ئەگەر بڕینی مووچه‌ به‌رده‌وام بێت خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری دەست پێدەکاتەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- سه‌رۆکی جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ مانگی داهاتوه‌وه‌ ئەگەر بڕینی مووچه‌، به‌رده‌وام بێت خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری دەست پێدەکاتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاسوار عه‌بدولواحید سه‌رۆکی جووڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک رایگه‌یاند: "پێویسته‌ ئه‌م مانگه‌ دوایین مانگ بێت که‌ 21%ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ده‌بردرێت، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ له‌ مانگی داهاتوه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ترمان ده‌بێت و له‌ نێو هه‌ڵوێسته‌کانیشدا ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی خۆپیشاندانی سه‌رتاسه‌ری ئه‌گه‌ری سه‌ره‌کی ده‌بێت".

ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد، "داوا له‌ په‌رله‌مانتارانی نه‌وه‌ی نوێ و هه‌رچی په‌رله‌مانتاری ئازای ناو په‌رله‌مان ده‌کات، هه‌ڵوێستی جدیان هه‌بێت و ئه‌مه‌ قبووڵ نه‌که‌ن، ناکرێت نرخی نه‌وت به‌م به‌رزییه‌ و داهات به‌م زۆرییه‌، که‌چی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ لێبڕینه‌وه‌ دابه‌ش بکرێت".

شاسوار عەبدولواحید ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، "ئه‌وه‌ی له‌ ئێستادا هه‌یه‌، ئه‌وه‌یه‌ که‌ داهاتی مانگانه‌ دوو هێنده‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌ به‌ بێ لێبڕینه‌وه‌، ئیتر چۆن تا ئێستا بابه‌تی لێبڕینی مووچه‌ هێشتا به‌رده‌وامه‌؟".

شاسوار عه‌بدولواحید وتیشی: "ئه‌گه‌ر شتێک هه‌یه‌ ئێمه‌ و خه‌ڵک نایزانین، ئه‌وا پێویسته‌ ده‌ست به‌جێ حکوومه‌ت روونکردنه‌وه‌ بدات، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ هه‌ڵوێستی ئێمه‌ و خه‌ڵکی کوردستان له‌ مانگی داهاتوه‌وه‌ جۆرێکی تر ده‌بێت".

کۆدی هەواڵنێر: 60113

News Code 1430

Your Comment

You are replying to: .
captcha