بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شەش لایەنەكە، كە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و حیزبی شیوعی پێكهاتوون، لەسەر ئاستی سەركردایەتی ئەمڕۆ پێنج شەممە لەشاری سلێمانی كۆ دەبنەوە.
كۆبوونەوەكە بۆ تاوتوێ كردنی ئەو بژاردانەیە، كە لەبەر دەمیانە، بۆ ئەوەی وەک دەربڕینی هەڵوێست لەسەر ناڕازاییەكانیان رایبگەیێنن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لایەنەكان دوای تاوتوێ كردنی بژاردەكان، لەسەر یەكێک لە بژاردەكان یەكلا دەبنەوە و بڕیار لەو بارەوە دەدەن، كە بژاردەكان خۆی لە چەند خاڵێک دەبینێتەوە.
رۆژی 12ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی عێراق بەرێوەچوو، كە ئەنجامی هەڵبژاردنەكە ئەو لایەنانەی نیگەران كردووە و ناڕازین بەوەی دەستكاری ئەنجامی هەڵبژاردن كراوە، ئەوەش لەرێگەی ئەنجامدانی "ساختەكاری".
بژاردەكانی لایەنەكان بریتین لەگرتنە بەری رێكاری یاسایی لەبەران و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق و ئەو لایەنانەی "ساختەكاری"یان كردووە، هەروەها دەربڕینی ناڕازایی لە رێگەی جووڵاندنی شەقام و بایكۆت كردنی پرۆسەی سیاسیی عێراق.
سەرچاوە: شارپرێس
کۆدی هەواڵنێر: 60113
Your Comment