بەپێی هەواڵی کوردپرێس محەمەد باقر نەوبەخت وتەبێژی کابینەکەی ڕۆحانی لە پرێس کۆنفڕانسی حەفتانەی خۆیدا وەڵامی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێرانی دایەوە کە وتبوویان دەبێت ڕۆحانی بەبۆنەی ڕێککەوتنی سەقەتی ئەتۆمییەوە داوای لێبوردن لە گەلی ئێران بکات.
وتەبێژی سەرۆک کۆماری ئێران لەو لێدوانەی خۆیدا وتوویەتی: "ناچارمان مەکەن ئەوەی نابێت بوترێت بیدرکێنین چوونکە ئێستان کاتی ئەوە نییە مێشکی دیپڵۆماتکارە ئێرانییەکان لەو قسە و باسانەوە پڕ بکەین چوونکە ئێستا سەرقاڵن بە سیاسەتی جیهانییەوە. بۆیە جگە لە بەرژەوەندیی نیشتمانی نابێت تەرکیز لە سەر هیچی تر بکەین."
نەوبەخت ئەوەشی زیاد کرد: "ئەگەر دەوڵەت لەبارەی پرسی ئەتۆمییەوە هیچی نەکردبا بێ گومان مێژوو حوکمی لە سەر دەداین. ئێمە بەو ڕێککەوتنە سەلماندمان کە چالاکیی ئەتۆمیی ئێران بۆ بەرهەم هێنانی چەکی ئەتۆمی نییە و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکییش ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە. بۆیە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران (بەرجام) هەوڵێکی دیپڵۆماسییانەی دروست و بەجێ بوو کە دەوڵەت گەیاندیە ئەنجام. ئینجا هەندێک شتیش هەن کە بۆ وتن ناشێن داوا دەکەم ناچارمان مەکەن ئەوەی بۆ وتن ناشێت بیدرکێنین. چوونکە ئێمە دەبێت تەنها بیر بەرژەوەندی و سوودی نیشتمانی بکەینەوە نەک هەل بۆ دوژمنان و نەیارانمان بڕەخسێنین."
نەوبەخت ئەوەشی نەشاردەوە کە ئەگەر بەرژەوەندی و سوودی گەلی ئێران دابین نەکرێت لە ڕێککەوتنەکە ئەتۆمییەکە دەکشێنەوە و دەست دەکەنەوە بە پیتاندنی ئوورانیۆم لە هەر ئاست و ڕێژەیێک کە بە پێویستی بزانن.
وتەبێژی دەوڵەتی ئێران ئەوەشی وەبیرهێنایەوە کە ڕێبەری باڵای ئێران چەندین جار بەنازناو و سیفاتی باش ناوی بەرپرسە دیپڵۆماتکارەکانی ئێمەی هێناوە و هیچ هەڵەیێکیان لە بەئەنجام گەیاندنی ڕێککەوتنەکەدا نەکردووە و بێگومان مێژوو دواتر ستایشی ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران دەکات بەبۆنەی ئەو بوێرییە و ئەو خزمەتەی بە گەلی ئێران کردی.
پاش ئەوەی ڕۆژی سێشەممە 8ی ئایار دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی واشەنتۆن لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەکی دەرکرد کاردانەوەکان بە فراوانی هاتنە ئاراوە و لە چەقی هەڵوێست نواندن و کاردانەوەکاندا وڵاتی ئێران لە ئاستی باڵا هاتە دەنگ و سەرۆک کۆماری ئێران بە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەی ڕاسپارد لە ماوەیێکی کورتدا هەڵوێست و ڕای دیکەی لایەنەکانی واژۆکاری ئەو ڕێککەوتنە تاقی بکاتەوە و ئەگەر بە ئاشکرا بەرژەوەندی و سوودی ئێرانی تێدا نەچەسپا ئەوا ئێرانیش پێبەند نابێت بە ڕێککەوتنەکە و ئامادەیە بە بێ سنوور و لە ئاستی فراواندا دەست بکاتەوە بە پیتاندنی ئوورانیۆم.
شیاوی ئاماژەیە ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران لە بەیاننامەیێکدا تانەی لە دەوڵەتی حەسەن ڕۆحانی دابوو بە بۆنە بە ئەنجام گەیاندنی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی 5 کۆ یەک و ئەو ڕێککەوتنەی بە ڕێککەوتنێکی سەقەت وەسف کردبوو وتبووی دەبێت ڕۆحانی بە بۆنەی ئەو ڕێککەوتنە سەقەتەوە داوای لێبوردن بکات. هەر لەو بارەیەشەوە دەوڵەتی ئێران لە بەیاننامیێکدا وەڵامی ئەنجومەنی شارەزایانی ئێرانی دابوویەوە وتبووی ئەوانەی بە بۆنەی هەڵوێست نواندنی هەڵەی خۆیانەوە دەبوو داوای لێبوردنیان لە گەل کردبا ئێستا بە ئێمە دەڵێن داوای لێبوردن بکەین.
Your Comment