکمڕانیی ئێران هەیە و ئەگەرچی عەرەبی شیعەی عێراق تووشی لێکترازان و ڕاجیاوازی بوون بەڵام لە ئەنجامدا بنەمای ئیعتقادیی قەبارە شیعەکان ڕەوتەکە یەکلا دەکاتەوە و نێوەندگیریی ئێرانیش لەو پڕۆسەیەدا دەوری کاریگەر دەبینێت.
دووهەم ئەوەی کورد وەکوو قەبارەیێکی دەستووریی عێراق کە خاوەن قورساییە لە بەغدا و شوێندانەر دەبێت لە پێکهێنانی حکوومەتی ئایندەی عێراق لە باری کەلتووری و میراتی مێژوویی و داب و نەریتەوە پێوەندیی قووڵی لەگەڵ ئێران و کوردەکانی ئەو وڵاتە هەیە و ئەو پێوەندییەش فاکتەرێکی سەرەکییە بۆ دروست بوونی کۆدەنگی و تەبایی سیاسی.
سێهەم ئەوەی عێراق دراوسێی نزیکی ئێرانە و ئەو دوو وڵاتە خاوەن 1458 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشن کە هەر لە شەتولعەرەبەوە هەتا باکووری ئێران و چیای داڵامپەر درێژ دەبێتەوە کە دەکەوێتە سنووری ئێران و تورکیا و عێراق. ئەوەش 5 پارێزگای ئێران دەگرێتەوە و لەباری ئابووری، ئەمنی، کەلتووری و سیاسییەوە بەردەوام تەوەرێکی سەرەکیی سیاسەتی دەرەوەی ئێران بووە.
چوارەم ئەوەی ئێران بۆ ماوەی 8 ساڵ لە هەشتاکاندا (1980-1988) گیرۆدەی شەڕی سەپاوی عێراق بوو و تێچوو و قوربانیی زۆری تێدا سەرف کرد و هەرگیز ڕازی نابێت جارێکی تر بە هەر ناوێکەوە بێت هەڕەشە و مەترسی لە سەر سنوورەکانی دروست ببێت نەخوازەڵا لەم قۆناغە هەستیارەدا کە عێراقی پێکراو، شەڕی داعشی تێپەڕاندووە و ئێرانیش بەهێزی نیابی و یارمەتیی سەربازی دەوری بووە لە نەمانی هەڕەشەی تیرۆر و لە لایێکی دیکەشەوە پێکهێنانی سیستەمی حکومڕانیی داهاتووی عێراق بۆتە پاساو بۆ هەبوونی ئەمریکا و سعوودیە لە ناوچەکە.
پێنجەم ئەوەی ئێران لەگەڵ عەرەبی شیعەی عێراقی خزمایەتیی ئایینزاییی هەیە و کوردیش خزمی لە مێژینەی کەلتووری و مێژوویی و زمانیی ئێرانە بۆیە وڵاتی ئێران دەتوانێت ببێتە خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو دوو پێکهاتە سەرەکییەی عێراق کە لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەڕلەمانیشدا ڕکابەرییێکی نزیکیان بوو و هەردوو لایەن بەشداری سەرەکیی حکوومەتی داهاتووی عێراق دەبن.
*بەشی کوردیی کوردپرێس
Your Comment