بەپێی هەواڵی کوردپرێس دوای کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیرانی دەرەوەی ئێران و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا، موگیرینی وتی بەرپرسە بەشدارەکانی ڕێکەوتنەکە شارەزایانیان ڕاسپاردووە بۆ پاراستنی کارەکانی ئەورووپا لە ئێران. هەفتەی داهاتووش کۆبوونەوەیێک لە ڤییەنا لە سەر ئاستی نوێنەرانی وەزیرانی دەرەوە ئەنجام دەدرێت.
ناوبراو وتیشی " ئێمە کار دەکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کرداری، ئێمە باس لە کۆمەڵێک چارەسەر دەکەین بۆ پاراستنی ڕێکەوتنەکە." وتیشی ئەو ڕێوشوێنانە هەوڵدەدەن ڕێگە بە ئێران بدەن بەردەوام بێت لە هەناردەکردنی نەوت و ڕێگە دەدات بە بانکە ئەورووپییەکان تاوەکوو لە ئێران کار بکەن.
جێی ئاماژەیە ڕۆژی سێشەممە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئێران و ئەڵمانیا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا کۆبوونەوەیێکیان ئەنجام دا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر چۆنێتیی ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران دوای ئەوەی ئەمەریکا لە ڕێکەوتنەکە کشایەوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران محەمەد جەواد زەریف وتی " ئێمە لەسەر ئاڕاستەیێکی ڕاستین، زۆر شت هەیە لەسەرمان لە هەفتەکانی داهاتوودا دەبێت ئەنجامیان بدەین."
Your Comment