کۆمیسیۆن ئاماده‌کاری بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌کات

به‌شی عێراق و هه‌رێمی کوردستان- کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌رێم ماوه‌ی سێ ڕۆژه‌ ئاماده‌کاری بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ده‌کات و کۆمیسیۆنیش ڕای‌ده‌گه‌یێنێت لایه‌نه‌ سیاسه‌کان ده‌توانن بڕیار بده‌ن ده‌نگه‌کان به ‌ده‌ست هه‌ژمار بکرێت یان به‌ ئه‌لیکترۆنی.

به‌پێی هه‌واڵی کوردپرێس، له‌وباره‌یه‌وه‌ شیروان زرا وته‌بێژی کۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌ڕێم به‌ ئێن ئاڕ تی ڕاگه‌یاند: دوای ئه‌وه‌ی به‌ فه‌رمی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ ئاگاردار کرانه‌وه‌ که‌ ٣٠ی ئه‌یلوول هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت ماوه‌ی سێ ڕۆژه‌ له‌ کۆبوونه‌وه‌داین بۆ ئاماده‌کاریی هه‌ڵبژاردنه‌کان.

ناوبراو ئه‌وه‌شی ڕاگه‌یاند: ئه‌مڕۆ خشته‌ی ئاماده‌کاریی هه‌ڵبژاردنه‌کانی هه‌رێم دیاری کراوه‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆکی کارگێری هه‌ڵبژاردنی هه‌رێم و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیارانیشه‌وه‌ گفتوگۆی تێر و ته‌سه‌ل کرا له‌سه‌ر شێوازی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌کان له‌ هه‌رێم.

شیروان زرا ئاماژه‌ی به‌وه‌ش کرد گفتوگۆکان له‌سه‌ر بابه‌تی ماوه‌کان و کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن و کاتی تۆماری قه‌واره‌ سیاسییه‌کان و پاک کردنه‌وه‌ی تۆمار و ماوه‌ی نوێ کردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران بوووه‌.

ناوبراو ئه‌وه‌شی خسته ‌ڕوو ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیارانه‌وه‌ به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ ته‌واوی ئه‌و گفتوگۆ و پێشنیارانه‌ په‌سه‌ند ده‌کرێت و ده‌بێته‌ خشته‌ی کۆتایی بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی کوردستان.

وته‌بێژی کۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسیی هه‌ڕێم وتیشی: ته‌نها هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان کوردستان ئه‌نجام ده‌درێت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌وه‌ بڕی ١٠ ملیار دینار وه‌ک قۆناغی سه‌ره‌تایی له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ بۆ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان ته‌رخان کراوه‌ و وا بڕیاریشه‌ له‌ قۆناغه‌کانی‌تردا بودجه‌ی زیاتر بۆ پرۆسه‌که‌ ته‌رخان بکرێت بۆ ئه‌وه‌ی کۆمیسیۆن کاره‌کانی له‌ کاتی خۆیدا جێبه‌جێ بکات.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش کرد هه‌رچه‌ند پێشتر وه‌ک ئه‌نجومه‌نی کۆمیسیاران بڕیاری ئامێری ئه‌لیکترۆنییان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌کان په‌سه‌ند کردوووه‌ به‌ڵام له ‌دوای تانه‌لێدانی لایه‌نه‌کان له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق جارێکی‌تر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ کۆ ده‌بنه‌وه و‌ بڕیاری کۆتایی ده‌ده‌ن و له‌ هه‌مان کاتیشدا ڕا و سه‌رنجی هه‌موو لایه‌نه‌کانیش وه‌رده‌رگرن له‌سه‌ر پرۆسه‌که‌ که‌ ئایا به‌ ده‌ست ئه‌ژمار بکرێت یان به‌ ئه‌لیکترۆنی.

کۆدی هه‌واڵنێر: 60103

News Code 14290

Your Comment

You are replying to: .
captcha